گەشتێكی نهێنی لە دیمەشقەوە بۆ بەغدا
كاتژمێرەكانی كۆتایی قاسم سولەیمانی و ئاشكرابونی لەلایەن فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانەوە

- 1/9/2020 4:44:00 PM 43777 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە كۆتا كاتژمێرەكانیدا پێش كوژرانی،  قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودس كە ئەندازیاری چالاكییە نهێنییەكانی  تاران بو لە دەرەوەی وڵاتەكەی، ئێوارەی رێكەوتی 2ی كانونی دوەم لە رێگەی فڕۆكەیەكی تایبەتەوە گەشتێكی كورتی لە دیمەشقەوە بەرەو بەغدا ئەنجامدا.
ئەبو مەهدی موهەندیس پێشوازی لێكرد، كە لە كاروبارە سیاسیەكاندا هاودەم و هاوپشكی بو


وەك كاری هەمیشەیی خۆی لەو جۆرە گەشتانەیدا كە لە ماوەی چەند مانگی رابردودا بە شێوەیەكی نهێنی و بەردەوام ئەنجامیدەدا، لە تەواوی رێكار و بەدواداچونە ئاساییەكانی  ئەو فڕۆكەخانانەی گەشتەكانی لێوە ئەنجامدەدا دوردەكەوتەوە، ئەوەش بە مەبەستی ئاشكرانەبونی شوناسی خۆی، فڕۆكەكەی رۆژی هەینی 2ی كانونی دوەم بە كاتی عێراق لە بەرەبەیاندا نیشتەوە، پاش ئەوەی لە گەشتیارانی گەشتە ئاسمانییە بازرگانییەكە دوركەوتەوە، لە قادرمەكانی دابەزینەخوارەوەی فڕۆكەخانە، ئەبو مەهدی موهەندیس پێشوازی لێكرد، كە لە كاروبارە سیاسیەكاندا هاودەم و هاوپشكی بو.

هەردوكیان پێكەوە بەڕێكەوتن بە مەبەستی ئامادەكاری بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ژمارەیەك بابەت و دۆسیەی بەپەلە، كە لەسەرو هەمویانەوە خۆپیشاندانەكانی گەلی عێراق بو دژ بە هەژمونی ئێرانی لە وڵاتەكەیان، لەگەڵ تاوتوێكردنی كارتەكانی فشارخستنەسەر هەژمونی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە بەغدا، ئەوەش بەگوێرەی رۆژنامەی گاردیان-ی بریتانی.

لەوكاتەدا سەرجەمیان دوربون لە گەشتیارانی دیكە و بەرپرسانی عێراقی، لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمریكییەوە دو موشەك بە تەواوی هەردو ئۆتۆمبێلەكەیان تێكشكاند 

هەردوكیان چونە ناو ئۆتۆمبێلێكی 4*4 و پاسەوانانیشیان بە ئۆتۆمبێلێكی دیكە لە پێشیانەوە بەڕێكەوتن تا بەرەو كۆتایی دەروازەكەی فڕۆكەخانە بڕۆن و گەشتنە سنوری ئەو دیوارانەی چواردەوری فڕۆكەخانەیان داوە كە بە تەلبەند دەوردرابو، لەوكاتەدا سەرجەمیان دوربون لە گەشتیارانی دیكە و بەرپرسانی عێراقی، لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمریكییەوە دو موشەك بە تەواوی هەردو ئۆتۆمبێلەكەیان تێكشكاند و دواتر موشەكی سێیەم ئۆتۆمبێلی پاسەوانانی پێكا.

رۆژنامەی گاردیان دەڵێت، پاش ئەوەی فرۆكە بێفڕۆكەوانە ئەمریكییەكە تەواوی جموجوڵەكانی ئەو فەرماندە دیاریكراوانەی گواستوەتەوە بۆ وەزارەتی بەرگری ئەمریكا "پێنتاگۆن" و ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی ئەو وڵاتە، وردەكاری ئەو گەشتە گەیەندرایە واشنتن.
بڕیاری كوشتنی سولەیمانی و مەهەندیس، دوەمین فەرمانی لەوشێوەیەیە كە لەماوەی دو مانگی رابردودا لەلایەن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاوە دەركرابێت


بڕیاری كوشتنی سولەیمانی و مەهەندیس، دوەمین فەرمانی لەوشێوەیەیە كە لەماوەی دو مانگی رابردودا لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاوە دەركرابێت، ئەویش پاش فەرمانكردنی بە كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی، سەرۆكی پێشوی رێكخراوی تێرۆریستی داعش، رۆژنامەی نیویۆرك تایمز-یش لەوبارەیەوە بڵاویكردەوە "ئەمجارەیان فەرمانی كوشتنی قاسم سولەیمانی، لەژێر بەهانەی یاسایەك بوە كە ساڵی 2002 لە لایەن كۆنگرێسی ئەمریكاوە دەركراوە و یاساكەش رێگەدەدات بە ئەنجامدانی چالاكی سەربازی لە عێراق، بە هەمانشێوە لەسەر بنەما و بەهانەی بەرگریكردن لە خود، كە لە یاسا نێودەوڵەتییەكاندا هەیە، لە كۆتاییشدا لەسەر بنەمای دەسەڵاتە دەستورییەكانی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا وەك فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئەو وڵاتە".

ژمارەیەك بەرپرسی ئەمریكی كە بەو مەرجەی ناویان ئاشكرانەكرێت بۆ راگەیاندنەكان لێدوانیاندا رایانگەیاند، ناوەندە هەواڵگرییەكانی وڵاتەكەیان پێش هێرشەكان زانیاریان بەدەستگەیشتوە و ئەو زانیارییانەش بونەتە هۆی ئەوەی بگەنە ئەو بڕوایەی "سولەیمانی لە قۆناغی داهاتودا پلانی هەیە بۆ هێرشكردنە سەر ئەمریكییەكان لە ژمارەیەك وڵات، لەوانەش عێراق و سوریا و لوبنان"، بەرپرسێكی باڵای ئەمركیش لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەكرد "سولەیمانی چەكی پەرەسەندوی داوە بە كەتیبەكانی حزبوڵا".

هاوكات رۆبێرت ئۆبراین، راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا سەبارەت بە كردنەئامانجی سولەیمانی بە رۆژنامەنوسانی وت "سولەیمانی لە دیمەشقەوە چوەتە عێراق و لەوێش پلانی داناوە بۆ هێرشكردنە سەر سەربازان و فڕۆكەوانان و هێزە دەریاییەكان و دێپلۆماتكارە ئەمریكییەكان".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP