خەندان ناوەڕۆکی یەکەمین کۆبونەوەی ئەنجومەنی گشتی سەرکردایەتی یەکێتی بڵاودەکاتەوە

- 1/14/2020 1:30:00 PM 8168 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

کۆبونەوەی ئەنجومەنی گشتی سەرکردایەتی یەکێتی لە سلێمانی کۆتاییهات و لیژنەیەكی باڵا بۆ هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ پێكهات كە دەبێت لەماوەی دو هەفتەدا پەیڕەوەکە هەمورا بکاتەوە.
لە كۆبونەوەی ئەمڕۆ لیژنەیەكی باڵا بۆ هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ پێكهات

 

مستەفا چاوڕەش، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی کە وەک بەتەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتی کۆبونەوەکەی کرد لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لە كۆبونەوەی ئەمڕۆ لیژنەیەكی باڵا بۆ هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ پێكهات، كە دەبێت لەماوەی دو هەفتەدا پەیڕەوەکە هەموار بکاتەوە و بخرێتەوە بەردەم ئەنجومەنی گشتی".

ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو پەیڕەو پەسەند نەكرێت، سەركردایەتی ناتوانێت ئەركەكانی خۆی جێ بەجێ بكات. 
کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكەمین كۆبونەوەی ئەو ئەنجومەنەیە

 

کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكەمین كۆبونەوەی ئەو ئەنجومەنەیە دوای ئەوەی مانگی رابردو کۆنگرەی حزبەکە بەستراو سەرکردایەتی نوێ هەڵبژێردرا.

مستەفا چاوڕەش باسی لەوەشکرد، دوای پەسەندکردنی پەیڕەوی ناوخۆ، ئەوکات هەیکەلەی یەکێتی دیاری دەکرێت و دەرگاوی خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆک یان سکرتێری یەکێتی دەکرێتەوە.

هاوکات ره‌هبه‌ری سه‌ید برایم، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆماندا، لیژنه‌یه‌كی باڵا پێكهێندرا به‌مه‌به‌ستی هه‌مواركردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتی، تا پۆسته‌كان یه‌كلاده‌كرێنه‌وه‌، مسته‌فا چاوڕه‌ش هه‌م وته‌بێژ و هه‌میش سه‌رۆكی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ده‌بێت".
یەكێتی 21ی كانونی یەكەمی 2019 كۆنگرەی چوارەمی حزبەكەی بە بەشداری زیاتر لە 1100 ئەندامی كۆنگرە گرێدا 

 

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان 21ی كانونی یەكەمی 2019 كۆنگرەی چوارەمی حزبەكەی بە بەشداری زیاتر لە 1100 ئەندامی كۆنگرە گرێدا و تیایدا 121 كەس بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی هەڵبژێردران.

هاوکات فەرید ئەسەسەرد، ئەنجامی ئەنجومەنی گشتی سەرکردایەتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا رێنمایی رێگه‌خۆشكه‌ر ده‌ركرا بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بتوانین ده‌ست به‌كاری ئاسایی خۆمان بكه‌ین، چونكه‌ یه‌كێك له‌و به‌ربه‌ستانه‌ی له‌ئارادان ئه‌وه‌یه‌ له‌كۆنگره‌ به‌هۆی كه‌می كاته‌وه‌، په‌یڕه‌وی ناوخۆ هه‌موارنه‌كرایه‌وه‌، به‌ڵكو ته‌نها په‌سه‌ندكراو هه‌مواركردنه‌وه‌كه‌ی ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی گشتی یه‌كێتی كرا.
له‌ڕێگه‌ی ده‌نگدانه‌وه‌ 20 كه‌س دیاریكراون، كه‌ ده‌ست به‌هه‌مواركردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ بكه‌ین

 

باسی لەوەشکرد، "له‌ڕێگه‌ی ده‌نگدانه‌وه‌ 20 كه‌س دیاریكراون، كه‌ ده‌ست به‌هه‌مواركردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ بكه‌ین، ره‌نگه‌ به‌شێك له‌مادده‌كان دو بۆچون یان سێ بون هه‌بێت و له‌ناو كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی گشتی یه‌كلای بكه‌ینه‌وه‌".
كۆنگره‌ ده‌سه‌ڵاتی پێداوین كه‌ پێداچونه‌وه‌ی گشتی به‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتی بكه‌ین

 

ئەسەسەرد رونیشیکردەوە، "كۆنگره‌ ده‌سه‌ڵاتی پێداوین كه‌ پێداچونه‌وه‌ی گشتی به‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتی بكه‌ین، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ گۆڕانكاریه‌كان له‌ناو په‌یڕه‌وه‌كه‌ بچه‌سپێنین و دوای ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م مادده‌كانی په‌سه‌ند ده‌كرێن، بیخه‌ینه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، به‌نسبه‌ت كه‌سی یه‌كه‌م و جێگرانی، له‌ناو په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كلاده‌كرێته‌وه‌، یاخود ژماره‌یه‌ك بۆچون ده‌هێندرێت و به‌ده‌نگدان یه‌كلاده‌كرێته‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌كۆبونه‌وه‌ی داهاتوشیان، فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد وتی، "چاوه‌ڕوان ده‌كرێت 25-26ی ئه‌م مانگه‌ كۆبونه‌وه‌ی دوه‌م ئه‌نجامبدرێت".

نیشانەکردن :

#یەکێتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP