"پێویستە لەگەڵ کوردانی سوریا رێککەوین و بە ئاشتی بژین"
بەرپرسێکی تورکیا: لە ساڵی 2012ەوە ئەنقەرە نەوت لە یەپەگە دەکڕێت

- 12/12/2019 2:10:00 PM 17593 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رۆژنامەی ئەلمۆنیتۆر لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات تورکیا ماوەیەکی زۆرە سەرەتا بە رێگەی راستەوخۆ و ئێستاش لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە نەوت لە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەکڕێت، دەشڵێت "پێویستە لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بگەینە رێککەوتنێک و نەوت بەشێکی گرنگی رێککەوتنەکە دەبێت".

بەشێکی نەوتی سوریا لە کێڵگەی رمێلان لە باکوری سوریا رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت و دواتریش رەوانەی تورکیا دەکرێت

 

رۆژنامەی ئەلمۆنیتۆر لە راپۆرتێکدا کە دوێنێ چوارشەممە بڵاویکردوەتەوە لە زاری بەرپرسێکی باڵای تورکیاوە ئاماژەی بەوەکردوە، بەشێکی نەوتی سوریا لە کێڵگەی رمێلان لە باکوری سوریا رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت و دواتریش رەوانەی تورکیا دەکرێت.

هەرچەندە بەرپرسانی رۆژائاڤای کوردستان هەواڵێکی لەو شێوەیەیان بە فەرمی رەتکردوەتەوە، بەڵام هەناردەکردنی نەوتیان لە پێشوتردا رەتنەکردوەتەوە بە تایبەت کە نەوتی سوریا لە رێگەی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە رەوانەی تورکیا کرابێت.

بازرگانی نەوتی سوریا ناڕونە چونکە رێککەوتن لەسەر نەوت رەتدەکرێتەوە

 

سەرچاوەیەکی ئەمریکیش بە رۆژنامەکەی راگەیاندوە، بازرگانی نەوتی سوریا ناڕونە چونکە رێککەوتن لەسەر نەوت رەتدەکرێتەوە، بەڵام جۆرێک لە رێککەوتنیش بۆ هەناردەکردنی نەوت بە نهێنی هەیە، لە هەمان کاتیشدا ژمارەیەکی بەرچاو کەس و لایەنی نێوەنگیر هەیە کە پشتیوانی لە دوبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی سوریا بۆ تورکیا دەکەن.
ئەلمۆنیتۆر رونیدەکاتەوە لە ئێستادا بەشێکی نەوتی سوریا بە تەنکەر رەوانەی ناوچەکانی دهۆک و هەولێر لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەکرێت و "زۆربەی ئەوانەش کە بەو کارە هەڵدەستن بازرگان و کەسانی نزیکن لە بەرپرسانی حکومی لە سوریا و تورکیا و عێراق". 

هەناردەکردنی نەوتی سوریا بۆ تورکیا بەر لە ساڵی 2012

رۆژنامەی ئەلمۆنیتۆر لە زاری بەرپرسێکی هەواڵگری تورکییەوە ئاماژەی بەوەکردوە، "سەرەتای مانگی تەموزی 2012 یەکینەکانی پاراستنی گەل مامەڵەی فرۆشتنی نەوتیان لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای نەوتی تورکیا لە ناوچەکانی قامشلۆ و کۆبانی و عەفریندا کردوە  وئەوەش وایکرد دیمەشق تورکیا بە دزینی نەوتی وڵاتەکەی تۆمەتبار بکات".

پێویستە لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بگەینە رێککەوتنێک کە بەیەکەوە بە ئاشتی بژین، نەوتیش بنەمای سەرەکی و هەرە گەورەی ئەو رێککەوتنە دەبێت

 

لەگەڵ شکستهێنانی گفتوگۆکانی نێوان عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پەکەکە و تورکیا، فرۆشتنی نەوتی سوریا بۆ تورکیا راستەوخۆ وەستاوە، ئەو بەرپرسەی تورکیا رونیشکردوەتەوە، "پێویستە لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بگەینە رێککەوتنێک کە بەیەکەوە بە ئاشتی بژین، نەوتیش بنەمای سەرەکی و هەرە گەورەی ئەو رێککەوتنە دەبێت، رەنگە ئەوەش کۆتایی بە جەنگی 35 ساڵە لەگەڵ پەکەکە بهێنێت".


ئەلمۆنیتۆر سەبارەت بە رێژەی هەناردەکردنی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هەسەدەش دەڵێت، لە ئێستادا رۆژانە 300 تەنکە نەوت کە نزیکەی شەش بۆ هەشت هەزار بەرمیل نەوت لە خۆدەگرێت بە نرخێکی زۆر کەمتر لە نرخی بازاڕ "نزیکەی 20 دۆلار" رەوانەی کوردستانی عێراق دەکرێت و بەشێک لەو نەوتەش رەوانەی تورکیا دەکرێت.

تورکیا ترسی لە درێژبونەوەی بونی هێزی کورد لە سوریا هەیە و چاودێری گەشەکردنیان دەکات، بە تایبەت دوای بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ مانەوەی بەشێک لە ‌هێزەکانی لە باکوری سوریا بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان و گەڕانەوەی داهاتەکەی بۆ هێزەکانی هەسەدە کە کورد و یەپەگە زۆرینەی پێکدەهێنن.

داوایان لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کردوە کڕیارانی نەوتی سوریا رابگرێت بە قسەی ئەردۆگان روسیاش پشتیوانی ئەو هەنگاوەی دەکات

 

هاوکات رەجەب تەیب ئەردۆگانیش رونیکردوەتەوە کە داوایان لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کردوە کڕیارانی نەوتی سوریا رابگرێت بە قسەی ئەردۆگان روسیاش پشتیوانی ئەو هەنگاوەی دەکات، رۆژنامەی زەمانی تورکیش سەبارە بە دۆسیەی راگرتنی نەوت نوسیویەتی، "هەر هەنگاوێک ناکۆکی نێوان ئەمریکا و تورکیا زیاتر بکات  وهانی کورد بدات تا گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشقدا بکات جێگەی پێشوازی مۆسکۆیە، دۆسیەی نەوتیش بەلای مۆسکۆ لەو چوارچێوەیە دایە".

بونی نەوت لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکاندا رۆڵێکی گرنگی لە دابینکردنی پێداویستییەکان و بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەدا هەبوە کە هێزەکان بە درێژایی جەنگی هەشت ساڵەی سوریا بەڕێوەیان بردوە، هێزەکانی هەسەدەش زۆرینەی کات ناوچەیەکی فراوانی نەوتیان لەژێر دەستدا بوە و بۆ پەرەپێدان بە هێزەکانیان، خزمەتگوزارییەکان و دابینکردنی موچە فەرمانبەرانی ئیدارەی خۆسەر سودیان لێ بینیوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP