حەفتەر: بەرەو تەرابلس بەڕێدەكەوین و سەركەوتن مسۆگەرە

- 12/12/2019 10:05:00 PM 16245 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەركردەی هیزی چەكداریی سوپای نیشتیمانی لیبیا، داوا لە هێزە چەكدارەكانی دەكات بەرەو تەرابلس-ی پایتەخت بەڕێبكەون و دەڵێت جەنگەكەمان جەنگێكی یەكلاكەرەوە دەبێت.

داوایكرد دژ بە حكومەتی ویفاق لە لیبیا جەنگی یەكلاكەرەوە ئەنجامبدەن

لیا خەلیفە حەفتەر، سەركردەی هێزی چەكداریی سوپای نیشتیمانی لیبیا ئێوارەی ئەمڕۆ دەستپێكی جەنگێكی بەهێزی راگەیاند و داوای لە هێزە چەكدارەكانی كرد، دژ بە حكومەتی ویفاق لە لیبیا جەنگی یەكلاكەرەوە ئەنجامبدەن.

حەفتەر لەمیانی لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا وتەكانی ئاڕاستەكرد، راشیگەیاند "جەنگەكە بەرەو تەرابلس-ی پایتەخت ئەنجامدەدرێت و ئەو ناوچە كۆنترۆڵدەكرێت، سەركەوتنیشمان مسۆگەرە".

ئاڵای سەركەوتن هەڵدەكەین و زۆرداری و بێئومێدی دەسڕینەوە

لەمیانی وتارەكەیدا بۆ هێزە چەكدارەكانی داوایكرد "حەرەمی ماڵەكان بپارێزن و دوربكەونەوە لە سامان و كەلوپەلی تایبەتی خەڵكی مەدەنی و سامانە گشتیەكان"، وتیشی "ئاڵای سەركەوتن هەڵدەكەین و زۆرداری و بێئومێدی دەسڕینەوە".

قەبارەی گەنجینەكانی چەكی توركیا و قەتەر كە لە لایەن هێزە چەكدارەكانمانەوە لە تەرابلس تیكشكێندراون زۆر گەورەیە

لە لایەكی دیكەوە، خالید مەحجوب، بەرپرسی ئیدارەی ئاراستەكردنی مەعنەوی چەكدارانی سوپای نیشتیمانی لیبیا رایگەیاند "قەبارەی گەنجینەكانی چەكی توركیا و قەتەر كە لە لایەن هێزە چەكدارەكانمانەوە لە تەرابلس تیكشكێندراون زۆر گەورەیە".

ماوەی چەند مانگێكە، حەفتەر بەردەوامە لە ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر چەكدارانی حكومەتی ویفاقی لیبیا بە سەرۆكایەتی فایز سەرراج، لە چەند رۆژی رابردوشدا كۆنترۆڵی هەریەك لە ناوچەكانی ساعدییە، كوبری، زەهرا و عەین زارە-ی كردوە كە دەكەونە باشوری تەرابلس-ی پایتەخت.


نیشانەکردن :

#ليبيا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP