واشنتن پۆست ئەندازیاری کوشتنی قاسم سولەیمانی ئاشکرا دەکات

- 1/6/2020 2:46:00 PM 32657 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-           

رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی لەراپۆرتێکدا رۆڵی مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دەرکردنی بڕیاری کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لەلایەن کۆشکی سپیوە بڵاوکردەوە و بە "ئەندازیاری کوشتنی سولەیمانی" ناودەبات.
فەرمانی کوشتنی قاسم سولەیمانی بەهۆی سوربونی مایک پۆمپیۆ بو

 

رۆنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی ئەمڕۆ دوشەممە لەزاری ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەمریکاوە کە نەیانویستوە ناویان ئاشکرابکرێت بڵاویکردەوە، "فەرمانی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بەهۆی سوربونی مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە بو، لەوبارەیەوە چەندین رۆژ پێش روداوەکە بەردەوام پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئەنجامداوە".
 پۆمپیۆ نیگەرانی پاشگەزبونەوەکەی مانگی حوزەیرانی رابردوی ترەمپبو، بۆ هێرشکردنە سەر تاران لەبەرامبەر خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە

 

یەکێک لە بەرپرسەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردوە، پۆمپیۆ نیگەرانی پاشگەزبونەوەکەی مانگی حوزەیرانی رابردوی ترەمپبو، بۆ هێرشکردنە سەر تاران لەبەرامبەر خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە.

رۆژنامەکە باسی لەوەشکردوە، سەرەتای مانگی رابردو بۆ یەکەمینجار پۆمپیۆ باسی کوشتنی سولەیمانی کردوە، لەوکاتەدا وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپیش ئامادە نەبون بۆ ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە.

نیویورک تایمز ئەوەشی خستوەتەڕو، لە 27ی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوەوە لەدوای کوشتنی ژەنەڕاڵێکی خانەنشینکراوی ئەمریکی لە هێرشێکی موشەکیدا لەبنکەی "K1" لەپارێزگای کەرکوک، رەوشەکە گۆڕا و هەریەک لە مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا و مایک پۆمیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و مارک میلی، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا لەفلۆریدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆبونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو بژاردانەی کە دەکرێت لەرێگەیەوە وەڵامی ئێرانی پێبدرێتەوە، یەکێک لەو بژاردانەش کوشتنی سولەیمانی بو.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان کە وایکرد ترەمپ فەرمانی کوشتنی سولەیمانی دەربکات، هاوکاری نێوان ئیسپەر و پۆمپیۆ بوە لە لیکۆڵینەوەکانیان لەوبارەیەوە لە ئەکادیمیای سەربازی ئەمریکادا

 

ئەو سەرچاوانە بە رۆژنامەکەیان راگەیاندوە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان کە وایکرد ترەمپ فەرمانی کوشتنی سولەیمانی دەربکات، هاوکاری نێوان ئیسپەر و پۆمپیۆ بوە لە لیکۆڵینەوەکانیان لەوبارەیەوە لە ئەکادیمیای سەربازی ئەمریکادا، لەپاشاندا مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا پاڵپشتی لە پلانەکەیان کردوە.
 ترەمپ، پۆمپیۆی هەڵبژاردوە بۆ بەرگریکردن لە بڕیاری کوشتنی سولەیمانی، لەبەردەم میدیا و دەزگاکانی راگەیاندنی جیهاندا

 

واشنتن پۆست دەڵێت، ترەمپ پۆمپیۆی هەڵبژاردوە بۆ بەرگریکردن لە بڕیاری کوشتنی سولەیمانی، لەبەردەم میدیا و دەزگاکانی راگەیاندنی جیهاندا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشبینی ئەوەشیکردوە وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەکە پشتگیری لە کوشتنی سولەیمانی بکەن، سەرەڕای ئەوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەی بەبێ ئاگاداری ئەو وڵاتانە ئەنجامدا.

لەکۆتایی راپۆرتەکەدا هاتوە، کوشتنی سولەیمانی "سەرکەوتنێکی بیرۆکراتیانە" بو لەلایەن پۆمپیۆوە، ئەوە سەڕای ئەوەی ئەنجامی ئەوکارە سزای قورسی وەک کوشتنی دیپلۆماتکارەکانی ئەمریکا لەناوچەکە و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکای لەناوچەکەدا لێدەکەوێتەوە.

نیشانەکردن :

#ئه‌مه‌ریكا #ئێران

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP