بەپەلە

کۆنگرێسی ئەمریکا پڕۆژە یاسای جینۆسایدی ئەرمەنەکانی پەسەندکرد

- 12/12/2019 9:22:00 PM 9865 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە بڕیارێكی مێژوییدا، كۆنگرێسی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا پرۆژە یاسای بەجینۆساید ناساندنی  ئەرمەنەكانی پەسەندكرد.

سەرەڕای بەرهەڵستییەكانی ترەمپ و توركیا پرۆژەیاساكە پەسەندكرا

ئاژانسە هەواڵییەكانی جیهان ئەمشەو بڵاویانكردەوە، لە بڕیارێكی مێژوییدا و سەرەڕای بەرهەڵستییەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەت یەكگرتوەكانی ئەمریكا و وڵاتی توركیا، كۆنگرێسی ویلایەتە یەكگرتوەكان بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان كە لە لایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە ئەنجامدرا، بە جینۆساید بناسێنێت.

وا پێشبینی دەكرێت ببێتە هۆی ئاڵۆزبونی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا-توركیا

ئەو بڕیارە مێژوییەی كۆنگرێسی ئەمریكا، سەرەڕای ئەوەی وەرچەرخانێكی لە سیاسیەتی ئەمدواییەی ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتوەكاندا كرد، وا پێشبینی دەكرێت ببێتە هۆی ئاڵۆزبونی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا-توركیا، لەكاتێكدا حكومەتی ئەنقەرە بە توندی دژ بەو بڕیارەیە كە پێشتر لە لایەن حكومەتی فڕەنساوە پەسەندكرا.

چەندین دەیەیە، توركیا لەشكرێكی لە لۆبییەكانی رەوانەی ویلایەتە یەكگرتوەكان و وڵاتانی ئەوروپی ئەندام لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) كردوە، بە مەبەستی رێگریكردن لە بە جینۆسیاد ناساندنی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان، بەڵام ئەو هەوڵانە سەرەتا لە فڕەنسا و ئێستاش لە ئەمریكا سەركەوتو نەبون.

بە چاوی پڕ فرمێسكەوە روداوەكانی نێو جینۆسایدی ئەرمەنەكانی خوێندەوە

رۆبێرت مێنێندێز، یەكێك لە سێناتۆرەكانی ئەمریكا پاش پێكشەكردنی پرۆژە یاساكە بۆ دەنگدان لەسەری و دوای ئەوەی بە كۆی دەنگ بڕیار لەسەر پەسەن]كردنی درا، بە چاوی پڕ فرمێسكەوە روداوەكانی نێو جینۆسایدی ئەرمەنەكانی خوێندەوە.

رێكەوتی 24ی نیسانی 1915، گەلی ئەرمەن بە پێكهاتە جیاوازەكانی كلد و ئاشوری و ئێزدیەوە لە لایەن دەوڵەتی عوسمانیەوە كۆمەلكوژ كران و لەو پرۆسەیەدا زیاتر لە یەك ملیۆن و 500 هەزار كەس كۆمەلكوژكران.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP