ئیسرائیل: ئێران لەکۆتایی ئەمساڵدا یۆرانیۆمی پێویستی دەبێت بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی

- 1/14/2020 8:36:00 PM 1511 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-


دەزگای هەواڵگری سوپای ئیسرائیل پێیوایە لەکۆتایی ئەمساڵدا ئێران یۆرانیۆمی پێویستی دەبێت بۆ دروستکردنی کڵاوەی ئەتۆمی.
کۆتایی ئەمساڵ کۆماری ئیسلامی ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراوی پێویستی بۆ دروستکردنی کڵاوەی ئەتۆمی دەبێت

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هائارتزی ئیسرائیلی، ئەمرۆ سێشەممە سوپای ئیسرائیل رایگەیاندوە، خەمڵاندنی دەزگای هەواڵگری بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایانە، ئاماژە بەوەدەکات کە کۆتایی ئەمساڵ کۆماری ئیسلامی ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراوی پێویستی بۆ دروستکردنی کڵاوەی ئەتۆمی دەبێت.
سوپای ئیسرائیل پێیوایە ئێران موشەکی پێویستی نیە کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەبێت

ئەمە لەکاتێکدایە، سوپای ئیسرائیل پێیوایە ئێران موشەکی پێویستی نیە کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەبێت.

پاش کشانەوەی ئەمریکا لەرێککەوتنە ئەتۆمییەکەی 2015-ی نێوان ئێران و وڵاتانی کاریگەری جیهان، کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بەچەند قۆناغێک کشانەوەی تەواوەتی خۆی لە رێککەوتنەکە راگەیاندو لەدواین هەنگاودا ئاماژەی بەوەکرد کە هیچ سنورێک نەماوە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم.

لەدواین پێشهاتیشدا، هەریەک لەفرەنسا و بریتانیا و ئەڵمانیا کە ئەندامی کارای رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێرانن، ئاماژەیان بەوەکرد، ئەوان پشتیوانی ئەمریکا ناکەن لەهەڵمەتی سەپاندنی زۆرترین فشاری ئابوری بەسەر ئێراندا، لەهەمان کاتدا رێگەنادەن ئێران پابەندبونەکانی بەرێککەوتنەکە کەمکاتەوە.
 
لەبەیاننامەکەدا هاتوە، ئەوان رێگەنادەن بەوەی ئێران سەرپشکبکرێت لەپابەندبونی بەرێکارەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی جیهانی.

دەشڵێن، " هیچ رێگەیەکی تریان بۆ نەماوەتەوە جگەلە خستنەروی ئەو پرۆسەیەی کە دواجار لەئەگەری پابەندنەبوندا سەردەکێشێت بۆ سەپاندنی سزا لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە." 

لەبەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەوان پێشتر ئەو وڵاتانەیان لەهەنگاوەکانیان لەبارەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە ئاگادارکردۆتەوە.

رۆژی 6-ی ئەم مانگە ئێران قۆناغێکی دیکەی پابەنەبونی بەرێککەوتنە ئەتۆمییەکە رایگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، چیتر هیچ سنورێک نەماوە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و ئەوەندەی بیانەوێت لەئاست و بڕی یۆرانیۆم دەیپیتێنن.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP