سوپای پاسداران دەقی ئەو نامەیە ئاشکرا دەکات کە واشنتۆن دوای کوژرانی سولەیمانی ئاڕاستەی کردون

- 1/4/2020 11:04:00 AM 143232 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جێگری فەرماندەیی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، واشنتن لەو نامەیەدا کە لە رێگەی سویسراوە ئاڕاستەی کردون داوای کردوە کە نابێت "کاردانەوەی ئێران لە ئاستی کوژرانی سولەیمانی زیاتر بێت"، دەشڵێت واشنتن ناتوانێت شێواز و ئاستی کاردانەوەکانی ئێران دیاریبکات.

 

کاردانەوەی ئێران نابێت لە ئاستی تۆڵەسەندنەوە لە کوژرانی قاسم سولەیمانی زیاتر تێپەڕێت


عەلی فەدەوی جێگری فەرماندەیی سوپای پاسدارانی ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەشكردوە، "نامە فەڕمییەکەی ئەمریکا داوا دەکات کە کاردانەوەی ئێران نابێت لە ئاستی تۆڵەسەندنەوە لە کوژرانی قاسم سولەیمانی زیاتر تێپەڕێت".

 

واشنتن ناتوانێت شێواز و چۆنییەتی کاردانەوەی ئێران بەرامبەر کوژرانی سولەیمانی دیاریبکات

 

 
ئەوەشی خستوەتەڕو، "واشنتن ناتوانێت شێواز و چۆنییەتی کاردانەوەی ئێران بەرامبەر کوژرانی سولەیمانی دیاریبکات، شارەزایان دەزانن کە تاوانەکەی ئەمریکا خاڵییە لە هەمو بەهایەکی ئاسایشی، هەمو لایەکیش دەزانن کە جوڵەکانی سولەیمانی بە نهێنی نەبوە".

ئەوە لە کاتێکدایە دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی سویسرا رایگەیاند، یەکێک لە دبلۆماتکارەکانیان نامەیەکی فەرمی ئەمریکای بۆ دەسەڵاتدارانی ئێرانی بردوە، کە پەیوەندی بە کوژرانی قاسم سولەیمانییەوە هەبوە.

بەرەبەیانی 3/1/2020، لە هێرشێكی موشەكی فرۆكەكانی ئەمریكا بۆ سەر دو ئۆتۆمبێل لە نزیك فرۆكەخانەی بەغداد، هەریەك لە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی گشتی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و 8 كەسی دیكە كوژران.


نیشانەکردن :

#ئێران

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP