پاش مەرگی سولەیمانی، حوسییەكان چییان لەدەستدا
لێكۆڵەران: گروپە چەكدارەكان هزری بەڕێوەبەرییان لەدەستداوە و تۆڵەكانیان بەزەبر دەبێت

- 1/13/2020 6:02:00 PM 6129 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

كوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە لایەن هێرشێكی ئاسمانی ئەمریكییەوە، شۆك و تاسانێكی چاوەڕواننەكراو بۆ تاران و لایەنگرەكانی لە ناوچەكەدا، كە بەوهۆیەوە ئەندازیاری چالاكییەكان و هەژمونی سوپای پاسدارانی لەدەستدا، بەتایبەتی فەیلقەی قودس لە هەریەك لە وڵاتانی عێراق، سوریا و لوبنان و یەمەن.

سەرچاوەكانی راگەیاندن و زانیارییەكانیان لە دەزگای هەواڵگریی ژمارەیەك وڵاتەوە ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن، سولەیمانی فەرماندە و بەڕێوەبەری گشتیی بنیادنان و پڕچەككردن و مەشقپێكردنی چەكدارانی نزیك لە سوپای پاسداران بوە وەك گروپە چەكدارییەكانی حزبوڵای لوبنان، حەشدی شەعبی عێراق، شیعیەكانی سوریا و حوسییەكانی یەمەن، كە سەرجەمیان بە فەرمانی ئەو جوڵاونەتەوە.

پاش ئەوەی حوسییەكان سەنعای پایتەختی یەمەن-یان كۆنترۆڵكرد، جەنەراڵە سەربازییەكانی ئێران بەپەلە مژدەیان بڵاوكردەوە، كە چوارەم پایتەختی عەرەبی لەژێر كۆنترۆڵی ئەواندایە پاش هەریەك لە بەیروت، دیمەشق و بەغدا، دواتریش لە لایەن سەربازانی سەر بە سوپای پاسدارانەوە بە چڕی سەردانی ئەو ناوچەیە كرا.

پەیوەندییەكی پێشوەخت
پەیوەندیی چەكدارانی حوسی بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، لە سەرەتاكانی دروستبونی جەنگ دژ بە حكومەتی یەمەن دروستبو، پەیوەندییەكەش لە ناوەندی ئەو گروپە چەكدارییانە لە باكوری رۆژئاوای یەمەن بنیادنرا، لەكاتێكدا تەواوی مەشق و ئەزمونە سەربازییەكان و پلانە جێبەجێكراوەكانی حوسییەكان وێنەیەكی دوبارەی سوپای پاسدارانی ئێران بو، لە كۆتاییشدا ئەو چەكدارانە رێكارێكی تێكەڵ لە چالاكییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانیان پەیڕەوكرد؟

پەیوەندی نێوان سوپای پاسداران و حوسییەكان لەمێژینەیە، بەڵام لەبەرچاوان نەبو و بە نهێنی مابوەوە، بەڵام لە ساڵی 2013دا و پاش ئەوەی سوپای پاسداران چەك و پشتیوانیی سەربازیی زیاتری رەوانەی ئەو گروپە كرد پەیوەندییەكان زیاتر دەركەوتن، رێكەوتی كانونی دوەمی ساڵی 2013، هێزی دەریایی یەمەنی دەستیگرت بەسەر جیهان-1، ئەو كەشتییە ئێرانییەی لە كەناراوەكانی میدی دەریای سور-دا بو و  بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی یەمەن هەزاران پارچەی چەكی نوێ و تیمێك لە شارەزایانی سوپای پاسدارانی ئێرانی تێدابوە، دواتر ئەو شارەزایانە رەوانەی سەنعا كراون و پاش ئەوەی حوسییەكان ئەو ناوچەیەیان كۆنترۆڵكرد تیمەكەش ئازادكران.

لەكاتی كۆنترۆڵكردنی سەنعا-ی پایتەختی یەمەن لە لایەن حوسییەكانەوە، دەستبەجێ دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی یەمەنیی گەمارۆدرا، كە لەو ناوچەیەدا ژمارەیەك لە شارەزایانی سوپای پاسداران دەستبەسەركرابون و سەرجەمیان بەو شارەزایانەی كەشتیی جیهان-1یشەوە، ئازادكران، باس لەوەشدەكرێت كەشتییەكە ئەو چەكانەی بە مەبەستی رەوانەكردنی بۆ سەڵتەنەی عمان تێدابوە.

پێشتریش حوسییەكانی یەمەن لە روداوێكی هاوشێوەدا سێ هاوڵاتی ئێرانییان ئازادكرد، كە لە ناوچەی عمران-ی باكوری سەنعا-ی پایتەخت زیندانیكرابون بە تۆمەتی هەبونی پەیوەندیان بە چەكدارانی حوسی و مەشقكردنیان بە چەكدارەكانی.

لە ساڵی 2017دا، لێكۆڵینەوەیەكی رۆژنامەوانیی ئاژانسی رۆیتەرز ئاشكرایكرد، "لەرێگەی ململانێ بەردەوامەكانی یەمەنەوە رۆڵی ئێران زێدەتربوە و بە مەبەستی پشتیوانییكردنی حوسییەكان چەكی زۆر زیاتر و هاریكاری جیاواز رەوانەی ئەو وڵاتە دەكات،  ئەوەش هەمان ستراتیجییە كە ئێران بە مەبەستی پشتگریكردنی حزبوڵای لوبنانی بەكاریدەهێنێت لەسەر خاكی سوریا".

هەر لەو لێكۆڵینەوە رۆژنامەوانییەی ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز-دا هاتوە "قاسو سولەیمانی بە باڵی دەرەكیی سوپای پاسدارانی ئێران دادەنرێت و ئەو فەرماندە ئێرانییە لە تاران-ی پایتەخت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداراندا كۆبوەتەوە بە مەبەستی تاوتوێكردنی زیاتر پشتگیریكردن لە حوسییەكان".

بەرپرسێكی نێو كۆبوەنەوەكەش لەوبارەیەوە بۆ ئاژانسەكان رایگەیاندبو "لەناو كۆبونەوەكەدا سەرجەمیان رێككەوتون لەسەر زیاتركردنی هاریكارییەكانیان، لەرێگەی مەشقپێكردن و پڕچەككردن و پاڵپشتی دارییەوە"، ئاماژەی بەوەشكردبو "یەمەن ناوەندی راستەقینەی جەنگە بە وەكالەتەكانە و بردنەوە لە ململانێكانی ئەو وڵاتەدا هاوكاردەبێت لە سنورداركردنی سەنگی بەهێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".

رێكەوتی 4ی كانونی یەكەمی ساڵی 2019، حكومەتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ئاشكرایكرد، لە یەمەن فەرماندەیەكی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران هەیە كە چالاكییە چەكدارییەكانی حوسییەكان بەڕێوەدەبات، راشیگەیاند "هەركەس و لایەنێك زانیارییان لەسەر شوێنی چالاكییە سەربازییەكانی ئەو فەرماندەیەی لە یەمەن پێبدات، بە 15 ملیۆن دۆلار-ی ئەمریكی خەڵاتدەكرێت".

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانیش لەوباریەوە رایگەیاند " سوپای پاسدارانی ئێران كارەساتی گەورەیان بەسەر گەلی یەمەندا هێناوە و تۆمەتباری سەرەكی لەوبارەیەوە عەبدولرەزا شەهلایی-ە، كە لە سەنعا-ی پایتەختی یەمەن نیشتەجێیە".

كۆتایی ساڵی 2019، بەرپرسانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە "كەشتییەكی جەنگیی ئەمریكیی دەستی بەسەر كاروانێكی پێكهاتو لە پارچەی موشەكی ئێرانیدا گرتوە، كە لەرێگەیدابوە بۆ حوسییەكانی یەمەن".

بەگوێرەی ئەو بەرپرسانە، ئەوە یەكەمینجارە دەست بەسەر پارچەی لەوجۆرە پێكشەوتودا بگرن و بەپێی هەمان سەرچاوە، دەستگرتن بەسەر پارچە موشكی لەوجۆرەدا بەڵگەیە بۆ بەردەوامیی ئێران لە رادەستكردن و پڕچەككردنی حوسییەكان.

بەرەبەیانی هەینی ، رێكەوتی 3ی كانونی دوەمی 2020 ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە راگەیەندراوێك هەواڵی كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی بە راگەیەندراوێك بڵاوركدەوە، كە هێرشەكە لە لایەن فڕۆكەیەكی بێفرۆكەوانی ئەمریكییەوە ئەنجامدرا و ژمارەیەك كەسایەتی دیكەش لەو هێرشەدا كوژران.


شكستێكی كاتیی
عەلی ئەلزەهەب، لێكۆڵەر لە كاروبارە ستراتیجیی و سەربازییەكان پێیوایە "پەیوەندییەكانی فەیلەقی قودس بە سەرۆكایەتی قاسم سولەیمانی لەگەڵ میلیشیا تائیفیی و مەزهەبییە عەرەبەكانی ناوچەكەدا  لە گەشەی بەردەوامدا بوە بە سەرجەم پشتگیرییە ماددی، سەربازی و لۆجیسیتییەكانیشەوە كە دور نیە حوسییەكان پەیوەندییەكی راستەوخۆیان بە قاسم سولەیمانییەوە نەبوبێت، چونكە پەیوەندییەكانی ئەو پیاوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو گروپە چەكدارییانەدا بێبەربەست بوە، لەبەرئەوەی رۆڵی سەركردەیەكی رۆحیی هەبوە، پەیوەندییەكانی بێسنوربوە لەگەڵ ئەو میلیشیایانەدا".

ئەلزەهەب لەوبارەیەوە بۆ دەزگای هەواڵیی ئیندیپێندنت-ی بریتانی رونكردوەتەوە "تایبەتمەندیی پەیوەندی حوسییەكان بە سولەیمانی و فەیلەقی قودس-ەوە، لەوەدا خۆی دەبینێتەوە كە تەنها پشتی بە لایەنی لۆجیستیی و چەكەوە بەستوە زیاتر لە مەشقی سەربازیی و شارازەیان، رۆڵی سولەیمانی لە یەمەن هاوشێوەی رۆڵ بینینەكانی لە هەریەك لە وڵاتانی سوریا و لوبنان و عێراق نەبوە، ئەوەش بەهۆی ئەو بچڕانە جیۆگرافییەی لەنێوان ئێرران و یەمەن و ئەو وڵاتانەدا هەیە".

ئاماژەی بەوەشكردوە "لەسەر ئەو بنەمایانەی باسكران، حوسییەكان و لایەنەكانی دیكەی نزیك لە ئێران توشی زیانێكی زۆربون، بەڵام ئەو زیانە كاتییە، ئەگەر ئێران نەیتوانی پارێزگاری لە رۆڵی فەیلەقی قودس بكات لە ناوچەكەدا، لەكاتێكدا سولەیمانی وەك تیمێك كاریدەكرد نەك تەنها خودی خۆی، ئەو تیمەش لەئێستادا ماوە و بونی هەیە، كەواتە زیانەكە تەنها لە كوشتنی فەرماندەكەدایە نەك تەواوی تیمەكە، كە تیمێكی دەرەوەی سنورەكانە".



حوسییەكان لەنێوان دو بژاردەدا
عەبدوسسەلام محەممەد، لێكۆلەری یەمەنی، سەرۆكی ناوەندی پەیوەندیی و توێژینەوەكان رایگەیاند "كوشتنی قاسم سولەیمانی كە هێمایەكی گرنگ و دیاری بواری سەربازیی ئێران و نوێنەرەكانی بو لە ناوچەكەدا، كە یەكێك لەو نوێنەرانە حوسییەكانە زیانێكی گەورەی بۆ دروستكردون".

ئاماژەی بەوەشكردوە "كەواتە ئێستا تێگەیشتین لەوەی سولەیمانی لەڕوی پڕچەككردن و پلاندانان و سەرپەرشتیكردنی جەنگەكانیانەوە گرنگی بە حوسییەكان داوە، لەكاتێكدا فەرماندەی گشتی فەیلەقی قودس بوە و وەك دەستی ئێران رۆڵی بینیوە لە ناوچە عەرەبییەكاندا، توانیویشییەتی لە دە ساڵی رابردودا كۆنترۆڵی چوار پایتەختی عەرەبی بكات ئەوانیش هەریەك لە بەغدا، بەیروت، دیمەشق و سەنعا-ن، بەو واتایەش سولەیمانی رۆڵی هەژمونی ئێرانی بینیوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

بەپێی وتەكانی ئەو لێكۆڵەرە "سولیەمانی بە شێوەیەكی راستەوخۆ سەركردایەتی پرۆسەی كودەتای حوسییەكانی كردوە كە لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2014دا ئەنجامیاندا، لەو چالاكییەشدا چەكی جۆراوجۆری بۆ ناردون و شارەزایانی سوپای پاسداران و حزبوڵا نێردراونەتە ئەو ناوچەیە بە مەبەستی روەبەڕوبونەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی عەرەبی، هەربۆیە كوژرانی ئەو فەرماندەیەی فەیلەقی قودس كارەساتێكی گەورەیە بۆ حوسییەكان و قەرەبوكردنەوەی ئەستەمە".

راشیگەیاند "پێشبینییەكانی پەرتەوازەبونی میلیشیاكانی ئێران لە ناوچەكەدا پاش سولەیمانی، بە شێوەیەكی نەرێنی بەسەر حوسییەكاندا رەنگدەداتەوە و  ئەوەش لەپاڵ كوژران و لەدەستدانی پلانداڕێژەر و پشتیوانێكی گەورەیان، بە هەمانشێوە بەئامانجگرتنی سولەیمانی لە لایەن واشنتن-ەوە بەواتای یاساغكردن و سزادانی هەر كەسایەتی و لایەنێك دێت كە لەگەڵیدا كاریكردبێت یاخود بیر لەوەبكاتەوە شوێنی بگرێتەوە، یاخود هەمان كارەكانی ئەو دوپاتبكاتەوە، ئەوەش یەكەمین روبەڕوبونەوەی راستەوخۆی نێوان ئەمریكییەكان و ئێرانییەكان بو كە بوە هۆی زیانگەیاندن بە تاران، ئەو زیانەی لەكاتی وەستانی جەنگی ئێران-عێراقەوە تا ئەوكاتە بەرینەكەوتبو".

ئەو توێژەرە دەشڵێت "پێیوایە حوسییەكان لەئێستادا لەنێوان دو بژاردەی خراپدان لەم ماوەیەدا"، بەپێی وتەكانی محەممەد لە ئێستادا حوسییەكان لەنێوان هەریەك لە بژاردەكانی نزیكبونەوە لە واشنتن و فشارەكانی ئێران-دان تا تۆڵەی قاسم سولەیمانی بكەنەوە و ململانێكانیان لەدژی سعودییە زیاتربكەن تا گرژی لەناوچەكەدا دروستببێت، دوریش نیە روداوی كشوتنی سولەیمانی پاڵبنێت بە حوسییەكانەوە تا بڕیاربدەن لەسەر تەقاندنەوەی دۆخەكە لە ناوچەكەدا، دوریشنییە دەروازەكانی بازرگانی نێودەوڵەتی بكەونە برەدەم هەڕەشە و چەتەكانی دەریا، یاخود هێرشبكەنە سەر بەندەر و فڕۆكەخانەكانی كەنداو".


 

زیانێكی گەورە

عەدنان هاشم، رۆژنامەوان و لێكۆڵەری كاروبارەكانی كەنداو و سیاسەتەكانی ئێران دەڵێت "كوشتنی سولەیمانی زیانێكی گەورەیە بۆ هەژمونی ئێرانی بە شێوەیەكی گشتی و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست-یش بە هەمانشێوە، چونكە ئەو پیاوە لە ساڵانی نەوەدەكانەوە كاریكردوە بۆ بنیادنانی ئەو هەژمونە و لە زۆر وڵاتیشدا بوە بە تایبەتی یەمەن".

هاشم باس لەوەدەكات "سولەیمانی بوەتە خاوەنی كەسایەتیەكی جەنگاوەر كە لەنێوان چەكدارانی ئێرانی و حوسیی-دا جیاوازی ناكات، بە لەدەستدانیشی ئەو گروپە چەكداریە یەكێك لە دیاریترین متمانەپێكراوەكانی ناو ئێرانیان لەدەستدا"، رونیشیكردوەتەوە "سولەیمانی پێیوابوە  ئەو جەنگە بەوەكالەتەی ئێران ئەنجامیدەدات لە یەمەنە نەك ناوچەیەكی دیكە".

لە درێژەی وتەكانیشیدا عەدنان هاشم دەڵێت "پێموایە ئەو گروپە چەكدارییە خۆیان ئامادەدەكەن بۆ تۆڵەسەندنەوەیەكی بەزەبر لە بەرامبەر كوشتنی قاسم سولەیمانی، لەگەڵ زۆربونی دەستێوەردانەكانیشدا لە یەمەن، ئەو وڵاتە دوبارە باجێكی سەخت دەداتەوە".


زیانێكی كەم و سەرەتایی
توێژەری سیاسی، موستەفا ناجی وایدەبینێت "زیانبەركەوتنی حوسییەكان بە كوشتنی قاسم سولەیمانی زیانێكی سەرەتایی و كەمە، چونكە سولەیمانی دروستكەری هەژمونەكە بوە لە ناوچەكەدا و ئەفسانەی ئەو پیاوەبوە كە مەرگی بەسەردا ناسەپێندرێت".

"سولەیمانی بە پیاوێكی ئاسنین و بەهێز لە جەنگ و خوێنڕشتندا ناوبانگی هەبو، ئەوەش پێگەی حوسییەكان بەرزتردەكاتەوە و كوشتنیشی بوە هۆی نەمانی توانیان و پێگەیان بۆ جێگیركردنی هەژمونیان" بە وتەی موستەفا ناجی.

لە كۆتایی وتەكانیدا ئەو تویژەرە راشیگەیاندوە "ئێران و سولەیمانی، رۆڵی باوكێكی بەهێز و بەتوانا دەبینن كە بۆ رۆڵەكان و شوێنكەوتوانی جێگەی ئارامی و ئاسایشن، نەمانی باوكیش دەبێتە هۆی دلەڕاوكێ و ترس بۆ ئەو كەسانی پابەندن پێوەی، لە ئێستاشدا ئەو حاڵەتە روبەڕوی حوسییەكان بوەتەوە، چونكە ئەو پیاوە ئەندازیاری هەژمونەكە بو و خودی خۆی دەستی بە پەتەكانی یارییەكەوە گرتبو، نەمانیشی بەواتای نەمانی هزری بەڕێوەبەر هەژماردەكرێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP