خەندان ناوی ئەو وڵاتانە ئاشکرادەکات کە هێزەکانیان لە عێراق دەکشێننەوە

- 1/8/2020 4:25:00 PM 11378 جار خوێندراوەتەوە


خەندان- هیوا عەبدوڵا

دوای بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ چونەدەرەوەی هێزەبیانییەکان و گرژبونی پەیوەندییەکانی واشنتن و تاران، ئەمریکا، بریتانیا، ئەڵمانیاو فڕەنسا بڕیاریانداوە لە  چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق بەردەوام بن و هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ)ش بەشێوەیەکی کاتی هێزەکانی لە عێراقدا دەکشێنێتەوە.

رۆژی شەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبونی  168 پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی شیعەکان و بەبێ ئامادەبونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و زۆرینەی پەرلەمانتارانی سونە یاسای دەركردنی هێزە بیانیەكانی لەعێراق پەسەندكرد.



حكومەتی عێراق پابەند دەبێت بەهەڵوەشاندنەوەی ڕێكەوتننامەی ساڵی 2016ی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش

 

بەگوێرەی بڕیارەكە حكومەتی عێراق پابەند دەبێت بەهەڵوەشاندنەوەی ڕێكەوتننامەی ساڵی 2016ی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش كە بە مەبەستی هاوكاری واژۆی كردوە، هەروەها داواش دەکات هەمو ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی وڵاتانی بیانی لەعێراق كۆتایی پێ بهێندرێت و هێزە بیانییەكان لەسەر خاكەكەی بچنە دەرەوە و ڕێگە نەدرێت ئاسمانی عێراق بەویستی خۆیان بەكاربهێنن.

 

ئێران لەسەر زاری بەرپرسانی باڵاوە بەڵێندا تۆڵە لە هێزەکانی ئەمریکا بکاتەوە

 

بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق دوای ئەوە هات 3 ی ئەم مانگە قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس دوەمین کەسایەتی ناو حەشدی شەعبی لەلایەن فڕۆکەیەکی ئەمریکی بە ئامانج گیران و لەگەڵ هەشت کەسی دیکەدا کوژران، دوای ئەوەش ئێران لەسەر زاری بەرپرسانی باڵاوە بەڵێندا تۆڵە لە هێزەکانی ئەمریکا و ئەوانەش بکاتەوە کە دەستیان لە کوژرانی قاسم سولەیمانیدا هەبوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆش ئێران لە رێگەی ژمارەیەک موشەکەوە بنکەی عەین ئەلئەسدی تایبەت بە ئەمریکییەکانی لە پارێزگای ئەنبار و بنکەی هێزەکانی ئەمریکای لە هەریر بۆردومانکرد کە نزکترین بنکەی ئەمریکییە لە سنوری ئێران و دەکەوێتە سنوری پارێزگای هەولێر، بە گوێرەی فەرماندەکانی ئەمریکاش بۆردومانەکە زیانی نەبوە و هێزەکانیان سەلامەتن.

 

زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکی و عەرەبیش داوایان لە هاوڵاتیانیان کردوە سەردانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان نەکەن

 

دۆخی گرژییەکانی عێراق لەلایەن وڵاتانەوە لەسەر سێ ئاست مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، یەکەمیان پەیوەستە بە پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی هاوڵاتیانیان و لەو پێناوەشدا زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکی و عەرەبیش داوایان لە هاوڵاتیانیان کردوە سەردانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان نەکەن، لە هەنگاوی دوەمیشدا بەشێکی وڵاتان گەشتەکانیان لە رێگەی هێڵی ئاسمانییەوە بۆ بەغدا راگرت.

 

بەرلین دەخوازێت لە هاوپەیمانی سەربازی نێودەوڵەتی لە دژی داعش لە عێراقدا بەردەوام بێت

 

هەنگاوی سێیەمیش کە پەیوەستە بە بونی سەربازی وڵاتان کە بەشێکیان لە چوارچێوەی شەڕی داعش و بەشەکەی تریان بە گوێرەی رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق هاتونەتە ئەو وڵاتە، لە نێوان بژاردەکانی مانەوە و گواستنەوەی بنکە سەربازییەکان و کشانەوەدان، لەو بارەیەوە ئانیگرێت کرامب وەزیری بەرگری ئەڵمانیا بە رۆژنامەنوسانی وڵاتەکەی راگەیاندوە، "بەرلین دەخوازێت لە هاوپەیمانی سەربازی نێودەوڵەتی لە دژی داعش لە عێراقدا بەردەوام بێت و بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق دەستپێکردوە".

 

فرەنسا بەرنامەی نیە ژمارەی هێزەکانی لە عێراقدا کەم بکاتەوە

 

هەروەها سەرچاوەیەکی حکومی لە پاریس بە کەناڵی  DW ی ئەڵمانی راگەیاندوە، فرەنسا بەرنامەی نیە ژمارەی هێزەکانی لە عێراقدا کەم بکاتەوە، بەڵام ئاسایشی سەربازەکانی زیاتر دەکات و ئەوان لە مەشقکردن  بە هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبن.

 

لەندەن هەمو رێکارێک بۆ پاراستنی سەربازەکانی دەگرێتەبەر

 

هاوکات جەیمس سلاک وتەبێژی بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی بریتانیا رایگەیاندوە، لەندەن هەمو رێکارێک بۆ پاراستنی سەربازەکانی دەگرێتەبەر و داواشیان لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردوە ئاسایش و ئارامی ناوچەکە بپارێزن.

هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) دوێنێ سێشەممە کشانەوەی بەشێکی سەربازەکانی لە عێراقدا راگەیاند

 

لەلایەکی دیکەوە هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) دوێنێ سێشەممە کشانەوەی بەشێکی سەربازەکانی لە عێراقدا راگەیاند، ئەوەش دوای ئەوە هات بەرپرسانی ناتۆ بڕیاریانداوە بەشێوەیەکی کاتی مەشقکردن بە هێزە عێراقییەکان رابگرن.

لەو بارەیەوە بەرپرسێکی ناتۆ لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە کەناڵە ئەڵمانیاکەی راگەیاندوە، هەمو رێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی سەربازەکانیان گیراوەتەبەر کە خۆی لە دوبارە بڵاوپێکردنی هێزەکانیان لە چەند ناوچەیەکی دیکەدا دەبینێتەوە، رونیشیکردوەتەوە "لەگەڵ ئەوەشدا ناتۆ بونی خۆی لە بەغدا کۆتایی پێ ناهێنێت" .

 

هێزەکانمان لە عێراق دوبارە رێکدەخینەوە و پلانی کشانەوەمان نیە

 

هاوکات ئەمریکاش کە رێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ عێراقدا هەیە، بەهۆی کردنە ئامانجی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس هێزەکانی لەو وڵاتەدا خستوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، هاوکات دوای بڵاوبونەوەی نامەیەکی بەرپرسێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی "بە هەڵە"، مارک ئیسپەر وەزیری بەگری ئەمریکا رونیکردەوە "هێزەکانمان لە عێراق دوبارە رێکدەخینەوە و پلانی کشانەوەمان نیە".

سەرەتای کێشەکانی نێوان واشنتۆن و تاران جگە لە جیاوازی تێڕوانیان بۆ هەژمون و شێوازی ئیدارەدانی کێشەکانی و ناوچەکە و سیستەمی حکومڕانی، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی تاران بە ئامانجی پیشاندانی خۆی وەکوی ئەکتەرێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەهێز پەنای برد بۆ دەستکردن بە پیتاندنی یۆرانیۆم و دەستگەشتن بە چەکی  ئەتۆمی، هەنگاوێک کە لەلایەن بە نزیکەیی هەمو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رەتکراوەتەوە و ئەو بڕیارە بە مەترسی لەسەر داهاتوی خۆیان دەبینن، واشنتۆن و هاوپەیمانەکانیشی بە ئابلۆقەدان و سەپاندنی سزای خنکێنەر و پاکتاوکردنی سەرکردەکانی جێبەجێکاری هەژمونخوازی تاران، وەڵامی هەڕەشەکانیان داوەتەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP