مستەفا چاوڕەش لەسەر یەكەمین كۆبونەوەی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی زانیاری دەخاتەرو

- 1/13/2020 9:02:00 PM 4211 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سبەی كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ، ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكەمین كۆبونەوەی خۆی ئەنجامدەدات و گفتوگۆ لەسەر هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ و پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكێتی و پرسەكانی دیكە دەكات.

لەو بارەیەوە، مستەفا چاوڕەش، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە بەتەمەنترین كەسی ناو ئەنجومەنەكەیە سەرۆكایەتی كۆبونەوەكە دەكات لەو بارەیەوە بە خەندان-ی راگەیاند،" بڕیارە كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی سبەینێ لەهۆڵی شازاد سائیب لە مەكتەبی سیاسی لە سلێمانی كۆبونەوەكە بەڕێوەبچێت"
لە كۆبونەوەكەدا بەرنامەی كاری دانیشتنەكە بە ئامادەبونی سەرجەم هەڤاڵانی ئەنجومەنەكە دادەنرێت و گفتوگۆ لەسەر بابەتەكان دەكرێت

 

ئاماژەی بەوەشكرد،"لە كۆبونەوەكەدا بەرنامەی كاری دانیشتنەكە بە ئامادەبونی سەرجەم هەڤاڵانی ئەنجومەنەكە دادەنرێت و گفتوگۆ لەسەر بابەتەكان دەكرێت".

راشیگەیاند،"لەناو كۆبونەوەكە بڕیار و گفتوگۆ لەسەر هەڵبژاردنی كەسێك بۆ سەرۆكی یەكێتی و زۆر بابەتی دیكە دەكرێت، هێشتا پەیڕەوی ناوخۆ هەموارنەكراوەتەوە، دەبێت  لیژنەیەك لەناو ئەنجومەن لە كەسانی شارەزا لە یاسا و پەیڕەوی ناوخۆ دروست بكەین كە پەیڕەو هەمواربكاتەوە و ئەو خاڵانەی كە لەكۆنگرە وەستاون دەستكاری بكرێن و هەمواربكرێنەوە و دواتر گفتوگۆ لەسەر پرسەكانی دیكە بكرێت".

وتیشی،"لیژنەیەك دروست دەكرێت بۆ ئاشتكردنەوەی ئەو هەڤاڵانەی دەرنەچون، چونكە سەركەوتن و سەرنەكەوتنی هەموان بۆ یەكێتی بوە. هەروەها ئەگەر بەشێوەیەكی كاتیش بێت پێویستە وتەبێژێك بۆ یەكێتی دیاری بكرێت" 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP