"ئەم عەقڵیەتە ھی چاکسازی نیە، وانەیەک لە کاک نەوشیروانەوە"
عەلی حەمەساڵح: ئەوەی کراوە گەندەڵی خراپەکاریە، با پێکەوە چاکی بکەین

- 12/12/2019 9:07:00 PM 4989 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان باس لەو هێرشانە دەکات کە بەهۆی دواکەوتنی پرۆژە یاسای چاکسازی کراوەتە سەریان و رایدەگەیەنێت، "پرۆژە یاسای چاکسازی دواکەوت، ھەمو ڕۆژ بە بەرنامە ھێرش دەکرایە سەرمان و دەیانوت، ئەو پرۆژەی گۆڕان دەیوت، رێککەوتنم بۆ کردوە، درۆیە، کوا؟".

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دوێنێ چوارشەممە پرۆژە یاسای چاکسازی لە موچە، خانەنشینی و دەرماڵە پەسندکرد و ئەمڕۆش پڕۆژەکە رەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرا، بڕیاریشە هەفتەی داهاتو پەرلەمانی کوردستان بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەکە کۆببێتەوە.

پرۆژە یاسای چاکسازی دواکەوت، ھەمو ڕۆژ بە بەرنامە ھێرش دەکرایە سەرمان و دەیانوت، ئەو پرۆژەی گۆڕان دەیوت، ڕێککەوتنم بۆ کردوە، درۆیە، کوا؟

 

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکدا لە فەیسبوکی خۆی بەناونیشانی "ئەم عەقڵیەتە ھی چاکسازی نیە، وانەیەک لە کاک نەوشیروانەوە" نوسیوە و باسی لەوەکردوە، "پرۆژە یاسای چاکسازی دواکەوت، ھەمو ڕۆژ بە بەرنامە ھێرش دەکرایە سەرمان و دەیانوت، ئەو پرۆژەی گۆڕان دەیوت، ڕێککەوتنم بۆ کردوە، درۆیە، کوا؟، کە پرۆژەکەش پەسندکرا، دەڵێن، ھی ئێمەیەو ھی گۆڕان نیە!".

سێ مانگ پرۆژەکە دواکەوت، ئێمە نەھاتین بڵێن، کێ ڕێگرەو بۆ نایەت، ھەر ئەوانەی ڕێگربون خۆیان دەیانوت، ڕێێکەوتنی گۆڕان بۆ چاکسازی درۆیە

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "سێ مانگ پرۆژەکە دواکەوت، ئێمە نەھاتین بڵێن، کێ ڕێگرەو بۆ نایەت، ھەر ئەوانەی ڕێگربون خۆیان دەیانوت، ڕێێکەوتنی گۆڕان بۆ چاکسازی درۆیە، ئێمە ناڵێین ئەم پرۆژەو ئەو پرۆژانەی دیکەش لە ئایندەدا بڕیارە بێن، ھی گۆڕانە، چونکە ئامانجەکە لای ئێمە جێبەجێکردنی پرۆژەکەیە".

لە خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستاندا بەهۆی ململانێی لایەنە سیاسیەکانەوە نەتوانرا پڕۆژەیاسای چاکسازی تێبپەڕێندرێت، بەڵام لەم خولەکەدا پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوڕان کە پڕۆژەکە تێبپەڕێندرێت، دوای ئەوەی حکومەت پەسەندیکرد، چاوەڕواندەکرێت هەفتەی ئایندە لە پەرلەمانیش تێبپەڕێندرێت.

نەمانوتوە ئەم پرۆژە ھی ئێمەیەو کاتێک ئێمە لەسەرەتای دروستبونی گۆڕان باسماندەکرد، خەڵکی دیکە بەنایاسایی ھەزاران خەڵکی خانەنشین دەکرد

 

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان رونیکردەوە، "نەمانوتوە ئەم پرۆژە ھی ئێمەیەو کاتێک ئێمە لەسەرەتای دروستبونی گۆڕان باسماندەکرد، خەڵکی دیکە بەنایاسایی ھەزاران خەڵکی خانەنشین دەکرد، ناڵێین، ئەو کاتەی ئێمە باسی ئەم گەندەڵی و نادادیەمان دەکرد، بەیانیان لەسەر دەردەکردین و دەیانوت، چەواشەکاری دەکەن، ئێمە ئامانجمان چاکسازیە لەسەرجەم بوارەکان بۆیە دەڵێین، ئەوەی کراوە لە ڕابردوداو گەندەڵی خراپەکاریە، با ئێستا بەیەکەوە چاکی بکەین".

ساڵی 2011 ئێمە ئۆپۆزسیۆن بوین، شەش پاکێجمان پێشکەش کرد بۆ چاککردنی حوکمڕانی، وتمان، فەرمو خۆتان بیکەن و خاوەنی بن

 

عەلی حەمەساڵح باس لە روداوەکانی ساڵی 2011 دەکات و دەڵێت، "ساڵی 2011 ئێمە ئۆپۆزسیۆن بوین، شەش پاکێجمان پێشکەش کرد بۆ چاککردنی حوکمڕانی، وتمان، فەرمو خۆتان بیکەن و خاوەنی بن، گرنگ ئەوەیە ئەم دۆخە چاک ببێت، ئەوکات ھەندێک کەس دەیوت، نابێت ئەم کارەبکەن، کاک نەوشیروان وتی، ھیوادارین ئەوان بیکەن، ئامانجێ ئێمە چاکسازیە".

لە ساڵی 2009 بۆ ئێستا، فراکسیۆنی گۆڕان دەیان پرۆژەی چاکسازی پێشکەش کردوەو ھەرگیز بیرمان لەوە نەکردوەتەوە بڵێن، کێ دەبێتە خاوەنی، چونکە ئامانجە گەورەکە چاکسازی بو

 

ئەوەشی خستەڕو، "لە ساڵی 2009 بۆ ئێستا، فراکسیۆنی گۆڕان دەیان پرۆژەی چاکسازی پێشکەش کردوەو ھەرگیز بیرمان لەوە نەکردوەتەوە بڵێن، کێ دەبێتە خاوەنی، چونکە ئامانجە گەورەکە چاکسازی بوە، لە 2014 ەش ئەوەی ئێستا لەم پرۆژەدا زۆرێکی جێگیرکراوەو زۆریشی ماوە بکرێت، لە کۆبونەوەکانی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ ھاوڕێکانمان خستمانەڕو تا پرۆژەکە لەدایکبو، ڕۆژێکیش نەھاتین بڵێین تەنیا ئێمەین خراپەکاریەکانی ئەوان لادەبەین، چونکە ئەم عەقڵیەتە بۆ تێکدانە نەک چاککردن".

بەپێی پڕۆژەیاسای چاکسازی، لیستی موچەی موچەخۆران پاکتاودەکرێت و دەرماڵەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق هاوتا دەکرێت

 

بەپێی پڕۆژەیاسای چاکسازی، لیستی موچەی موچەخۆران پاکتاودەکرێت و دەرماڵەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق هاوتا دەکرێت و هەروەها پلە تایبەتەکان بە 15 ساڵ خزمەت و 50 ساڵ تەمەن خانەنشین دەکرێن و ئەنجومەنی راژە دادەمەزرێت.

پێکەوە دەمانەوێت دۆسیەی خاڵە سنوریەکان و دۆسیەی نەوت و باج و وەبەرھێنان چاکسازی تێدا بکەین

 

عەلی حەمە ساڵح دەشڵێت، "ھەرکەس وتی، ئەوە بەتەنیا منم چاکسازی دەکەم، دڵنیابە ئامانجەکە تێکدانە، پێکەوە دەمانەوێت دۆسیەی خاڵە سنوریەکان و دۆسیەی نەوت و باج و وەبەرھێنان چاکسازی تێدا بکەین".

جەختیشدەکاتەوە، "ئامانجەکە چاکسازیە، کێ پشتیوانیەتی با پرۆژەکە ھی ئەو بێت، بەڵام لە کوێ گەندەڵی ونادادی ھەبوو قسەی جدیمان لەسەری دەبێت".


نیشانەکردن :

#گۆڕان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP