خەزعەلی داوادەكات بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان گەل هەڵوێستی هەبێت

- 1/14/2020 8:04:00 PM 1932 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمینداری گشتی دەستەی چەكداری عەسائیبی ئەهلی حەق داوا لە گەلی عێراق دەكات، بە مەبەستی كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە وڵات، هاوهەڵوێست و یەكدەنگ بن.

نوسینگەی قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی دەستەی چەكداری عەسائیبی ئەهلی حەق لە راگەیەندراوێكدا پەیامێكی ئاڕاستەی لایەنگرانی و گەلی عێراق بە گشتی كرد سەبارەت بە كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە وڵات.
پێیان بڵێن كە لە عێراق گەلێك هەیە ژێردەستەیی و داگیركاری دوژمنان رەتدەكاتەوە


لە پەیامەكەدا كە ئاڕاستەی رۆڵەكانی گەلی عێراق كراوە هاتوە "لەئێستادا پێویستە لەسەرتان هەڵوێستی نیشتیمانی خۆتان دەرببڕن لە ناردنی پەیامێك بۆ هەمو جیهان و پێیان بڵێن كە لە عێراق گەلێك هەیە ژێردەستەیی و داگیركاری دوژمنان رەتدەكاتەوە".

لە كۆتایی ئەو پەیامەدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بلاوكراوەتەوە، هاشتاگی (دەستەی بەرگری عێراق) بەكارهێنراوە.

پێش پەیامەكەی خەزعەلی، موقتەدا سەدر-ی سەرۆكی رەوتی سەدر لە عێراق پەیامێكی هاوشێوەی بڵاوكردەوە و داوای لە گەلی عێراق كرد بە مەبەستی رەتكردنەوە هەبونی هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە عێراق خۆپیشاندانێكی ملیۆنی ئەنجامبدەن.


نیشانەکردن :

#عێراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP