لەسەر داوای فەرهاد پیرباڵ، هەڵمەتی ئەنلایککردنی پەیجی ئەڤین ئاسۆ دەستیپێکرد

- 12/28/2019 9:46:00 PM 89307 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای ئەوەی ناکۆکی کەوتە نێوان د.فەرهاد پیرباڵ و کەناڵی نێت تیڤی، بەهۆی "دەرکردنی فەرهاد پیرباڵ" لە نیوەی پرۆگرامێکی ئەڤین ژن و ژیاندا، پیرباڵ داوای ئەنجامادانی هەڵمەتی ئەنلایککردنی پەیجی فەرمی ئەڤین ئاسۆی لە هەوادارانی کرد.


لە ئێستادا هەڵمەتێکی بەرفراوان لەلایەن  بەکارهێنەرانی فەیسبوکەوە بۆ ئەنلایککردنی پەیجی خانمە پێشکەشکاری بەناوبانگی کوردستان، ئەڤین ئاسۆ بەردەوامە و بەشێوەیەکی بەرچاوی لایکی پەیجەکەی کەمی کردوە.

ئەڤین ئاسۆ لە دوای مانگی 12ی ساڵی رابردوەوە یەک ملیۆن لایکی تێپەڕاند، بەڵام لە ئێستادا کەمی کردوە بۆ 970 هەزار، بەو پێیەش زیاتر لە  30 هەزار لایک کەمی کردوە.

شەوی رابردو فەرهاد پیرباڵ لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک دەقی داوا یاساییەکەی بڵاوکردەوە کە لە دژی کەناڵی نێت تیڤی و ئەڤین ئاسۆ تۆماریکردوە، لە داواکەدا فەرهاد پیرباڵ دەڵێت " لەلایەن ئەڤین ئاسۆ و کارمەندانی کەناڵی داوالێکراو، تەکلیف کرام بە ئەنجامدانی بەرنامەیەک، دوای خۆ ئامادەکردنم دەستکرا بە بەرنامەکەم، بێئەوەی هیچ هه‌ڵەیەک بکەم و تەشهیر بە هیچ کەسێک بکەم کۆتاییان بە بەرنامەکە هێنا، بەشێوازێکی ناشیرن لە کەناڵەکە دەرکرام".

فەرهاد پیرباڵ لە درێژەی داواکەیدا ئەوەشی خستەڕو "داوا لە دادگا دەکەم داوالێکراو بانگبکرێت بۆ بەردەم دادگا، پابەند بکرێت بە قەرەبو کردنەوەم بە بڕی 200 هەزار دینار، مافەکانی دیکەم دەپارێزم بە داوایەکی تێهەڵکێش لەکاتی دیاری کردنی پارەی قەرەبو لەلایەن چەند شارەزایەکی ئەم بوارە".

ئەمە دوای ئەوەی هات کە رۆژی پێنج شەممە فەرهاد پیرباڵ، ئامادەی بەرنامەی ئەڤین ژن و ژیان بو، پێش کۆتایی هاتنی ماوەی دیاری کراو کۆتایی بە بەرنامەکە هات، تەواوی بەرنامەکە لە لاپەڕەی فەرمی کەناڵەکە سڕایەوە، ئەمەش بوە هۆی ئەوەی دەنگدانەوەی زۆر بەدوای خۆیدا بهێنێت لەناو خەڵکدا، تائێستا کەناڵی ناوبراو هیچ رونکردنەوەیەکی دەربارەی ئەو بابەتە بڵاونەکردوەتەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP