شەوی رابردو ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕا، ئەمڕۆ بەبرینداری گەیەندرایە نەخۆشخانە

- 1/14/2020 2:49:00 PM 16760 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی ڕاپه‌ڕین رایگەیاند، لە روداوێکی هاتوچۆدا کەسێک کە پیشەی مامۆستا بوە برینداربوە.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی ڕاپه‌ڕین لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، به‌یانی ئه‌مڕۆ بریندارێك به‌ناوی ( م . ر ) له‌دایك بوی ساڵی 1993 پیشه‌ی مامۆستایه‌و دانیشتوی گه‌ڕه‌كی ئاشتی قه‌ڵادزێ-یه‌، به‌ برینداری گه‌یه‌ندرایه‌ نه‌خۆشخانه‌ی گشتی قه‌ڵادزێ كه‌ له‌كاتی شۆفێریدا كۆنتڕۆڵی له‌ده‌ستداوه‌ "له‌ لۆفه‌كانی كوڕه‌تاوڵ وه‌رگه‌ڕاوه‌".

ئاماژەی بەوەشکردوە، به‌وته‌ی كه‌سوكاری ئه‌و شۆفێره‌، له‌ده‌ره‌نگانێكی شه‌وی ڕابردو وه‌گه‌ڕاوه‌ و ئه‌مڕۆ به‌یانی ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ندانی بنكه‌ی پۆلیسی ناحیه‌ی ئیسێوه‌ له‌كاتی چونیان بۆ ده‌وام بینیویانه‌، دواتریش مه‌فره‌زه‌كانی پۆلیسی فریاكه‌وتنی پشده‌ر گه‌یشتونه‌ته‌ شوێنی ڕوداوه‌كه‌.

پۆلیسی ڕاپه‌ڕین باسی لەوەشکردوە، باری ته‌ندروستی برینداره‌كه‌ ناجێگیره‌، دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ روداوه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ش به‌رده‌وامه‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP