براوەی یەکەمی قوڵبونەوەی قەیرانەکان لەعێراق و ناوچەکەدا

- 1/6/2020 4:53:00 PM 7133 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- بەهمەن ئەحمەد

چاودێرانی سیاسی ناوچەکە و جیهان لەسەر ئەوە کۆکن کەرێکخراوی داعش سودمەندترین لایەنی قوڵبونەوەی قەیرانەکانی ناوچەکە و ئاڵۆزتربونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانە.

قوڵبونەوەی قەیرانەکانی ناوچەکە پاش کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و مەهدی موهەندیسی جێگری فەرماندەی گشتی حەشدی شەعبی هات  لەلایەن ئەمریکاوە، ئێران بەڵێنی داوە بەتوندی وەڵامی ئەمریکا بداتەوە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بڕیاری راگرتنی چالاکییەکانی داوە و رێکخراوی ناتۆ و چەندین وڵاتی دیکەش تیمی راهێنەرانی سەربازی خۆیان لەعێراق کشاندۆتەوە، هەمو ئەمانە ئاماژەن بۆ دروستکردنی دۆخێکی لەبار بۆ بوژاندنەوەی رێکخراوی داعش لەناوچەکە.

هەڵپەساردنی چالاکییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆکایەتی ئەمریکا  
بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، پاش کوژرانی ئەو فەرماندەی سەربازی و ئەمنییەی ئێران، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆکایەتی ئەمریکا کەماوەی چەندین ساڵە شەڕی رێکخراوە تیرۆرستییەکان و بەیتایبەتیش رێکخراوی داعش دەکات، دوێنێ یەکشەممە بەفەرمی چالاکییەکانی خۆی لەعێراق هەڵپەسارد، ئەوەش بۆشاییەک بۆ رێکخراوی داعش دەکاتەوە تا بەباشترین شێوە خۆی رێکبخاتەوە و جارێکی دیکە بێتەوە مەیدان.

ئاڵۆزتربونی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا  
ئێران و ئەمریکا هەرچەند نەیار و دژیەک بون، بەڵام لەپرسی روبەروبونەوەی داعشدا لەعێراق و سوریا هاوڕا و لەهەندێک شوێنیش هاوسەنگەر بون، لەئێستادا و بەهۆی قوڵبونەوەی قەیرانەکانەوە، ئەم دو وڵاتە خراپترین پەیوەندییان هەیە و ئەوەش بەدڵنیاییەوە دەلاقێکی دیکە بەڕوی ئەم رێکخراوە مەترسیدارەدا دەکاتەوە کە پێشتر سودی لەبچوکترین دەرفەت وەرگرتوە بۆ خۆرێکخستنەوە و دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی.

بڕیاری دەرکردنی ئەمریکا لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە 
لەبارەی بڕیارەکەی دوێنێی پەرلەمان بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لەعێراق و بەتایبەتیش ئەمریکا، پسپۆڕانی سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق ئەو هەنگاوە وەک وەڵامێکی عێراق لێکدەدەنەوە بۆ نیشاندانی هێزەکانی ئەمریکا وەک هۆکارێک بۆ ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، هەرئەوەش دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای توڕە کردوە کە هەڕەشەی سەپاندنی سزای قورستر لەوانەی ئێران بەسەر عێراقدا بسەپێنێت، لەوەها دۆخێکیشدا دەرفەتی زۆرباش بۆ هێزە توندڕەوەکان و بەتایبەتیش داعش دروستدەبێت کە پێشتر هەمیشە سودیان لەخراپی دۆخی دارایی و ئابوری عێراقییەکان و ئاڵۆزییە ئەمنییەکان وەرگرتوە.

لەوبارەیەوە، دان یارگین بەرپرسی ناوەندی توێژینەوە ( IHS) لەئەمریکا دەڵێت، " کشانەوەی ئەمریکا لەناوچەکە رەنگە بۆ ئێران هەواڵێکی خۆشبێت، بەڵام بۆ داعشیش هەواڵێکی خۆشە، بەوپێیەی ئەو هێزە هەم سەرکردایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کردوە و هەمیش پێداویستی سەربازی و لۆجیستیکی و ئابوری پێشکەشی پێکهاتەکانی عێراق و حکومەتی ئەو وڵاتە کردوە کە پێناچێت لەئایندە بەو گوڕوتینەی جارانەوە بەردەوامبێت." 

لای خۆشییەوە، ئیلان گۆڵدنبێرگ بەرپرسی بەرنامەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناوەندی واشنتن بۆ ئاسایشی ئەمریکا رایگەیاند، " کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵدەدات سود لەکوشتنی ئەو فەرماندەیەی وڵاتەکەی وەرگرێت بۆ هەڵگرتنی هەنگاوی گەورەتر لەعێراق و ناوچەکە، بۆ ئەوەش لەیەکەم کاردانەوەدا پێش ناشتنی تەرمی سولەیمانی، لەڕێگای پەرلەمانی عێراق و تەیارە شیعییەکانەوە ئەو پەیامەی بەگوێی واشنتندا داوە."

ئێران دەیەوێت درێژە بەهەژمونی خۆی لەعێراق و ناوچەکە بدات، ئەمریکاش بەکوشتنی ئەو فەرماندە باڵایەی ئێران دەیەوێت پەیامێک ئاراستەی ئەو وڵاتە بکات کە ئەمریکا پلانی هەیە چوارچێوەی هەژمونی ئێران لەناوچەکە کەمبکاتەوە و سنوری تواناکانی ئەو وڵاتە لەناوچەکە بچوکبکاتەوە بۆ ناو سنورەکانی ئێران.  

لەلایەکی ترەوە، بەرپرسێکی باڵای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، رایگەیاندوە، لەئێستادا هەمو سەرنجێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەر پاراستنی بنکە سەربازییەکانی عێراقە لەهێرشی میلیشیاکانی ئەو وڵاتە کە هەمو فەرمانێک لەئێران وەردەگرن، بەتایبەتیش کەتیبەکانی حزبوڵا، ئەوەش دۆخەکە بۆ داعش لەبارتر دەکات.

گۆڵدنبێرگ کەوەک راوژێکاری تایبەتی بۆ پرسەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوان ساڵانی ( 2009-2012) خزمەتی کردوە راشیگەیاند، پرسی کاریگەرییەکانی دەرچونی ئەمریکا لەعێراق پرسیارێکی کراوەیە بەڕوی بەرپرسانی عێراقدا. ئەوەش بەواتای ئەوەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە پێویستە بیر لەلایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی کشانەوەی ئەمریکا بکەنەوە، بەتایبەتیش بۆ پرسی سەرهەڵدانەوەی گروپە تیرۆرستییەکان.

بەپێی لێکۆڵەرانی سیاسی ناوچەکەش، لەئێستادا دۆخی ئەمنی عێراق و ناوچەکە کە پێیناوەتە دۆخێکی زۆر ئاڵۆزترەوە، تەنها کێشە سەرەکییەکە نیە، بەڵکو مەترسی گەورە ئەو بۆشاییەیە کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و راگرتنی چالاکییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دروستیدەکەن.

ناڕەزایی شەقامی عێراقی و بەردەوامی خۆپیشاندانەکان
یەکێکی دیکە لەگرفتە هەرە سەرەکییەکانی عێراق، بەردەوامی خۆپیشاندانەکان و ناڕەزایەتییەکانی شەقامی عێراقییە کە بەهۆییەوە لەماوەی چەند مانگی رابردودا نەتوانراوە سەرۆک وەزیرانێکی نوێ بۆ عێراق دابنرێت و هێزە ئەمنییەکانیشی زیاتر بەخۆیەوە سەرقاڵکردوە، قوڵبونەوەی قەیرانەکانی ناوچەکە بەرپرسانی عێراق دەخاتە گۆشەیەکەوە کە نەتوانن داواکاری شەقامی عێراقی جێبەجێبکەن، بەوەش ناڕەزایەتییەکان یان پێدەنێتە قۆناغێکی دیکەی توندوتیژییەوە یان بەشەڕی ناوخۆی هێزەکان و شەقام کۆتایی دێت، ئەو حاڵەتەش بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی نابێت، هەمو ئەو دۆخەش لەبەرژوەندی هێزە تیرۆرستییەکانە لەعێراقدا.

قوڵبونەوەی ناکۆکییەکانی هێزە میلیشیاکان و کێشە تایفییەکان
لەلایەکی ترەوە، لەئەگەری ناچارکردنی هێزەکانی ئەمریکا  بۆ دەرچون لەعێراق، پرسێکی دیکەی گرنگ کە لەبەرژەوەندی رێکخراوی داعشدایە، سەرهەڵدەدات، ئەویش قوڵبونەوەی ناکۆکییەکانی هێزە میلیشیاکان و کێشە تایفییەکانە کە پێشتر ئەمریکا رۆڵی بەرچاوی بینیوە لەچارەسەرکردنیان، ئەوەش دەرفەت دەداتە رێکخراوە توندڕەوەکان لەقوڵایی ناکۆکییەکاندا، خۆیان رێکبخەنەوە، چونکە هۆکاری سەرەکی کۆنترۆڵکردنی دوەم گەورە شاری عێراق( موسڵ) و ناوچەکانی دەوروبەری لەساڵی 2014-دا لەلایەن رێکخراوی داعشەوە سودوەرگرتن بو لەو بۆشاییە ئەمنییەی کە بەهۆی ململانێ تائیفییەکانەوە سەریهەڵدابو.

لاوازبونی سوپای عێراق و بەهێزبونی هێزە میلیشیاکان
ئەمریکا هەمیشە پشتیوانی بەهێزکردنی دەسەڵاتی ناوەندی و سوپای عێراق بوە، لەبەرامبەردا گروپە میلیشیاکان کە بەپشتیوانانی ئێران ناسراون، هەمیشە هەوڵی ئەوەیانداوە، بەسود وەرگرتن لەدۆخی عێراق، پێگە و دەسەڵاتی خۆیان لەناو حکومەت و دامەزراوەکان زیادبکەن، دروستبونی سوپای حەشدی شەعبی و کەتیبەکانی حزبوڵا و چەندین هێزی دیکەی میلیشیا نمونەی زیندوی ئەم هاوکێشە سیاسییەن، کشانەوەی ئەمریکا پاڵ بەم هێزە میلیشیایانەوە دەنێت هێندەی تر پێگەی سەربازی حکومەتی عێراق لاوازبکەن و زیاتر دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن، بەوەش هەم ململانێ تائیفییەکان لەنێوان سوننە و شیعە تۆختر دەبنەوە، هەم توانای حکومەتی ناوەندی و هێزە ئەمنییەکان بۆ ئیدارەدانی ململانێکان و روبەروبونەوەی گروپە تیرۆرستییەکان لاوازدەبێت.

کشانەوەی تیمی سەربازی رێکخراوی ناتۆ و چەندین وڵاتی دیکە
لەلایەکی ترەوە، بەهۆی  کاریگەری قوڵبونەوەی قەیرانەکان تائێستا رێکخراوی ناتۆ و چەندین وڵاتی دیکە لەوانە سوید، دانیمارک و کەنەدا چالاکییەکانی راهێنانی سەربازی خۆیان لەعێراق راگرتوە، ئەوەش جارێکی تر بەربەستەکان لەبەردەم رێکخراوی داعش واڵادەکات بۆ خۆ رێکخستنەوەو هاتنە پێشەوەی بەشێوەیەکی چالاک.

لەکۆتایدا، ماوەتەوە بڵێین هەمو ئاماژەکان بۆ تۆخبونەوەی قەیرانەکان و ئەو هەنگاوانەی کە ئێران و بەرپرسانی عێراق بەنیازن لەئایندە بینێن بەئاراستەی ئەوەیە کە دۆخێک لەعێراق دا دروستدەبێت تێیدا براوەی یەکەم رێکخراوی داعش و گروپە تیرۆرستییەکانە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP