زانیاری نوێ لەبارەی بڕیاری کوشتنی قاسم سولەیمانی ئاشکرابو

- 1/13/2020 7:06:00 PM 39476 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
چەند بەرپرسێکی باڵای ئێستا و پێشوتری ئەمریکا ئاشکرایانکرد، ترەمپ حەوت مانگ بەرلەئێستا رەزامەندی دەربڕیوە بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئێن بی سی نیوز، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لەمانگی حوزەیرانی رابردو واژۆی لەسەر بریاری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت و نهێنی کردوە بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی.
پێش هێرشی هێزە سێبەرەکانی ئێران لەناو عێراقدا بۆسەر بنکەی سەربازی کەی وەن کوشتنی قاسم سولەیمانی لەناو لیستی ئەو ناوانەدابوە کە سوپای ئەمریکا ویستویەتی بیانکوژێت

ئەو بەرپرسە باڵایانەی ئەمریکا کە ناوەکانیان لەراپۆرتەکەدا ئاشکرانەکراوە، راشیانگەیاندوە ئەو زانیارییانە دەریدەخەن کە پێش هێرشی هێزە سێبەرەکانی ئێران لەناو عێراقدا بۆسەر بنکەی سەربازی کەی وەن کوشتنی قاسم سولەیمانی لەناو لیستی ئەو ناوانەدابوە کە سوپای ئەمریکا ویستویەتی بیانکوژێت.

نزیکەی دو هەفتە بەرلەئێستا و لەبەرەبەیانی رۆژی هەینیدا، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی، فڕۆکە بێفرۆکەوانەکانی ئەمریکا قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری فەرماندەی گشتی حەشدی شەعبییان کردە ئامانج.
چەند بژاردەیەک وەک وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی ئێران خرابونە بەردەم سەرۆک ترەمپ، یەکێک لەو بژاردانە کوشتنی قاسم سولەیمانی بو

بەرپرسێکی باڵای دیکەی ئیدارەکەی ترەمپ رایگەیاندوە، چەند بژاردەیەک وەک وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی ئێران خرابونە بەردەم سەرۆک ترەمپ، یەکێک لەو بژاردانە کوشتنی قاسم سولەیمانی بو کە ماوەیەکی زۆر بو خرابویە بەرنامەی کوشتنەوە.
جۆن بۆڵتنی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەوکاتی ئەمریکا پێشنیاری کوشتنی سولەیمانی بۆ ترەمپ کردوە

بەپێی زانیارییەکان پاش خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفرۆکەوان لەمانگی حوزەیرانی رابردو، جۆن بۆڵتنی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەوکاتی ئەمریکا پێشنیاری کوشتنی سولەیمانی بۆ ترەمپ کردوە، بەڵام ترەمپ رەتیکردۆتەوە بەوپێیەی کە وتویەتی ئەو کاتێک ئەو هەنگاوە دەنێت کە ئێران هێڵی سوری وڵاتەکەی ببەزێنێت. 

هاوکات، بەرپرسانی ئەمنی ئەمریکا جەخت لەوە دەکەنەوە کە چەندین جار مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشنیاری کوشتنی قاسم سولەیمانی کردوە، ئەوەش پاش ئەوەی سەردانی مەیدانی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەکرد و بەردەوام زانیاری لەسەر جموجوڵەکانی سولەیمانی پێدەدرا.

لەراپۆرتەکەدا هاتوە، بەوپێیەی پۆمپیۆ بەرپرسی دەزگای هەواڵگری ( CIA) بوە، زانیاری تەواوی لەسەر جموجوڵەکانی سولەیمانی هەبوە و کاتێکیش پۆستی وەزارەتی دەرەوەی پێدراوە، راستەوخۆ پێشنیاری ئەوەی بۆ ترەمپ کردوە کە پێویستە هەنگاوی توندتر لەدژی سولەیمانی بگیرێتەبەر.
 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP