پەرلەمانتارێکی کورد داوایەک ئاڕاستەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەکات

- 12/13/2019 1:08:00 PM 3294 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پەرلەمانتارێكی كورد لەسەر دانانی ئەو باڵیۆزانەی لەئێستادا لە وڵاتان شوێنەكانیان چۆڵە، داوایەک ئاڕاستەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەکات.

هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند،"لیستێكی رێژەیی لەلایەن پەرلەمانتاران و وەزارەتی دەرەوە ئامادەكراوە بۆ دیاریكردنی باڵیۆزەكانی عێراق لە ژمارەیەك لە وڵاتانی دەرەوە".

وتیشی،"تێپەڕاندنی ئەو لیستە ئاسان نیە و بەشێك لە كوتلەكان رەتیدەكەنەوە و زوڵم و ستەمێكی زۆری تێدایە، پێشنیارم كردوە، ئەو فەرمانبەرە پێشكەوتوانەی گەیشتونەتە پلەی وەزیر مفەوەز، ئەمانە بە هەمان موچەی خۆیان بە ناونانی باڵیۆز دابنرێن بەبێ ئەوەی موچەی باڵیۆزیان پێ بدرێت، بەم پێشنیارە هەم پارە بۆ دەوڵەتی عێراق دەگەڕێتەوە، هەم كۆمەڵێك خەڵكی بەتوانا و لێهاتو دەچنە ئەو شوێنانە، هەمیش لە هەمو پێكهاتەكان وەزیر مفەوەز هەیە لە كوردو عەرەب و شیعە و سونە و پێكهاتەكانی دیكەش"

ئەو پەرلەمانتارە كوردە وتیشی،"لەناو وەزارەتی دەرەوەی عێراق و لەناو كوتلەكانیش پێشوازییەكی زۆر لەم پێشنیارە كراوە، ئەوەی تا ئێستا لە دژی وەستاوەتەوە تەنها وەزیری دەرەوەیە، لەبەرئەوەی كۆمەڵێك كەس كاندیدن، وەزیری دەرەوە دەیەوێت ئەو كاندیدانە بكاتە باڵیۆز، ئەمە دوەمین جارە من ئەو داواكاریە پێشكەشدەكەم، پێویست بو بەبێ پێشنیاری ئێمەش وەزیر ئەمە جێبەجێ بكات، بەڵام وەزیری جێبەجێیی ناكات چونكە چاوی لەوەیە كۆمەڵێك خەڵك بكاتە باڵیۆز كە ئێستا كاندیدن. 

رۆژی 11/12/2019 وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بە بڕیاری محەمەد حەکیم وەزیری دەرەوەی عێراق 24 باڵیۆزی عێراق لە وڵاتان و پێنج فەرمانبەری پلە بەرزی وڵاتەکەی خانەنشین کراون و بڕیارەکەش لە کۆتایی ئەمساڵ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق وتیشی،" بە گوێرەی مادەی یەک و دو لە هەمواری یاسای خانەنشینی یەکگرتو ساڵی 2019 ئەو کەسانەی ناویان لە لیستەکەدا هاتوە رەوانەی خانەنیشنی دەکرێن.
 
بە گوێرەی یاسای خانەنشینی یەکگرتو کە مانگی رابردو پەرلەمانی عێراق پەسەندیکرد تەمەنی خانەنشینی بۆ 60 ساڵ کەمکراوەتەوە، هاوکات یاساکە هەلی دامەزراندن بۆ 139 هەزار کەس لەرەگەزی نێر، و 63 هەزارکەس لە رەگەزی مێ دەڕەخسێنێت، ئەوەش بە خانەنشینکردنی هەمو ئەو فەرمانبەرانەی تەمەنیان گەیشتۆتە 60 ساڵ دەستپێدەکات.

یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق لە ساڵی 2014  لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکراوە، بەپێی یاساکە هیچ خانەنشینێک نابێت، موچەکەی لە 400 هەزار دینار کەمتربێت و هەربەرپرسێکی حکومەت و پەرلەمان و پلە تایبەتەکان ئەگەر تەمەنی بگاتە 50 ساڵ و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت بە سەدا 80٪ موچەکەی خانەشنین دەبێت، بەڵام لە هەمواری یاساکەدا زۆرترین موچەی بنەڕەتی خانەنشینی پلە تایبەتەکان و بەرپرسانی حکومەت و پەرلەمان دوملیۆن دینار دەبێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP