رۆژی کوشتنی قاسم سولەیمانی پلان بۆ کوشتنی بەرپرسێکی دیکەی پاسداران دانرابو

- 1/10/2020 10:05:00 PM 59594 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەو رۆژەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لەلایەن ترەمپەوە فەرمانی کوشتنی قاسم سولەیمانی-یان پێدراوە، پلانی کوشتنی بەرپرسێکی باڵای دیکەی پاسداران دارێژراوە و سەرکەوتو نەبوە، ئەوەش بەگوێرەی راپۆرتێکی واشنتن پۆست.

ئەوەش نیشانەی پرسیار لەسەر پاساو و هۆکاری کوشتنی سولەیمانی دادەنێت

 

رۆژنامەی واشنتن پۆست لە راپۆرتێکیدا بە ئاماژە بە وتەی چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا کە ئاگاداربون لە پلانەکە ئەو هەواڵەی پشتراستکردوەتەوە و ئەوەش نیشانەی پرسیار لەسەر پاساو و هۆکاری کوشتنی سولەیمانی دادەنێت کە ئەمریکا لە بەیاننامەکەیدا بڵاوی کردەوە بۆ" پاراستنی گیانی ئەمریکیەکان بوە".
 بەرپرسی یەکەمی دارای و ئابوری هێزی قودسی ئێران لە سەنعای پایتەختی یەمەن یەکێکی دیکە بوە لە ئامانجەکانی ئەمریکا

 

بەگوێرەی زانیاریەکان جگە لە سولەیمانی کوشتنی عەبدولرەزا شەهلەیی، بەرپرسی یەکەمی دارای و ئابوری هێزی قودسی ئێران لە سەنعای پایتەختی یەمەن یەکێکی دیکە بوە لە ئامانجەکانی ئەمریکا.

بەرپرسێکی پنتاگۆنیش لای خۆیەوە ئەو زانیاریانە پشتراست دەکاتەوە و دەڵێت موشەکباران کردنی هەردوکیان لە یەک کاتدا رێکخراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی پلانی کوشتنی شەهلایی شکستی هێناوە، دۆسیەکەی داخراوە و باسی لێوە نەکراوە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکردوە، رەنگە لە داهاتودا جارێکی دیکە شەهلایی بە ئامانج بگیرێتەوە، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی واشنتن و تاران خاوبونەوەی گرژیە سەربازیەکانیان راگەیاند لەدوای موشەکبارانکردنی بازگەی عەین ئەسەد لە عێراق.

هەوڵی کوشتنی شەهلای، پاسا و راگەیەنراوەکانی ئەمریکا سەبارەت بە هۆکاری کوشتنی قاسم سولەیمانی پوچەڵدەکاتەوە کە رایانگەیاندبو " لەبەر پاراستنی گیانی ئەمریکیەکان بوە، سولەویمانی دەستی هەبوە لە کوشتنی ئەمریکیەکان و پلانی بۆ کوشتنی زیاتریش هەبوە" بەوپێیەی پلانی کوشتنی شەهلایی ئەوە دەردەخات ئەمریکا لە هەوڵی لە ریشەدەرهێنانی دەسەڵاتی سەربازی پاسداران بوە لە رۆژهەلاتی ناوەراست نەک تۆڵەی خوێنی ئەمریکیەکان.

مانگێک لەمەوبەر: ئەمریکا بڕی 15ملیۆن دۆلار خەڵات دەدات بە هەرکەسێک زانیاری لەسەر پاسدارێکی ئێرانی بدات


رێکەوتی 7 ی مانگی رابردو، وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند، هەر کەسێک زانیاری لەسەر پاسدارێکی ئێرانی بە ناوی عەبدولرەزا شەهلایی بدات، بڕی 15 ملیۆن دۆلار خەڵات دەکرێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP