تورکیا: ئامادەین شەڕی خەلیفە حەفتەر بکەین ئەگەر لەسەر هێرشەکانی بەردەوامبێت

- 1/14/2020 7:08:00 PM 2784 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
سەرۆکی تورکیا رایگەیاند وڵاتەکەی ئامادەیە بەتوندی وەڵامی هێرشەکانی خەلیفە حەفتەر بداتەوە لەلیبیا ئەگەر بەردەوامبێت.
 سڵناکەینەوە لەوەی وانەیەک فێری خەلیفە حەفتەر بکەین ئەگەر بەردەوامبێت لەهێرشەکانی

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیا رایگەیاندوە، وڵاتەکەی سڵناکاتەوە لەوەی " وانەیەک فێری خەلیفە حەفتەر بکات" ئەگەر بەردەوامبێت لەهێرشەکانی لەرۆژهەڵاتی لیبیا دژی حکومەتی دانپیانراوی نێودەوڵەتی ئەو وڵاتە.

دوێنێ دوشەممە لەکۆبونەوەیەکی تایبەتدا، روسیا و تورکیا هەوڵی ئەوەیاندا خەلیفە حەفتەر رازیبکەن بە رێککەوتنێکی دولایەنە بۆ راگرتنی هێرشەکانی کە بۆماوەی 9 مانگە بەردەوامە، بەڵام حەفتەر رازیبنەبو دانیشتنەکەی مۆسکۆی بەجێهێشت.

ئەو هەنگاوە دواین هەوڵی دپلۆماسی بوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە کە لەساڵی 2011-و لەدوای روخانی رژێمی قەزافیەوە بەردەوامە.
بۆچونەکانی حەفتەر ئەرێنی بوە، بەڵام پێویستی بەدو رۆژ هەبوە بۆ زیاتر بیرکردنەوە لەوبارەیەوە

سەراج کە سەرۆکایەتی حکومەتی لیبیا دەکات، رێککەوتنەکەی واژۆکرد، بەڵام حەفتەر رازینەبو، دواتر وەزیری بەرگری روسیا لەوبارەیەوە رایگەیاند، بۆچونەکانی حەفتەر ئەرێنی بوە، بەڵام پێویستی بەدو رۆژ هەبوە بۆ زیاتر بیرکردنەوە لەوبارەیەوە.

 ئەمڕۆ سێشەممە حکومەتی ئەڵمانیا ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی لەبەرلینی پایتەختی وڵاتەکەی بۆ چارەسەرکردنی پرسی لیبیا راگەیاند و هەریەک لە فایز سەراجی سەرۆکی حکومەتی ویفاقی نیشتیمانی و خەلیفە حەفتەری سەرکردەی سوپای نیشتیمانی ئەو وڵاتەی بۆ ئامادەبون لەکۆنگرەی تایبەت بەتاوتوێکردنی پرسی لیبیا بانگێشتکرد.

بەگوێرەی زانیارییەکانی حکومەتی ئەڵمانیا، ئەنجێلا مێرکلی راوێژکاری ئەو وڵاتە پاش گفتوگۆکردن لەگەڵ سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەو بڕیارەی داوە و بڕیاروایە نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکانیش لەو کۆنگرەیەدا ئامادەبن.

کۆنگرەکە رۆژی 19-ی ئەم مانگە ئەنجامدەدرێت و نوێنەرایەتی وڵاتان لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی دەبێت بەبەشداری هەریەک لەئەمریکا، روسیا، چین، بریتانیا، ئیتالیا فرەنسا، تورکیا، میسر، جەزائیر، ئیماراتی عەرەبی یەکگرتو و کۆماری کۆنگۆ و نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا لەبەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.

نیشانەکردن :

#ئه‌ردۆغان #تورکیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP