لە تۆڵەی کوشتنی سولەیمانی، عەین ئەسەد موشەک بارانکرا
پێشتر ترەمپ سەردانی بنکەکەی کرد و وتاری تیایدا پێشکەشکرد

- 1/8/2020 10:34:00 AM 7510 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-         

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ئێران هێرشێکی موشەکی کردە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار لەباشوری رۆژئاوای عێراق، ئەوەش لەوەڵامی بۆردومانەکەی سێی ئەم مانگەی ئەمریکا کە تیایدا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران کوژراو بەهۆیەوە گرژیی و ئاڵۆزیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتربو.

چەند کاتژمێرێک پێش هێرشەکەی ئێران بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد، مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، "پێویستە لەسەر ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پێشبینی تۆڵەی کوشتنی سولەیمانی بکات لەلایەن ئێرانەوە".

ئەو هێرشەی ئێران بۆ ئەو بنکەیەی ئەمریکا بەدیارترین هێرش هەژماردەکرێت کە بۆ بنکەیەکی هێزە ئاسمانیەکانی ئەمریکا کرابێت، کە پێشتر چەندین بەرپرسی باڵای ئەمریکا سەردانیان کردبو.

مەشقەکانی بنکەکە

لەو بنکەیەدا هێزەکانی ئەمریکا مەشقیان بە هێزە سەربازیەکانی عێراق لە بنکەکانی پارێزگای ئەنبار دەکرد، ئەمەش بەشێک بوە لە هەوڵەکانی واشنتن بۆ بنیاتنانی هێزێک کە لەڕێگەیەوە بتوانێت هێرش بکاتە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران.

لەبنکە ئاسمانییەکەدا جگە لە هێزە ئەمریکی و عێراقییەکان، هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هەریەک لە وڵاتانی بریتانیا و دانیمارکی لەخۆگرتبو.

بنکەکە پێشوازی لە ترەمپ کردوە

لەکاتی پشوی سەری ساڵی نوێی 2018دا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەپاش وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە یەکەمین سەردانیدا بۆ عێراق و ناوچەکە، سەردانی بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەدی کرد و لێدوانێکی رۆژنامەوانی تیادا پێشکەشکرد.

ترەمپ لەو لێدوانەدا بەرگریکرد لە بڕیاری کشانەوەی دو هەزار سەربازی ئەمریکی لە سوریا، کە بەهۆی نیگەرانی  لەبارەی گۆڕانکاریە سیاسیەکانی ئەو وڵاتە ئەو بڕیارەی دەرکردبو.

پێشتر بنکەکە هێرشی دیکەی کراوەتەسەر

لەساڵی 2015 بە تۆپ و هاوەن لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی ئیسلامی داعش زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر ئەو بنکەیە ئەنجامدراوە.

لەهەمانساڵدا ئەو بنکە ئاسمانییەی ئەمریکا لەلایەن 25 چەکداری داعشەوە هێرشیکرایەسەر، بەڵام وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لەوکاتەدا رایگەیاند، هێرشەکە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە، کە پاسەوانی بنکەکە دەکەن بەرپەرچدراوەتەوە و زۆرینەی چەکدارەکانیش کوژراون.

لەمانگی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوشدا، پێج  موشەک ئاڕاستەی بنکەکە کران، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبو.

لەسەرەتای ئەم مانگەشدا دەزگاکانی راگەیاندن بڵاویانکردوە، هێرشکراوەتە سەر بنکەی عەین ئەسەد، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو ئەو دەنگۆیانەی پشتڕاست نەکردەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP