هەواڵی ئەمڕۆ

ئێران: زیاتر له‌ 80 سه‌ربازی ئه‌مریكی كوژراون

- 1/8/2020 9:11:00 AM 48963 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

راوێژكاری سوپای پاسدارانی ئێران رایگه‌یاند، له‌هێرشه‌كانی شه‌وی رابردوی سه‌ر بنكه‌ سه‌ربازیه‌كانی ئه‌مریكا له‌عێراق زیاتر له‌ 80 سه‌ربازی ئه‌مریكی كوژراون.

حه‌مید ره‌زا مقه‌ده‌م فه‌ر، راوێژكاری سوپای پاسدارانی ئێران له‌لێدوانێكدا رایگەیاند، "به‌پێی زانیاریه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانمان زیانێكی زۆر گه‌وره‌ بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌دی هێزه‌كانی ئه‌مریكا گه‌یشتوه‌، به‌ڵام ئه‌و وڵاته‌ ده‌یه‌وێت زیانه‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی كه‌م نیشانبدات و راستیه‌كان بشارێته‌وه‌".

ئه‌و ڕاوێژكاره‌ی سوپای پاسداران باسی لەوەشکردوە، له‌و هێرشانه‌دا كه‌ به‌پشت به‌ستن به‌سیستمی موشه‌كی به‌رگری ئه‌مریكا ئه‌نجامدراوه‌، لاوازی و شكستی سیستمی به‌رگری ئه‌مریكا نیشانده‌دات.

هۆشداریشی داوه‌ له‌هه‌ر وه‌ڵام و په‌رچه‌ كردارێكی ئه‌مریكاو رایگه‌یاندوه‌، هه‌ر په‌رچه‌كردارێكیان هه‌بێت و هێرش بكاته‌ سه‌ر ئێران سه‌رجه‌م به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی له‌ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ینه‌ ئامانج.

حه‌مید ره‌زا مقه‌ده‌م فه‌ر ئاماژه‌ی به‌هاوپه‌یمانه‌كانی واشنتن له‌ناوچه‌كه‌ كردو وتی، "سه‌رجه‌م هاوپه‌یمانه‌كانیان هه‌ر هێرشێك بكه‌نه‌ سه‌ر ئێران، له‌لایه‌ن سوپای پاسدارانه‌وه‌ به‌توندی روبه‌ڕویان ده‌بینه‌وه‌".

ژماره‌ی كوژراوانی ئه‌مریكاشی ئاشكراكردوه‌و وتویه‌تی، "زیاتر له‌80 سه‌ربازی ئه‌مریكا له‌هێرشه‌ موشه‌كیه‌كانی سه‌ر عه‌ین ئه‌سه‌دو هه‌ولێر كوژراون".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP