زەریف: رزگارکردنی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە بە رازیکردنی لایەنێک و فشارکردنە سەر لایەنەکەی دیکە نابێت

- 1/14/2020 2:13:00 PM 1302 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، رزگارکردنی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە لەسەر بنەمای رازیکردنی لایەنێک و فشارکردنە سەر لایەنێکی دیکە نابێت، بەڵکو پێویستە هەرسێ وڵاتی فڕەنسا، بریتانیا و ئەڵمانیا ئازایەتی خۆیان کۆبکەنەوە و دوبارە پابەندی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە ببنەوە.

محەمەد جواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لەتویتێکدا لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، "بۆ ماوەی 20 مانگە بریتانیا هەوڵ دەدات لەڕێگەی سیاسەتی میانرەوانەوە شوێنی کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 پربکاتەوە، بەڵام هەرگیز نەیتوانی ئەو کارە بکات لە داهاتوشدا شتی وا رونادات".

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەرگیز ناکرێت ئەو رێکەوتنە ئەتۆمییە رزگاربکرێت، لەسەر بنەمای رازیکردنی لایەنێکی رێککەوتننامەکە و فشارکردنە سەر لایەنێکی دیکە".

ئەوە لەکاتێدایە بەیانی ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەر لەزاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی هەرسێ وڵاتی ئەوروپی فڕەنسا، بریتانیا و ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، "لەپاش ئەوەی ئێران هەنگاوی پێنجەمی لەکەمکردنەوەی پابەندییەکانی بە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی  2015 جێبەجێکرد، هەرسێ وڵات کاراکردنی رێوشونی هەڵوەشانەوەی رێککەوتنە ئەتۆمیەکە بە یەکێتی ئەوروپا رادەگەیەنن".

زەریف باسی لەوەشکرد، "تاکە رێگە بۆ رزگارکردنی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە ئەوەیە هەرسێ وڵاتی فڕەنسا، بریتایا و ئەڵمانیا ئازایانە پابەندبونی تەواوی خۆیان بەو رێککەوتننامەیەوە رابگەیەنن".

ئەوەشی خستەڕو، ئامانج لە کاراکردنی هەڵوەشانەوەی رێککەوتننامە ئەتۆمییکە بۆ دوبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتوەکان نییە بۆ سەر ئەو وڵاتە، بەڵکو "بۆ وەڵامی ئەو بڕیارە دوژمنکارانەی ئێرانە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP