بەرپرسێكی سەربازی ئەمریكا كشانەوەی هێزەكانیان لەعێراق رادەگەیەنێت

- 1/6/2020 10:36:00 PM 43757 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ویلیام سیلی سێیەم، عەمیدی فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق لەنوسراوێكی فەرمیدا وردەكاری كشانەوەی هێزەكانی وڵاتانی هاوپەیمان لەناوچەكانی عێراق دەخاتەڕو، ڕاشیدەگەیەنێت، "لەچەند هەفتەی داهاتودا رێكارەكان جێبەجێدەكەن".

پێویستە لەسەر هێزەكانی هاوپەیمانان چەند رێكارێكی تایبەت و دیاریكراو بگرنەبەر
ویلیام سیلی سێیەم لەنوسراوێكی فەرمیدا كە ئاراستەی فەریق روكن عەبدولئەمیر ڕەشید یاروڵا جێگری فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی بەغدا سەر بەوەزارەتی بەرگری عێراقی كردوە ئەوەیخستۆتەڕو، وەك رێزێك بۆ سەرۆكایەتی كۆماری عێراق و بەپێی ئەو داواكاریەی سەرۆك وەزیران و پەرلەمان كە پێمانگەیشتوە، پێویستە لەسەر هێزەكانی هاوپەیمانان چەند رێكارێكی تایبەت و دیاریكراو بگرنەبەر، بۆ چونە دەرەوەیان لەعێراق بەشێوەیەكی دروست و پارێزراو.

هاتوچۆی هێلیكۆپتەر لەچواردەورو ناوچەی سەوزی بەغدا زیاد دەكات

وردەكاری چونەدەرەوەشیانی ئاشكراكردوەو ئەوەیخستۆتەڕو، "لەو ماوەیەداو لەكاتی جێبەجێكردنی بڕیاری چونەدەرەوەیان، هاتوچۆی هێلیكۆپتەر لەچواردەورو ناوچەی سەوزی بەغدا زیاد دەكات هێلیكۆپتەرەكانیش لەجۆری ( CH-47، AH64، UH060) دەبن و ژمارەیەكیشیان بەمەبەستی پارێزگاریكردن لەهێزەكان ئامادەییان دەبێت.

چالاكیەكان لەكاتەكانی شەودا ئەنجامدەدرێن

ویلیام سیلی سێیەم ئەوەشی ڕاگەیاندوە، "هێزەكانی هاوپەیمانی سەرجەم رێكارەكان دەگرنەبەر كە بەمەبەستی كەمكردنەوەی ترس و دڵەڕاوكێی هاوڵاتیان پێویستن، بەوهۆیەشەوە چالاكیەكان لەكاتەكانی شەودا ئەنجامدەدرێن".

ئەوەش لەكاتێكدایە، دوێنێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای دەركردنی هێزە بیانیەكانی لەعێراق پەسەندكرد.
بەگوێرەی بڕیارەكەش، حكومەتی عێراق پابەند دەبێت بەهەڵوەشاندنەوەی ڕێكەوتنەكەی كە داواكاری لەسەر وەرگرتنی هاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی واژۆی كردوە لەشەڕی داعشدا لەساڵی 2016، هەمو ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی وڵاتانی بیانیش لەعێراق كۆتایی پێ بهێندرێت و هێزە بیانییەكان لەسەر خاكەكەی بچنە دەرەوەو ڕێگەش نەدرێت ئاسمانی عێراق بەویستی خۆیان بەكاربهێنن.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP