هەنگاوی یەکەمی کشانەوەی هێزە بیانیەکان لەعێراق دەستیپێکرد

- 1/6/2020 3:10:00 PM 87734 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-           

وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق ئامادەکاری بۆ کشانەوەی هێزە بیانیەکان لە عێراقدا دەستپێکردوە.

لیوا عەبدولکەریم خەلەف، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "حکومەتی عێراق ئامادەکاری بۆ کشانەوەی هێزە بیانیەکان دەستپێکردوە، لەئێستا بەدواوە چالاکییەکانی هێزە بیانیەکان لەچوارچێوەی راوێژی سەربازی کورتدەکرێنەوە، هەمو سەربازە چەکدارەکان وڵات جێدەهێڵن".
حکومەتی عێراقی جوڵە زەمینی، دەریایی و ئاسمانیەکانی هێزە هاوپەیمانەکانی راگرتوە و رێگەنادات بۆ هیچ شوێنێک بڕۆن

 

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی عێراقی جوڵە زەمینی و دەریایی و ئاسمانیەکانی هێزە هاوپەیمانەکانی راگرتوە و رێگەنادات بۆ هیچ شوێنێک بڕۆن.

دوێنێ یەکشەممە پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکدا بە پڕۆژە بڕیارێک داوای لە حکومەت کرد کە کۆتایی بە بونی هێزە بیانییەکان بهێنێت و داواکاری هاوکاریکردن لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش هەڵوەشێنێتەوە.
ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانی بەشێوەیەکی سەربەخۆ ئەنجامداوە
وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق باسی لەوەشکردوە، ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانی بەشێوەیەکی سەربەخۆ ئەنجامداوە و پرسی بە فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق نەکردوە.

لەبەرامبەردا دەرچونی ئەو یاسایە لە پەرلەمانی عێراق، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەکاتی گەڕانەوەیدا لە ویلایەتی فلۆریدا بەرۆژنامەنوسانی راگەیاندوە، "ئەگەر  هێزەکانی ئەمریک ناچار بە چونەدەرەوە بکرێن، بەشێوەیەک سزاکان بەسەر عێراقدا دەسەپێنین کە پێشوتر هاوشێوەی نەبوە و سزاکانی سەر ئێرانی  دراوسێی ئێران له‌ چاویدا بچوك دەبێت".

نیشانەکردن :

#عێراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP