پەرتوكی "ژنە نوسەرەكانی كورد" بڵاودەكرێتەوە

- 12/22/2019 8:06:00 PM 3145 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ژنە نوسەرەکانی کورد، پەرتوكێكی تایبەتە بە مێژو و ژیانی 20 ژنە نوسەری كورد لە هەریەك لە باشور و رۆژهەڵاتی كوردستان و زامدار ئەحمەد، نوسەر و رۆژنامەنوس نوسەری پەرتوكەكەیە.
 
زامدار ئەحمەد، نوسەری "ژنە نوسەرەكانی كورد" سەبارەت بە پەرتوكەكەی لەمیانی لێدوانێكیدا بۆ دەزگای میدیایی خەندان وتی "نوسین و پەرتوكی تایبەت بە ژنانی نوسەری كورد زۆر كەمە، بەجۆرێك گەر كەسێك هەوڵبدات سەبارەت بە ژنە وەرگێڕ و نوسەرەكانی كورد زانیاری دەستبكەوێت هیچی وا بەردەست نیە، بەڵام بۆ ژنە نوسەرانی نەتەوەكانی دیكە بەو شێوەیە نیە، بەوهۆیەوە ئەركی نوسینی ئەو پەرتوكە نوێیەی لەئەستۆگرتوە".

كتێبەكە تایبەتە بەو ژنە نوسەر و وەرگێڕە كوردانەی لە ئێستادا لە ژیاندان

ئەو نوسەرە ئاماژەی بەوەشكرد "كتێبەكە تایبەتە بەو ژنە نوسەر و وەرگێڕە كوردانەی لە ئێستادا لە ژیاندان، بەو شێوەیە ستایلی (زیندو کوژی مردو پەرست)مان گۆڕیوە، ئەو ژنە نوسەر و وەرگێڕانەش لە دو توێی پەرتوكەكەشدا جێیان بوەتەوە كە زیاتر 10 لە كتێبیان بڵاوكردوەتەوە".

لەبارەی ریزبەندی خانمە نوسەرەكانی نێو پەرتوكەكەی، زامدار ئەحمەد رایگەیاند "لەسەر بنەمای ژمارەی پەرتوكەكانیان ریزبەندیەكە دانراوە و بەشێك لە تێكستی خانمە نوسەرەكانی تێدایە بەو مەبەستەی خوێنەرانی پەرتوكەكە بە شێوازی نوسینیان ئاشنابن، سەرەڕای ئەوەش ناوی كتێبی چەند نوسەرێكی سەدەی پێشو لەخۆدەگرێت كە لە ئێستادا لە بازاڕەكاندا نەماون، بۆیە تەنها ناویان هێنراوە و ناساندنی كتێبەكانی تێدا نیە".

پەرتوكی "ژنە نوسەرەكانی كورد" 20 نوسەری باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لەخۆ گرتوە کە بریتین لە "كوردستان موكریانی، شوكریه‌ ڕه‌سوڵ، سۆزان جه‌مال، مه‌هاباد حه‌سه‌ن، به‌یان سه‌لمان، شیرین. ك، ڤینۆس فایه‌ق، کنێر عەبدوڵڵا، گەلاوێژ خان، شیرین تاھیر، زێنه‌ب یوسفی، كازیوه‌ ساڵح، باران، چنار نامیق، چنور نامیق، شلێر ڕه‌شید، نازەنين عوسمان، فه‌وزیه‌ ساڵح، زارا ستاوه‌ند، شیلان گه‌یلانی".

لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ خەندان نوسەر سەبارەت بە پەرتوكەكەی وتیشی"پەرتوكەكە لە 350 لاپەڕەدا خۆی دەبینێتەوە و لە هەردو شاری سلێمانی و هەولێر دەكەوێتە بەردەست خوێنەران، ئەمەش بەرگی یەكەمی پەرتوكەكەیە و بۆ كاركردن لەسەر بەرگی دوەم، لەسەر بنەمای بەرگی یەكەم باس لە ژمارەیەكی دیكەی نوسەرانی كورد دەكرێت".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP