بەپەلە

وه‌زاره‌تی بازرگانی: ده‌مانه‌وێت كارگه‌كانی ناوخۆ به‌رهه‌مه‌كانیان زیاد بكه‌ن

- 12/14/2019 9:45:00 PM 1732 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێم جه‌خت له‌سه‌ر گرنگیدان به‌به‌رهه‌می ناوخۆ ده‌كاته‌وه‌و ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، " هه‌وڵمان خستۆته‌گه‌ڕ تا كارگه‌كان له‌سه‌ر پێی خۆیان بوه‌ستن و به‌رهه‌مه‌كانیان زیاد بكه‌ن".
یاسای پاراستنی به‌رهه‌می خۆماڵی پاڵپشتییه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پاراستنی به‌رهه‌مه‌ خۆماڵیه‌كان

 


به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێم، كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست خه‌ندان كه‌وتوه‌، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ فه‌رهه‌نگ خالید، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوان، به‌ نوێنه‌رایه‌تی وه‌زیری بازرگانی به‌شداریكردوه‌ له‌كۆنفڕانسی لقی سلێمانی یه‌كێتی هاورده‌و ناردنكاران و ڕایگه‌یاندوه‌، "یاسای پاراستنی به‌رهه‌می خۆماڵی پاڵپشتییه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پاراستنی به‌رهه‌مه‌ خۆماڵیه‌كان كه‌ له‌ساڵی 2015 ه‌وه‌ دامانمه‌زراندوه‌، ئه‌وه‌ی گرنگیشه‌ له‌گه‌ڵ یاسای پاراستنی به‌رهه‌می ناوخۆی عێراق دژ یه‌ك نه‌بێت، چونكه‌ كێشه‌ بۆ وه‌زاره‌ت و خاوه‌ن كارگه‌كانیش دروستده‌كات".
پێشنیازمان كردوه‌، یاساكه‌ی عێراق له‌هه‌رێمی كوردستانیش جێبه‌جێبكرێت

 

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی بازرگانی ئاشكراشیكرد، " پێشنیازمان كردوه‌، یاساكه‌ی عێراق له‌هه‌رێمی كوردستانیش جێبه‌جێبكرێت، به‌تایبه‌ت كه‌ رێككه‌وتنێك له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا هه‌یه‌ تایبه‌ت به‌وه‌ی، بڕیار له‌سه‌ر هه‌ر كاڵایه‌ك ده‌ربچێت پێویسته‌ هه‌موان پێوه‌ی پابه‌ند بن".

سه‌باره‌ت به‌هاورده‌كردنی كاڵاو گرنگیدان به‌كارگه‌ خۆماڵیه‌كان، فه‌رهه‌نگ خالید وتی: "هه‌وڵمان خستۆته‌گه‌ڕ تا كارگه‌كان له‌سه‌ر پێی خۆیان بوه‌ستن و به‌رهه‌مه‌كانیان زیاد بكه‌ن، لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ندیشمان هه‌یه‌، دوای هه‌ڵسه‌نگاندن ئه‌گه‌ر بزانین هه‌ر كارگه‌یه‌ك ده‌توانێت ته‌واوی پێداویستی هه‌رێمی كوردستان پڕ بكاته‌وه‌، ئێمه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین رێژه‌یه‌كی زۆر زیاتر پاراستن بۆ هاورده‌كردنی دابنێین و هه‌ندێكجاریش ئه‌گه‌ر پێویستی كرد ڕێگه‌ له‌هاورده‌كردنی ده‌گرین".


نیشانەکردن :

#ئابوری

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP