روسیا هه‌ڵوێستی له‌سه‌ر دیاریكردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق راگه‌یاند

- 12/12/2019 9:44:00 PM 14329 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی له‌سه‌ر هه‌وڵی نێوان لایه‌نه‌كان بۆ دیاریكردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق ئاشكراكردو رایگەیاند، پشتیوانی له‌هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌كه‌ن كه‌ له‌ناوخۆی عێراق بنرێت بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ.
مۆسكۆ هیواخوازه‌ به‌رده‌وامی بدرێت به‌گفتوگۆكان و له‌ماوه‌ی دیاریكراوی ده‌ستوری عێراقدا كه‌سێك بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق هه‌ڵبژێردرێت

 

ماریا زاخارۆفا، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا رایگه‌یاند، "بۆ دیاریكردنی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق گفتوگۆی به‌رده‌وام له‌نێوان كوتله‌كانی په‌رله‌مانی عێراق هه‌یه‌، مۆسكۆ هیواخوازه‌ به‌رده‌وامی بدرێت به‌گفتوگۆكان و له‌ماوه‌ی دیاریكراوی ده‌ستوری عێراقدا كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ هه‌ڵبژێردرێت و ڕێكه‌وتنی كۆتایی له‌سه‌ر بكرێت".
 هیواخوازین رێکكه‌وتنی نێوان لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ببێته‌ هۆكار بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ی له‌ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن دروستبوە

 

ئاماژەی بەوشەکرد، ئەوان هیواخوازن رێکكه‌وتنی نێوان لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ببێته‌ هۆكار بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ی له‌ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن دروستبوه‌، چونكه‌ ئه‌و بۆشاییه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆسه‌ر بارودۆخی سیاسی ناوخۆی ئه‌و وڵاته‌.

یەکی ئەم مانگە، پەرلەمانی عێراق نامەی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق پەسەندکرد، ئەوەش دوای ئەوە دو رۆژ پێشتر لەوەڵامی وتەکانی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق نامەکەی پێشکەش کردبو.
چاره‌سه‌ری كێشه‌ سیاسییه‌كانی عێراق له‌ناوخۆی وڵاته‌كه‌دا بکرێت و به‌ده‌ستی عێراقییه‌كان بێت

 

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا پشتیوانی مۆسکۆی بۆ لایه‌نه‌كان و رێكه‌وتن دوپاتكرده‌وه‌ و بەگرنگی زانی "چاره‌سه‌ری كێشه‌ سیاسییه‌كانی عێراق له‌ناوخۆی وڵاته‌كه‌دا بکرێت و به‌ده‌ستی عێراقییه‌كان بێت".
هیوامان هه‌یه‌ به‌هاوڵاتیانی عێراقی كه‌ ئه‌م قۆناغه‌ تێده‌په‌ڕێنن و بچنه‌ قۆناغێكی نوێوه‌

 

زاخارۆفا وتیشی، "هیوامان هه‌یه‌ به‌هاوڵاتیانی عێراقی كه‌ ئه‌م قۆناغه‌ تێده‌په‌ڕێنن و بچنه‌ قۆناغێكی نوێوه‌، هاوڵاتیانی عێراق چیتر به‌رگه‌ی ململانێ و سیناریۆكان بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌یه‌كتر و ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی ناوچه‌كه‌ ناگرن".

ڕۆژی 15ی ئه‌م مانگه‌ ئه‌و ماوه‌ ده‌ستوریه‌ی دیاریكراوه‌ بۆ دیاریكردنی كاندیدی نوێی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق وه‌ك به‌دیلێك بۆعادل عه‌بدولمه‌هدی كۆتایی دێت.

عادلعه‌بدولمه‌هدی رۆژی 30ی مانگی ڕابردو ده‌ستی له‌پۆسته‌كه‌ی كێشایه‌وه‌، هه‌رچه‌ند لایه‌نه‌كان باس له‌چه‌ند ناوێك ده‌كه‌ن، به‌ڵام تا ئێستا رێكکه‌وتنی كۆتاییان له‌سه‌ر هیچ كاندیدێك بۆ جێگره‌وه‌ی نه‌كراوه‌.

نیشانەکردن :

#عێراق #روسیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP