ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی یەکەمین کۆبونەوەی خۆی ئەنجامدەدات

- 1/14/2020 9:27:00 AM 1779 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان ئەمڕۆ یەکەمین کۆبونەوەی خۆی ئەنجامدەدات و دیارترین ئەو تەوەرانەشی گفتوگۆ لەبارەوە دەکات پرسی هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ و هەڵبژاردنی سەرۆكی حزبەکەیە.

مستەفا چاوڕەش، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە وەک بەتەمەنترین كەسی ناو ئەنجومەنەكە بانگهێشتنی ئەندامانی ئەنجومەنەکەی کردوە، بە خەندان-ی راگەیاند، كاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەهۆڵی شازاد سائیب لە مەكتەبی سیاسی لە سلێمانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی گشتی سەرکردایەتی بەڕێوەدەچێت.

کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكەمین كۆبونەوەی ئەو ئەنجومەنەیە دوای ئەوەی مانگی رابردو کۆنگرەی حزبەکە بەستراو سەرکردایەتی نوێ هەڵبژێردرا.
لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆدا گفتوگۆ لەسەر هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ و پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكی حزبەکە دەکرێت

 

بەپێی زانیاریەکانی خەندان، لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆدا گفتوگۆ لەسەر هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ و پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكی حزبەکە و پرسەكانی دیكە دەکرێت.
لەناو كۆبونەوەكە بڕیار و گفتوگۆ لەسەر هەڵبژاردنی كەسێك بۆ سەرۆكی یەكێتی و زۆر بابەتی دیكە دەكرێت

 

مستەفا چاوڕەش باسی لەوەشکرد، "لەناو كۆبونەوەكە بڕیار و گفتوگۆ لەسەر هەڵبژاردنی كەسێك بۆ سەرۆكی یەكێتی و زۆر بابەتی دیكە دەكرێت، هێشتا پەیڕەوی ناوخۆ هەموارنەكراوەتەوە، دەبێت لیژنەیەك لەناو ئەنجومەن لە كەسانی شارەزا لە یاسا و پەیڕەوی ناوخۆ دروست بكەین كە پەیڕەو هەمواربكاتەوە و ئەو خاڵانەی كە لەكۆنگرە وەستاون دەستكاری بكرێن و هەمواربكرێنەوە و دواتر گفتوگۆ لەسەر پرسەكانی دیكە بكرێت".

لەبارەی نیگەرانی ئەو ئەندامانەی کۆنگرە کە نیگەرانن، مستەفا چاوڕەش باسی لەوەکرد، "لیژنەیەك دروست دەكرێت بۆ ئاشتكردنەوەی ئەو هەڤاڵانەی دەرنەچون، چونكە سەركەوتن و سەرنەكەوتنی هەموان بۆ یەكێتی بوە، هەروەها ئەگەر بەشێوەیەكی كاتیش بێت پێویستە وتەبێژێك بۆ یەكێتی دیاری بكرێت".

نیشانەکردن :

#یەکێتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP