بەپەلە

هێزەكانی حەفتەر فڕۆكەیەكی حكومەتی ویفاق-یان خستە خوارەوە

- 12/13/2019 11:11:00 PM 4986 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هێزەكانی سوپای نیشتیمانی لیبیا لە هێرشەكانیاندا بۆ سەر تەرابلس-ی پایتەخت فڕۆكەیەكی حكومەتی ویفاق-یان خستە خوارەوە.
هێزە دژە ئاسمانییەكانیان توانیویانە فڕۆكەیەكی جەنگیی حكومەتی ویفاق بە سەرۆكایتی فایز سەرراج بخەنە خوارەوە

 

لە راگەیەندراوێكدا، هێزەكانی سوپای نیشتیمانی لیبیا بە سەرۆكایەتی خەلیفە حەفتەر رایانگەیاند "هێزە دژە ئاسمانییەكانیان توانیویانە فڕۆكەیەكی جەنگیی حكومەتی ویفاق بە سەرۆكایتی فایز سەرراج بخەنە خوارەوە".
چالاكییە سەربازییەكانیان بەرەو تەرابلس بەردەوامە و بەپێی پلانەكان دەڕوات بەڕێوە

 

هەر لەو چوارچێوەیەدا، وتەبێژی فەرمی ژوری چالاكییەكانی هێزەكانی حەفتەر، خالید مەحجوب رایگەیاند "چالاكییە سەربازییەكانیان بەرەو تەرابلس بەردەوامە و بەپێی پلانەكان دەڕوات بەڕێوە".

ئاماژەی بەوەشكرد "زانیاری زیاتر و ورد لەسەر چالاكییەكانیان ناخەنەڕو، لەپێناو پاراستنی نهێنی پلانەكانیان بۆ روبەڕوبونەوەی ویفاق و پاراستنی ژیانی سەربازانیان".

لیا خەلیفە حەفتەر، سەركردەی هێزی چەكداریی سوپای نیشتیمانی لیبیا ئێوارەی دوێنێ دەستپێكی جەنگێكی بەهێزی راگەیاند و داوای لە هێزە چەكدارەكانی كرد، دژ بە حكومەتی ویفاق لە لیبیا جەنگی یەكلاكەرەوە ئەنجامبدەن.

لەمیانی وتارەكەیدا بۆ هێزە چەكدارەكانی داوایكرد "حەرەمی ماڵەكان بپارێزن و دوربكەونەوە لە سامان و كەلوپەلی تایبەتی خەڵكی مەدەنی و سامانە گشتیەكان"، وتیشی "ئاڵای سەركەوتن هەڵدەكەین و زۆرداری و بێئومێدی دەسڕینەوە".

ماوەی چەند مانگێكە، حەفتەر بەردەوامە لە ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر چەكدارانی حكومەتی ویفاقی لیبیا بە سەرۆكایەتی فایز سەرراج، لە چەند رۆژی رابردوشدا كۆنترۆڵی هەریەك لە ناوچەكانی ساعدییە، كوبری، زەهرا و عەین زارە-ی كردوە كە دەكەونە باشوری تەرابلس-ی پایتەخت.


نیشانەکردن :

#ليبيا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP