خه‌ندان زانیاری نوێ لەبارەی دابه‌شكردنی موچه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌

- 1/5/2020 3:21:00 PM 89889 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رۆژی سێشه‌ممه‌ ده‌ست به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی 10ی 2019ی فه‌رمانبه‌ران ده‌كات، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ش یه‌كه‌م وه‌زاره‌ت ده‌بێت كه‌ موچه‌ی پێده‌درێت.

به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه‌ به‌ خه‌ندان دراوە، ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 7ی ئه‌م مانگه‌، حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ست به‌دابه‌شكردنی موچه‌ ده‌كات و سه‌ره‌تاش موچه‌ی دیوانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و لیوا هاوبه‌شه‌كان دابه‌شده‌كات، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ش، موچه‌ی هه‌ریه‌ك له‌یه‌كه‌كانی 70 و 80ی هێزی پێشمه‌رگه‌ دابه‌شده‌كات.

هه‌ر به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كانی سه‌رچاوه‌كه‌ی خه‌ندان، هه‌رچه‌ندە تا ئێستا به‌فه‌رمی یه‌كلانه‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام بڕیاره‌ ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 9-1-2020 موچه‌ی مانگی 10ی 2019ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ دابه‌شبكرێت.

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری هه‌رێمی كوردستان بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ پشتبه‌ دو سه‌رچاوه‌ی دارایی ده‌به‌ستێت، یه‌كه‌میان، فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ، دوه‌میان ناردنی پشكی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌ به‌غداوه‌ كه‌ مانگانه‌ 522 ملیار دیناره‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP