ئەو چەكەی ئایندەی بون لەدەستی رزگاری نابێت
لە بنەڕەتەوە تا ئەمڕۆ هەمو شتێك دەربارەی بۆمبی ئەتۆم

- 1/6/2020 3:27:00 PM 8035 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بۆمبی ئەتۆمی چیە و چەند جۆرە، بیردۆزەكەی لەلایەن كێوە بنیادنرا و بۆ یەكەمجار كێ ئەو چەكەی داهێنا، شێوەكانی یۆرانیۆم چۆنن،  چۆنیەتی تەقاندنی ئەو بۆمبە، كارلێكە كیماییەكانی، یۆرانیۆم لە كوردستان و شكستەكانی پرۆژەی ئەتۆمی لە عێراق، ئەمانە و چەندین بابەتی تر تایبەت بە یۆرانیۆم بە چەند بەشێك لە خەندان-ەوە بڵادەكرێتەوە، كە لەلایەن بڵند زرار شێخەروانی، ئەندازیاری كیمیاییەوە ئامادەكراوە، پاش ئەوەی لە بەشی یەكەمدا بەشێوەیەكی گشتی باس لە جۆرەكانی بۆمبی ئەتۆمی كرا، بەشی دوەمیش تایبەتە بە چۆنیەتی تەقاندنی بۆمبی پلۆتۆنیۆمی و سێ جار تاقیكردنەوەی بۆمبەكە.

بـــــــەشـــــــی دوەم

تێستی ئەتۆمی
یەکەم تێستی ئەتۆمی بەناوی Trinity test لە نیو مێکسیکۆ تاقیکرایەوە کە ئێستا ناوچەکە بە ناوچەی لمی سپی ناوی ناسراوە، لە 16 تەمموزی 1945 لەدرێژەی پڕۆژەی مانهاتن ئەو بۆمبە تەقێندرایەوە کە لە جۆری بۆمبی ئەتۆمی بو ٫لەلایەن ئەندازیار (ڕۆبێرت هایمن ) دیزاین کرابو،  جۆری بۆمبەکە یۆرانیۆمی بو،  هێزەکەی لەنێوان 15000-20000 تەن TNT خەمڵێنراوە، دوەم بۆمبی ئەتۆمی  لە مێژودا تەقێنرایەوە بۆمبەکەی هێرۆشیما و سێیەم بۆمبەکەی ناکازاکی بو.

بۆمبەکەی هێرۆشیما
لە 6 ئابی 1945بۆمبی یۆرانیۆمیی لە ئاسمانی شاری هێرۆشیما خرایە خوارەوە لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمریکاوە، ناوی little boy لێنرا واتا کوڕی بچوک، ئەمەش وەک کۆدێک بەکاردەهات بۆ بۆمبی یۆرانیۆمی لە پڕۆژەی مانهاتن، مەبەستی بەردانەوەی بۆمبەکە لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ناچارکردنی ئیمپراتۆری یابان بو تا لە جەنگی دوەمی جیهانی خۆی بەدەستەوە بدات، كە هێزی بۆمبەکە 15کیلۆ تەن تی ئێن تی بو.

وردەکاری لەبارەی little boy 
جۆر: یۆرانیۆم-235
جۆری بۆمب: بۆمبی ناوکی 
وڵات: ئەمریکا
دیزاین: los alamos laboratory (تاقیگەی لۆس ئالامۆس)
ساڵی دروستکردن: 1945
ژمارە: 36 دانەی لێ دروستکرا
کێشی بۆمب: 4400 کیلۆگرام
درێژی: 3 مەتر
تیرە: 0.71 مەتر
کێشی یۆرانیۆم:64 کیلۆگرام
هێز :15 کیلۆ تەن تی ئێن تی

بۆمبەکەی ناکازاکی
دوای سێ ڕۆژ لە بەرگریکردنی ئیمپراتۆری یابانی، ئەمریکا بۆ جاری سێیەم تاقی کردەوە و بۆ جاری دوەم زەبرێکی گەورەی لەمێژوی مرۆڤایەتی دا و بۆمبە کۆمەڵکوژەکەی وەشاند، تەنها دوای72 کاتژمێر لە بۆمبەکەی هێرۆشیما واتا لە 9 ئابی 1945، بەڵام ئەمجارە بۆمبەکە لە جۆری بۆمبی پلۆتۆنیۆمی بو ناوی fat man واتا (پیاوی قەڵەو)ی لێنرابو هێزەکەی 21 کیلۆ تەن تێ ئێن تی بو، شێوەی بۆمبەکە هێلكەیی بو.

وردەکاری لەسەر fat man 
جۆر: پلۆتۆنیۆم-239
جۆری بۆمب: بۆمبی ناوکی 
وڵات: ئەمریکا
دیزاین: los alamos laboratory (تاقیگەی لۆس ئالامۆس)
ساڵی دروستکردن: 1945-1949
ژمارە: 120 دانەی لێدروستکرا
کێشی بۆمب:6470 کیلۆگرام
درێژی: 3.3 مەتر
تیرە: 1.5 مەتر
کێشی پلۆتۆنیۆم:6.4 کیلۆگرام
هێز :21کیلۆ تەن


شێوەی تەقینەوەی بۆمبی پلۆتۆنیۆمی
شێوەی تەقاندنی بۆمبی پلۆتۆنیۆمی جیاوازە لەبۆمبی یۆرانیۆمی، ناوکی بۆمبی پلۆتۆنیۆمی شێوەیەکی خڕی هەیە بە جۆرێک کە پلۆتۆنیۆمی-239 ی تیشکدەر کە پیتێنراوە و ئامادەکراوە  لەناوەڕاستی بۆمبەکە دادەنرێت، هەرکاتێك کە بۆمبەکە دەخرێتە خوارەوە لەلایەن فڕۆکەوە ئەوکاتەی بەرزەوی دەکەوێت لە چێوەی بۆمبەکەوە هێزیک دەخاتە سەر ناوکی بۆمبەکە بەشێوەیەکی بازنەیی و بەو شێوەیەش پلۆتۆنیۆم دەستدەکات بەتەقینەوەو دەرپەڕاندنی وزە.

شێوەی تیشکدانی بەرێگەی ناوکە دوکەرتبون دەبێت وەک بۆمبی یۆرانێۆمی، بەڵام جیاوازیان ئەوەیە کە بۆمبی یۆرانیۆم لە ئاسمان دەتەقێتەوە چونکە وەک باسمان کرد پارچە یۆرانیۆمەکە خۆی دەكێشێت بەو کونە بۆشەی کەلەسەری بۆمبەکەدا هەیە و دەتەقێتەوە، بەڵام بۆمبی پلۆتۆنیۆمی کاتێک کە دەکەوێتەسەر زەوی ئینجا دەتەقێتەوە ئەویش بەهۆی ئەو هێزەی کە لە بەرکەوتنی بۆمب و زەوی پەیدا دەبێ، بۆیە هەمیشە بۆمبی پلۆتۆنیۆمی هێزەکەی زیاترە بەراورد بە بۆمبی یۆرانێۆمی.

 

كۆتایی بەشی دوەم

 


نیشانەکردن :

#زانستیی #بۆمبی ئەتۆم

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP