ئێران وەڵامی وڵاتانی ئەوروپا دەداتەوە
" لەبارەی هەنگاوەکانمان بۆ رێککەوتنە ئەتۆمییەکە پێشتر وڵاتانی ئەورپامان ئاگادارکردۆتەوە"

- 1/14/2020 5:54:00 PM 1609 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-


لەوەڵامی بەیاننامە هاوبەشەکەی بریتانیا و ئەڵمانیا و فرەنسادا کە رایانگەیاندبو رێگە بەهەنگاوەکانی ئەمدواییەی ئێران نادەین بۆ پابەندنەبونی بەرێککەوتنە ئەتۆمییەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەوان پێشتر ئەو وڵاتانەیان لەهەنگاوەکانیان لەبارەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە ئاگادارکردۆتەوە.
 ئەوان وەڵامی توندی هەر هەنگاوێکی نائاسایی و نیازێکی خراپی ئەمریکا دەدەنەوە لەبارەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەوە

پێشتر کۆماری ئیسلامی ئێران ئاگادارکردنەوەیەکی ئاراستەی هەریەک لەبریتانیا و ئەڵمانیا و فرەنسا کردوە کە ئەندانی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی 2015-ی ئەو وڵاتەن و پێیراگەیاندون، " ئەوان وەڵامی توندی هەر هەنگاوێکی نائاسایی و نیازێکی خراپی ئەمریکا دەدەنەوە لەبارەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەوە."
بڕیارەکەی وڵاتانی ئەوروپا لەبارەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە هەڵوێستێکی سۆزدارییە و لەپێگەیەکی لاوازەوەیە

دپلۆماسیەتی ئێران ئاماژەی بەوەشکردوە، بڕیارەکەی وڵاتانی ئەوروپا لەبارەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە هەڵوێستێکی سۆزدارییە و لەپێگەیەکی لاوازەوەیە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران راشیگەیاندوە، ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا دەیانەوێت بەو هەنگاوەیان ئامانجێکی تایبەتی بەدەستبهێنن، ئەوە دەبێت بەرپرسیارێتی ئەنجامەکەشی هەڵگرن.

لەکۆتایدا، راشیگەیاندوە، وەک هەمیشە جەختیانکردۆتەوە، ئەوان ئامادەن و پێشتریش ئامادەبون بۆ پێکەوە کارکردن لەپێناوی پاراستنی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە و پشتگیری هەر هەنگاوێکی سەرەتایش دەکەن.

لەبەیاننامەیەکی هاوبەشدا، هەریەک لەفرەنسا و بریتانیا و ئەڵمانیا کە ئەندامی کارای رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێرانن، ئاماژەیان بەوەکرد، ئەوان پشتیوانی ئەمریکا ناکەن لەهەڵمەتی سەپاندنی زۆرترین فشاری ئابوری بەسەر ئێراندا، لەهەمان کاتدا رێگەنادەن ئێران پابەندبونەکانی بەرێککەوتنەکە کەمکاتەوە.
 
لەبەیاننامەکەدا هاتوە، ئەوان رێگەنادەن بەوەی ئێران سەرپشکبکرێت لەپابەندبونی بەرێکارەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی جیهانی.

دەشڵێن، " هیچ رێگەیەکی تریان بۆ نەماوەتەوە جگەلە خستنەروی ئەو پرۆسەیەی کە دواجار لەئەگەری پابەندنەبوندا سەردەکێشێت بۆ سەپاندنی سزا لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە." 

رۆژی 6-ی ئەم مانگە ئێران قۆناغێکی دیکەی پابەنەبونی بەرێککەوتنە ئەتۆمییەکە رایگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، چیتر هیچ سنورێک نەماوە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و ئەوەندەی بیانەوێت لەئاست و بڕی یۆرانیۆم دەیپیتێنن.

نیشانەکردن :

#ئێران #ئێران_ئەمریكا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP