داتا و ژمارە و نەخشە.. لە 2003وە پێگەی سەربازیی ئەمریكا لە عیراق

- 1/10/2020 4:42:00 PM 3390 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە ساڵی 2003دا هاتنەناو حاكی عێراق و رۆڵیان هەبو لە كۆتاییهێنان بە رژێمی بەعس بە سەرۆكایەتی سەددام حسێن، لەوكاتەوە تا ئێستا هێز و پێگەی لەناو خاكی عێراق و هەرێمی كوردستاندا هەیە و هاوشان لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان دژ بە داعش مەشق بە هێزە سەربازییەكانی ناوخۆ دەكەن.

ساڵی 2011 پاشەكشەكردنی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق كۆتاییپێهات، بەڵام حكومەتی عێراقی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتوەكان رێككەوتنیكی واژۆكرد كە تێیدا پێشوازی لە بەشێك لە هێزەكانی ئەمریكا دەكات لە بنكە سەربازییەكانی خۆیدا، ئەوەش بە مەبەستی پشتیوانیكردنی عێراق.

دواتر و لە كۆتایی ساڵی 2011دا، سەربازانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كە ژمارەیان دەگەیشتە 170 هەزار سەرباز بە خاكەكانی عێراقدا بڵاوەیان پێكرا، پاش رێككەوتنەكەش ژمارەیەكی دیاریكراو لەو هێزانە مانەوە بۆ پشتیوانیكردنی هێزە عێراقییەكان.

لە ساڵی 2014 و ساڵانی داییدا، لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ روبەڕوبونەوەی چەكدارانی رێكخراوی تێرۆریستی داعش كە لەو ساڵەدا چونە ناو عێراقەوە، ویلایەتە یەكگرتوەكان ژمارەی هێزەكانی خۆی لەو وڵاتە زێدەتركرد.

سەرەڕای كار و چالاكییەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە عێراق و مەشقكردنی بە هێزەكانی ئەو وڵاتە، بەڵام بەشێك لە لایەنەكانی دەسەڵات و پەرلەمانی عێراقیی كە ئەمریكا دەڵێت "نزیكن لە ئێران"، پێگەی واشنتن لە بەغدا رەتدەكەنەوە و داوای دەركردنی هیزەكانیان دەكەن لە عێراق.

رۆژی یەكشەممە، 5ی كانونی دوەمی 2020 و پاش كوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری پێشوی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە لایەن فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئەمریكییەوە، كوتلە شیعەكانی پەرلەمانی عێراق بێ بەشداری كورد و سوننە دەنگیاندا لەسەر كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە وڵاتەكەیان.

لەگەڵ ئەوەدا كە بە واتای تەواوەتی هیچ بنكەیەكی سەربازیی ئەمریكی لە عێراقدا بونی نیە و هێزەكانیان دابەشبون بەسەر بنكە سەربازییەكانی هێزە ناوخۆییەكاندا و ئەوەش لەسەر بانگهێشت و داواكاری عێراق بوە، بەهۆی گرژییەكانی نێوان ئەمریكا-ئێران لە عێراق و سوریا و ناوچەكەدا بە گشتی، لە كۆتایی ساڵی 2019 و سەرەتای 2020دا، ویلایەتە یەكگرتوەكان نزیكەی سێ هەزار و 500 (3500) سەربازی دیكە و ژمارەیەك فڕۆكە و تانك و زرێپۆشی جەنگیی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد.

لێرەدا، لە ساڵی 2003ەوە دیارترین پێگە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق بە داتا و ژمارە دەخرێتەڕو:


2003-2011

دەستێوەردان و چونە ناو خاكی عێراق لە لایەن هێزە ئەمریكییەكانەوە، ساڵی 2003 دەستیپێكرد، ئەوەش بە مەبەستی خستن و كۆتاییهێنان بە رژمێمی بەعس بە سەرۆكایەتی سەددام حسێن كە لەوكاتەدا سەرۆكی وڵات بو.

زۆرترین رێژەی سەربازیی ویلایەتە یەكگرتوەكان لە عێراق لە ساڵی 2007دا بو، كە ژمارەیان دەگەیشتە 170 هەزار  سەرباز، لە ساڵی 2008دا جۆرج بوش-ی كوڕ كە ئەوكاتە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بو، رێككەوتنێكی ئەمنیی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراقییدا واژۆكرد، كە دۆخی یاسایی هێزە ئەمریكییەكانی لەو وڵاتە دیاریكرد و بەپێی رێككەوتنەكە سەربازانی ئەمریكا تا ساڵی 2011 لە عێراق دەبوایە بمێننەوە.

بە گەیشتنی باراك ئۆباما بە پێگەی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكان، هەوڵێكی تەواویدا و دانوستانی ئەنجامدا بۆ واژۆكردنی رێككەوتنێكی نوێ كە رێگەبدات سەربازانی ئەمریكی پاش ساڵی 2011 لە عێراق بمێننەوە، لەوبارەیەوە راشیگەیاند ئامانج لەوكارە پشتگیریكردنی عێراقە لە روبەڕوبونەوەی كێشە ئەمنییەكان كە تا ئەوكاتەش بەردەوامبون و لەلایەن گروپە توندڕەوەكانەوە ئەنجامدەدران.

سەرەڕای هەوڵەكانی ئۆباما، بەغدا داواكارییەكەی واشنتن-ی رەتكردەوە سەبارەت بە مانەوەی هێزەكانیان لە عێراق، رێكەوتی 8ی كانونی یەكەمی 2011، كۆتایین یەكەی هێزەكانی ئەمریكا عێراقیان بەجێهێشت.

2014-2017

لە ساڵی 2014دا، رێكخراوی تێرۆریستیی داعش بەشێك لە ناوچەكانی خواروی عێراقیان خستە ژێر ركێفی عێراق و ناوچەی دەسەڵاتەكانی لە بەرفراوانبوندا بو، بەوهۆیەوە بەغدا داوای لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كرد، لەرێگەی هێرشی ئاسمانییەوە پشتگیری لە هێزە سەربازییەكانی ناوخۆی بكات.

لە تەمموزی ساڵی 2014دا، چەكدارانی داعش شاری موسڵ-یان بە تەواوەتی كۆنترڵكرد و لەوكاتەدا، دەسەڵاتدارانی بەغدا بە فەرمی داوایان لە ویلایەتە یەكگرتوەكان كرد هیزەكانیان رەوانەبكەن، لە وەڵامدا باراك ئۆباما رێگەیدا 275 سەربازی ئەمریكی بچنە عێراق و وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پێنتاگۆن) دەستیكرد بە هێرشە ئاسمانییەكانی بە مەبەستی پشتیوانیكردنی هیزە عێراقییەكان.

لە ئاب-ی هەمان ساڵدا، عێراقییەكان داوایان لە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی كرد هێزە سەربازییەكانیان رەوانەبكەن، ئەوەش دەرەنجامی دروستبونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعشی لێكەوتەوە، كە ویلایەتە یەكگرتوەكان پێشڕەوی دەكرد و تێیدا چالاكی ئاسمانییان ئەنجامدەدا و مەشق و تاكتیكی سەربازییان پێشكەش بە عێراقییەكان دەكرد.

پێگە و مەزەندەی هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە عێراق، ساڵی 2017 گەیشتە پێنج هەزار سەرباز، ئەوەش ئەو كاتە بو كە چالاكییەكانی رێكخراوی تێرۆریستی داعش لە لوتكەدا بو.

2018... تا ئێستا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئێستای ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە سەرەتاكانی دەسەڵاتیدا بو، كە لە كەمپەین و بانگەشەكانی هەلبژاردنی سەرۆكایەتییدا بەڵێنیدا بە كۆتاییهێنان بە پابەندبونی هێزە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

مانگی ئازاری 2019، هێزەكانی سوریای دێموكرات (هەسەدە) لە باكور و رۆژهەڵاتی فورات كە لە شەڕڤانانی كورد و كەمینەی عەرەب پێكهاتون و لەلایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانەوە پشتیوانیان لێدەكرا، رایانگەیاند بە تەواوی شكستیان هێناوە بە رێكخراوی تێرۆریستی داعش لە سوریا.

لە مانگی تشرینی یەكەمی هەمان ساڵدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكان بە بڕیارێكی لەناكاو رایگەیاند "پاش ئەوەی رێكخراوی چەكداری داعش 100% شكستیهێناوە، زۆرینەی هێزەكانمان لە سوریا كشاندەوە، با سوریا و ئەسەد كورد بپارێزن و لەگەڵ توركیا بجەنگن لەپێناو خاكی خۆیان، من بە جەنەراڵەكانی خۆمم وتوە چیدیی پێویستناكات لە سوریا جەنگ بكەین".

پێش ئەو تویتەی، ترەمپ لەمیانی لێدوانێكی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند "دەیەوێت هێزەكانی لە عێراق بمێننەوە بە مەبەشتی چاودێریكردنی جموجوڵەكانی ئێران"، ئەو وتەیە بوە هۆی نیگەرانی دەسەڵاتی حكومڕانی عێراق و بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری وڵاتەكە رایگەیاند "عێراق نابێتە ناوەندی ململانێكان و سەرچاوەی مەترسی بۆ هاوسێكانی"، بەشێك لە دەسەڵاتدارانی وڵاتیش داوایان كرد هێزەكانیان بكشێننەوە.

وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكان ژمارەیەكی هێزەكانی لە عێراق هێشتەوە، بە مەبەستی رێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەی رێكرخراوی تێرۆریستی داعش، هەتا ئێستاش پێنج هەزار و 200 (5200) سەربازیی ئەمریكیی لەسەر خاكی عێراقن، هەفتەی رابردوش سەدانی دیكە بە مەبەستی پاراستنی دێپلۆماتكارەكانی وڵاتەكەیان لە عێراق رەوانەی وڵات كران.

ئەو بنكە سەربازییە عێراقیانەی لە پێشوازی هێزە ئەمریكییەكاندان

سەرەڕای ئەوەی بە مەبەستی پاراستنیان، لایەنە فەرمییەكانی ویلایەتەیەكگرتوەكان زانیاری لەبارەی ئەو ناوەندانە ئاشكراناكەن كە پێشوازی لە هێزەكانیان دەكەن لە عێراق، بەڵام دەزگاكانی راگەیاندن باس لەوەدەكەن هێزە ئەمریكییەكان بەسەر 12 بۆ 14 بنكەی سەربازیی عێراقدا دابەشبون كە بریتین لە:

بنكەی عەین ئەسەد: دەكەوێتە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق، ئەو بنكەیە لە كانونی یەكەمی ساڵی 2019دا بە پێنج موشەك پێكرا، ئەوەش پاش چەند رۆژێك لە سەردانیكردنی مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكان.

بنكەی حەببانیە: لەنێوان هەردو شاری فەللوجە و روممادی-دایە لە پارێزگای ئەنبار، كە تێیدا هێزەكانی ئەمریكا بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ روبەڕوبونەوەی داعش لەنێوان ساڵانی 2014 بۆ 2015دا مەشقیان بە نزیكەی 9 هەزار سەربازی عێراقی ئەنجامدا.

بنكەی سەربازی K-1: دەكەوێتە پارێزگای كەركوك، كە یەكێكە لە ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بە مەبەستی مەشقپێكردنی هێزە عیراقییەكان، سەربازانی ئەمریكی تێدایە، كە لە رێكەوتی 27 كانونی یەكەمی 2019دا نزیكەی 30 ساروخ ئاراستەی كرا و لە ئەنجامدا بەڵێندەرێكی ئەمریكی گیانیلەدەستدا.

بنكەی ئاسمانیی بەلەد: ئەو بنكە سەربازییە ئاسمانییە 100 كیلۆمەتر لە باكوری بەغداوە دورە و دەكەوێتە پارێزگای سەڵاحەددین، كە سەربازانی ئەمریكیی تێدا نیشتەجێیە و فرۆكە جەنگییەكانی جۆری ئێف-16ی تێدایە، كە لەسەرەتای 2020دا موشەكێكی كاتیۆشای ئاڕاستەكرا.

بنكەی ڤیكتۆری: دەكەوێتە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا و تایبەتە بە پشتگیری سەربازیی و ئاسمانیی.

بنكەی تاجیی: سەربازگەیەكی گرنگە و دەكەوێتە باكوری بەغدای پایتەخت، بە مەبەستی مەشقكردن سەربازانی ئەمریكی لێیە و لە تشرینی یەكەمی ساڵی 2019دا دو گوللـە هاوەنی ئاڕاستەكرا.

بنكەی ئاڵتون كوبری: لەنێو پارێزگای كەركوك-دایە و 50 كیلۆمەتر دورە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان.

چوار بنكەی سەربازیی لە كوردستان: لە هەرێمی كوردستان، هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكان بەسەر چوار بنكەدا دابەشبون كە دەكەونە هەریەك لە ناوچەكانی، شەنگال، ئەتروش و دو سەربازگەكەی دیكە دەكەونە پارێزگای هەڵبەجە كە هاوسنورە لەگەل رۆژهەڵاتی كوردستانی ژێر هەژمونی ئێران.

هەردو بنكەی قەید ئەلبینائـ : راپۆرتە مێدیاییەكان ئاماژە بەوەدەكەن لە رومانەی نزیك ناوچەی قائیم و ناوچەی روتبە لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار دو بنكەی نوێی سەربازیی هەن كە لە پێشوازییی سەربازانی ئەمریكیدان.


نیشانەکردن :

#ئه‌مریكا #عێراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP