ئه‌مریكا بۆردومانكردنی باره‌گاكانی داعشی له‌مه‌خمور ده‌ستپێكرد

- 1/3/2020 9:23:00 PM 36459 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

فرۆكه‌كانی وڵاتانی هاوپه‌یمان به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا، بۆردومانی بنكه‌و باره‌گاكانی گروپی تیرۆرستی داعش-یان له‌چیای قه‌ره‌چوغ له‌سنوری قه‌زای مه‌خمور ده‌ستپێكرد.

غازی فه‌یسه‌ڵ كارگێڕی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری یه‌كێتی له‌سنوری مه‌خمور، به‌خه‌ندان-ی ڕاگه‌یاند، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ فڕۆكه‌كانی وڵاتانی هاوپه‌یمانانی شه‌ڕی دژ به‌داعش، بنكه‌و باره‌گاكانی پاشماوه‌كانی گروپی تیرۆرستی داعش-یان ڕۆژهه‌ڵاتی چیای قه‌ره‌چوغ بۆردومان كرد.

وتیشی:" له‌ئێستاشدا فرۆكه‌ جه‌نگیه‌كان به‌رده‌وامن له‌سوڕانه‌وه‌ به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌داو تا ئێستا به‌وردی ژماره‌ی كوژراو بریندارانی تیرۆرستانی داعش نه‌زانراوه‌".

له‌چه‌ند ڕۆژی ڕابردوشدا، غازی فه‌یسه‌ڵ كارگێڕی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری یه‌كێتی له‌سنوری مه‌خمور به‌ خه‌ندان-ی ڕاگه‌یاندبو، "زیاتر له‌ 1000 چه‌كداری داعش له‌ناوچه‌ جیاجیاكانی چیای قه‌ره‌چوخ نیشته‌جێن و جموجۆڵه‌كانیشیان به‌ئاشكرا له‌سنوره‌كه‌ هه‌ستی پێده‌كرێت".

له‌كۆتایی ساڵی ڕابردوش، ژماره‌یه‌ك پارێزه‌ری جوتیارانی سنوری قه‌راج و كه‌ندێناوه‌ و قه‌زای مه‌خمور مه‌ترسیه‌كانی داعشیان له‌سه‌ر جوتیارانی سنوره‌كه‌ و ناڕه‌زایه‌تی جوتیارانیان به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش گه‌یانده‌ په‌رله‌مانی كوردستان.

قه‌زای مه‌خمور به‌دوری 60 كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی هه‌ولێرو به‌دوری 50 كیلۆمه‌تریش ده‌كه‌وێته‌ باشوری شاری موسڵه‌وه‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP