میت رۆمنی: توركیا هێرشیكردوەتە سەر هاوپەیمانە كوردەكانمان و دەبێت سزای بدەین

- 12/12/2019 10:47:00 PM 15186 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

یەكێك لە سیناتۆرەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەسەر پشكی كۆمارییەكان رایگەیاند، حكومەتی توركیا هێرشیكردوەتە سەر هاوپەیمانە كوردەكانمان و دژ بە ئێمە كاردەكان، بۆیە پێویستە وەڵامی ئەو هەڵسوكەوتانەی بدەینەوە.

توركیا لە سوریا داگیركاری ئەنجامداوە و هێرشیكردوەتە سەر هاوپەیمانە كوردەكانمان

میت رۆمنی، سیناتۆر لەسەر پشكی كۆمارییەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، لە هەژماری فەرمی خۆی تویتێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند "توركیا لە سوریا داگیركاری ئەنجامداوە و هێرشیكردوەتە سەر هاوپەیمانە كوردەكانمان، ئێستاش دژ بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا سیستەمی موشەكی ئێس-400 ی روسی تاقیدەكاتەوە ".

رۆمنی نوسیویشیەتی "داوا لە هاوكارانم دەكەم پشتگیری لەو سزایانە بكەن لیژنەی كاروباری دەرەوە دژ بە هەڵوێستەكانی توركیا بەیانی ئەمرۆ دیاریكردوە".

چەند كاتژمێرێك پاش ئەو تویتەی رۆمنی، كۆنگرێسی ویلایەتە یەكگرتوەكان بە كۆی دەنگ و دژ بە حكومەتی توركیا پرۆژەیاسای بە جینۆساید ناساندنی كۆمەلكوژی ئەرمەنەكانی پەسەندكرد، كە ساڵی 1915 لە لایەن دەوڵەتی عوسمانیەوە ئەنجامدرا.

چوارشەممەی رابردوش، لیژنەی كاروباری دەرەوە لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا، لەسەر سەپاندنی سزا بەسەر توركیادا دەنگیدا و جەیمس ریچ، یەكێك لە سێناتۆرەكانی ئەو وڵاتە رایگەیاند "رەجەب تەییب ئەردۆگان، سەرۆك كۆماری توركیا، وڵاتەكەی بەرەو ئاقارێكی خراپ بردوە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP