ئەردۆگان هەڕەشەی داخستنی ئەنجەرلیك دەكات بەڕوی ئەمریكادا

- 12/15/2019 10:39:00 PM 2616 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە چوارچێوەی هەوڵەكانی ئەنقەرە بۆ رێگریكردن و وەڵامدانەوەی هەوڵەكانی واشنتن سەبارەت بە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو وڵاتەدا، سەرۆك كۆماری توركیا هەڕەشەی داخستنی ناوەندی ئەنجەرلیك دەكات، كە هێزە ئەمریكییەكان بەكاری دەهێنن.

وەڵامی هەر سزایەكی چاوەڕوانكراو دەدەینەوە

رەجەب تەییب ئەردگان، سەرۆك كۆماری توركیا لەمیانی چاوپێكەوتنیكی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی هابێرئا-ی توركیدا ئەمشەو یەكشەممە رایگەیاند "گرنگە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەبارەی پەیوەندییەكانیان لەگەل وڵاتەكەمان بڕیارێك نەدەن كە چارەسەری نەبێت، چونكە بە دڵنیاییەوە وەڵامی هەر سزایەكی چاوەڕوانكراو دەدەینەوە".

ئەگەر دۆخەكە پێویستی كرد و بەگرنگمان زانی، ناوەندی سەربازی ئەنجەرلیك دادەخەین

ئاماژەی بەوەشكرد "ئەگەر دۆخەكە پێویستی كرد و بەگرنگمان زانی، ناوەندی سەربازی ئەنجەرلیك دادەخەین كە لە ئێستادا ویلایەت یەكگرتوەكانی ئەمریكا بەكاریدەهێنێت، ئەگەریش هەیە هەمان رێكار بەرامبرە بنكەی سەربازی كوراجك ئەنجامبدەین كە یەكینەكانی سیستمی موشەكی ئەوروپا بەكاریدەهێنێت".

هەنگاوێكی سیاسییە كە هیچ سەنگێكی نیە

هاوكات ئەردۆگان بە توندی بڕیارەكەی كۆنگرێسی ئەمریكای سەبارەت بە جینۆسیادناساندنی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان سەركۆنەكرد كە لە ساڵی 1915دا لە لایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە ئەنجامدراوە و رایگەیاند "ئەوە هەنگاوێكی سیاسییە كە هیچ سەنگێكی نیە".
 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP