خەندان وردەكاری دانانەوەی عەبدولمەهدی لە پۆستەكەی و سەردانەكەی بۆ هەرێم بڵاودەكاتەوە

- 1/12/2020 10:29:00 PM 32382 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ماوەیەكی زۆر بەسەر پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لەلایەن پەرلەمانی عێراق تێپەڕبوە، هێشتا لایەنە سیاسییەكان نەیانتوانیوە كەسێكی گونجاو بۆ ئەو پۆستە پێشكەشی سەرۆك كۆمار بكەن، لەئێستادا هەوڵێك هەیە بۆ دانانەوەی عەبدولمەهدی لە پۆستەكەی و دروستكردنی حكومەتێكی تەكنۆكراتی دەسەڵاتدار، خەندان زانیویەتی بەشێكی سەردانەكەی دو رۆژی رابردوی عادل عەبدولمەهدی بۆ ئەو مەبەستە بوە.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی تایبەت بۆ خەندان، دوێنێ شەممە ، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر و ھادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانی ئەلبینا، لەشاری قومی ئێران، سەبارەت بە پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق کۆبونەوەیەکی یەکلاکەرەوەیان ئەنجامداوە.

 

لەو بارەیەوە كاوە محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان بە خەندان-ی راگەیاند،"ئەوەی هەوڵدەدات جارێكی دیكە عادل عەبدولمەهدی بكاتەوە بە سەرۆكوەزیرانی عێراق زیاتر كوتلەی فەتحە كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات لەگەڵ بەشێك لە هێزە سیاسییەكانی دیكە، بەڵام كوتلەی سائیرون كە موقتەدا سەدر سەرۆكایەتی دەكات رازی نین بە دانانەوەی عادل عەبدولمەهدی"

خەندان زانیویەتی، لەئێستادا بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی عێراق و كوردستان، هاوڕان لەسەر دانانەوەی عادل عەبدولمەهدی، بە سەرۆكوەزیرانی داهاتوی عێراق، بۆ ئەو مەبەستەش لەماوەی رابردودا لەرێگەی ئەنجامدانی كۆبونەوەی نهێنی و پەیوەندی تەلەفۆنییەوە گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە كراوە.

ئەوەی لەسەر ئەو پرسە دەكرێت كۆبونەوەی نهێنی و دور لە چاوی كامێراكان و میدیا ئەنجام دەدرێت

 

كاوە محەمەد لە لێدوانەكەیدا بۆ خەندان راشیگەیاند،"ئەوەی لەسەر ئەو پرسە دەكرێت كۆبونەوەی نهێنی و دور لە چاوی كامێراكان و میدیا ئەنجام دەدرێت، هۆكاری ئەو داوایەشی دەكرێت دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هێزە سیاسییەكان لەماوەی رابردودا نەیانتوانی بگەنە رێككەوتن لەسەر دانانی كەسێكی بێلایەن، ئەو كەسانەشی پێشكەشی سەرۆك كۆماریان كرد، سەرۆك كۆمار پەسەندی نەكردن چونكە سەرۆك كۆمار لەگەڵ شەقامی عێراقی بو، بۆیە ئامادەیی دەربڕی كە دەست لەكاربكێشێتەوە بەڵام ئامادەنییە ئەو كەسانەی كەلەگەڵ شەقامی عێراقی نین، نەیانكاتە سەرۆكوەزیران"

لای خۆشیەوە حه‌سه‌ن ئاڵی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "زانیاریه‌ك هه‌یه‌ له‌ناو شیعه‌كان هه‌وڵ هه‌یه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی جارێكی تر متمانه‌ی پێ بدرێته‌وه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران".

زانیارییەكانی خەندان ئاماژە بەوەدەكەن، موقتەدا سەدر، سەرۆكی رەوتی سەدر، تاڕادەیەكی زۆر نەرمی نواندوە لەبەرامبەر دانانەوەی عادل عەبدولمەهدی بە سەرۆكوەزیرانی عێراق بەو مەرجەی تەواوی پێكهاتەی حكومەتەكەی بگۆڕێت بە كەسانی تەكنۆكرات و ئەو كەسانەی دەبنە وەزیر لەكابینەی داهاتوی حكومەتی عێراق كەسانێكی دەرەوەی حزبەكان بن.

سەدر لە كۆبونەوەكانی چەند رۆژی رابردودا مەرجی ئەوە بوە كە دەبێت ئەو كەسانەی دەكرێنە وەزیر لە كابینەی نوێ، كەسانێك بن خۆشەویستی خۆپیشاندەران بن و گوێڕایەڵی خواستی شەقامی عێراقی بن، ئەوەش هەمان ئەو خواستەیە كە عادل عەبدولمەهدی لەسەرەتای وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق هەوڵی هێنانەدی دەدا.

عەبدولمەهدی لەپێناو دروستكردنەوەی حكومەتێكی نوێ لە كەسانی تەكنۆكرات، لەماوەی چەند رۆژی رابردودا هەوڵەكانی چڕكردوەتەوە

 

عادل عەبدولمەهدی لەپێناو دروستكردنەوەی حكومەتێكی نوێ لە كەسانی تەكنۆكرات، لەماوەی چەند رۆژی رابردودا هەوڵەكانی چڕكردوەتەوە، دواین هەوڵیشی، سەردانی هەرێمی كوردستان بو، بەمەبەستی بەدەستهێنانی پشتگیری زیاتری یەكێتی و پارتی و هەوڵدان بۆ دروستكردنی حكومەتێكی تەكنۆكرات.

خەندان ئەوەشی زانیوە، لە سەردانەكەیدا بەرپرسانی هەرێم بە رونی بە عادل عەبدولمەهدیان راگەیاندوە كە كورد بەهیچ شێوەیەك گرفتی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی نییە و رایان وابوە لە دۆخی ئێستادا دیارییكردنی كەسێك كە خواستی تەواوی هێزە سیاسییەكان و شەقامی عێراقی لەسەر بێت كارێكی ئاسان نییە، بۆیە دڵنیاییان داوەتە عادل عەبدولمەهدی كە لەحاڵەتی سەرلەنوێ دانانەوەی بۆ پۆستەكەی هیچ هەڵوێستێكی ناڕەزایی دەرنەبڕن.

 

لەبارەی سەردانەكەی عادل عەبدولمەهدی بۆ هەرێم حەسەن ئالی وتی:"سه‌ردانه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی بۆ دو ئامانجی سه‌ره‌كی بو بۆ هه‌رێمی كوردستان، یه‌كه‌میان بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ولێرو به‌غداو دوه‌میش، ئاگاداربون و گۆڕینه‌وه‌ی بیروڕابو له‌سه‌ر دۆخی عێراق و دواین پێشهاته‌كان، ئه‌گه‌رنا په‌یوه‌ندی به‌هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی نه‌بوه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران".

وه‌ك كورد ئێمه‌ لایه‌نگر نین و ده‌ستێوه‌ردان ناكه‌ین له‌پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران و ئه‌و پۆسته‌ش پۆستی شیعه‌كانه‌، به‌ڵام وه‌ك عادل عه‌بدولمه‌هدی جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی ئێمه‌و زۆربه‌ی لایه‌نه‌ شیعی و سوننه‌كانیشه‌

 

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی وتیشی"وه‌ك كورد ئێمه‌ لایه‌نگر نین و ده‌ستێوه‌ردان ناكه‌ین له‌پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران و ئه‌و پۆسته‌ش پۆستی شیعه‌كانه‌، به‌ڵام وه‌ك عادل عه‌بدولمه‌هدی جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی ئێمه‌و زۆربه‌ی لایه‌نه‌ شیعی و سوننه‌كانیشه‌"

عادل عەبدولمەهدی لەو سەردانەیدا، داوای لە یەكێتی و پارتی كردوە، كە لەكاتی وەرگرتنەوەی پۆستەكەیدا، هاوكاری بكەن و كەسانی تەكنۆكرات بۆ ئەو وەزارەتانە دیاریی بكەن كە وەك پشكی كورد دراوەتە ئەو دو هێزە، بەتایبەت داوایكردوە كە وەزیری دارایی عێراق كە لەسەر پشكی پارتی ئەو پۆستەی وەرگرتوە بگۆڕدرێت بە كەسێكی بێلایەن و تەكنۆكرات.

 

زانیارییەكان ئاماژە بەوەدەكەن، موقتەدا سەدر وتویەتی كە دیارییكردنی كەسانی تەكنۆكرات لەناو خۆپیشاندەران لای رەوتی سەدر كارێكی ئاسانە و كوتلەكەشی ئەو كەسانە دەكاتە وەزیر كە خۆپیشاندەران رەزامەندیان لەسەر هەیە. سەدر بە رونی وتویەتی،"ئێمە شەقامی عێراقیمان لەگەڵدایە، لەحاڵەتی دانانی هەر كەسێك لەناو خۆپیشاندەرانەوە بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكان، نابێتە هۆی ئەوەی نەتوانین لە داهاتو لێپرسینەوەی لەگەڵ بكەین، چونكە بەهەمان شێوەی عادل عەبدولمەهدی دەتوانین بەشێك لە شەقامی عێراقی لەدژی بجوڵێنین ئەگەر هاتو لەچوارچێوەی خواستی عێراقییەكان كاری نەكرد"

بەرپرسانی پارتی و یەكێتی دانانی كەسی تەكنۆكراتیان بە كارێكی قورس لەقەڵەمداوە و رایانگەیاندوە ناتوانن متمانە بدەنە كەسانێك لە دەرەوەی حزبەكانیان

 

هەر بەگوێرەی زانیارییەكانی خەندان، بەرپرسانی پارتی و یەكێتی دانانی كەسی تەكنۆكراتیان بە كارێكی قورس لەقەڵەمداوە و رایانگەیاندوە ناتوانن متمانە بدەنە كەسانێك لە دەرەوەی حزبەكانیان بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەكان لەكابینەی داهاتو، چونكە توانایان نییە لە داهاتودا لێپرسینەوەی لەگەڵ ئەنجامبدەن ئەگەر لەگەڵ خواستی ئەوان كاری نەكرد"

 

كاوە محەمەد لەبارەی سەردانەكەی عادل عەبدولمەهدی بۆ هەرێم وتی،"سەردانەكە پەیوەندی بەو پرسەوە نەبوە، بەڵام پارتی و یەكێتی بەتایبەت پارتی، لەگەڵ ئەوەن جارێكی دیكە عادل عەبدولمەهدی ئەو پۆستەی پێ بدرێتەوە، چونكە لەماوەی رابردودا گرفتی بۆ موچەی فەرمانبەران دروست نەكردوە و پەیوەندییەكانیشی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم تارادەیەكی زۆر باش بوە".

زەحمەتە لەئێستادا بتوانرێت عادل عەبدولمەهدی جارێكی دیكە لە پەرلەمانەوە بكرێتەوە بە سەرۆكوەزیران، بەڵام هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی لە پۆستەكەی بمێنێتەوە تا ئەو كاتەی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق ئەنجامدەدرێت

 

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان وتیشی،"زەحمەتە لەئێستادا بتوانرێت عادل عەبدولمەهدی جارێكی دیكە لە پەرلەمانەوە بكرێتەوە بە سەرۆكوەزیران، بەڵام هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی لە پۆستەكەی بمێنێتەوە تا ئەو كاتەی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق ئەنجامدەدرێت".

خەندان زانیویەتی، عادل عەبدولمەهدی لە كۆبونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی هێزە سیاسییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، پێی راگەیاندون كە دەیەوێت ئەو حكومەتەی دروستی دەكات لە داهاتو توانای هەبێت پاكێجە چاكسازییەكەی ماوەی رابردو جێبەجێ بكات كە خۆی لە چەندین خاڵی گرنگ دەبینیەوە لەوانەش دامەزراندنی دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ 100 هەزار كەس و روبەروبونەوەی گەندەڵی و دامەزراندنی دەرچوانی كۆلێج و پەیمانگا نەوتییەكان لە كۆمپانیاكانی تایبەت بە كەرتی وزە، لەگەڵ هەمو ئەو خاڵانەی دیكە كەلەناو پاكێجەكەدا بۆ رازیكردنی خواستی خۆپیشاندەران پێشكەشی كرد.

لای خۆشیەوە موسه‌نا ئه‌مین سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتو له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌خه‌ندان-ی راگه‌یاند،"زه‌حمه‌ته‌ دانانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌ربگرێت و ئه‌گه‌ر سه‌ریش بگرێت سه‌ركه‌وتو نابێت و ناتوانێت خۆپیشانده‌ران رازی بكات".

عه‌بدولمه‌هدی كه‌ ده‌ستیله‌كاركێشایه‌وه‌ دانی ناوه‌ به‌به‌رپرسیارێتی ئه‌و دۆخه‌ی له‌عێراق دروستبوه‌، بۆیه‌ دانانه‌وه‌شی له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران یه‌كناگرێته‌وه‌

 

وتیشی:" عه‌بدولمه‌هدی كه‌ ده‌ستیله‌كاركێشایه‌وه‌ دانی ناوه‌ به‌به‌رپرسیارێتی ئه‌و دۆخه‌ی له‌عێراق دروستبوه‌، بۆیه‌ دانانه‌وه‌شی له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران یه‌كناگرێته‌وه‌، بۆیه‌ لایه‌نه‌كان ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكه‌ن، پێویسته‌ كه‌سێك كاندید بكه‌ن كه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵك ره‌زامه‌ندبن له‌سه‌ری".

هەر سەبارەت بەو پرسە ئەمشەو ئه‌یاد عه‌لاوی له‌لێدوانێكدا هۆشداریدا لەوەی،"ژماره‌یه‌ك له‌حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌وڵه‌كانیان خستوه‌ته‌گه‌ڕ تا به‌پاڵپشتی ئێران دوباره‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران كاندید بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵه‌ شكستده‌هێنێت له‌به‌رئه‌وەی له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ری عێراقیه‌وه‌ عه‌بدولمه‌هدی ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌".

 

ئەوەی جێگەی تێبینی و پرسیاركردنە ئەوەیە، ئایا هێزو لایەنە سیاسییەكان دەتوانن جارێكی دیكە عادل عەبدولمەهدی بۆ ئەو پۆستە كاندید بكەنەوە لەكاتێكدا ناوبراو لەژێر فشاری خۆپیشاندەران وازی هێناوە؟ ئایا ئەو هێزانە لە حاڵەتی وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە لەلایەن عادل عەبدولمەهدی رەزامەندی دەردەبڕن بە گۆڕینی وەزیرەكانیان بۆ كەسانی تەكنۆكرات و بێلایەن؟ ئایا هێزە سیاسییە كوردییەكان دەتوانن بگەنە رێككەوتن لەسەر دانانی كەسانی دور لە حزب بۆ پڕكردنەوەی پشكی كورد لە پۆستەكانی بەغدا؟ ئەمانە و چەندین ئەگەری دیكە دەكرێت شەقامی عێراقی و كوردستانی لەداهاتو وەڵامیان بداتەوە.

له‌ڕۆژی 1-12-2019 پەرلەمانی عێراق ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق پەسەندكرد و لە ڕۆژی 15/12/2019 ، به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق بڕیارەكەی پەرلەمانی بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی په‌سه‌ندكردو تا ئێستاش كوتله‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر دیاریكردنی ناوێك بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران كه‌ جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندی هه‌موان بێت ڕێكنه‌كه‌وتون.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP