فیرقەی وەڵامدانەوەی خێرا: سێ پەناگەی داعش و چەندین ناوچەی شاخاوی لە نێوان دوزخورماتو و کفری کۆنتڕۆڵکران

- 12/12/2019 1:44:00 PM 1080 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نوسینگەی راگەیاندنی فیرقەی وەڵامدانەوەی خێرا سەر بە سوپای عێراق رایگەیاند، لە هەڵمەتێکدا سێ پەناگەی داعشیان لەناوبردوە و ناوچەیەکی فراوانیشیان لە نێوان هەردو قەزای دوزخورماتو و کفریدا کۆنتڕڵکردوە کە ئەو گروپە بەنیازبون بیکەنە بنکەی سەرەکی هێرشەکانیان.

لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی دەست خەندان کەوتوە، نوسینگەی راگەیاندنی فیرقەی وەڵامدانەوەی خێرا سەر بە سوپای عێراق رونیکردوەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزێکی هاوبەشی لیوای سێی فیرقەی وەڵامدانەوەی خێرا و دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتیمانی ناوچە شاخاوییەکانی نێوان هەردو قەزای دوزخورماتو و کفریان پشکنیوە و لە ئەنجامدا سێ پەناگەی داعشیان لەناوبردوە.

ئەوەش هاتوە، لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکەدا روبەرێکی فراوانی ناوچەی شاخاوی لە نێوان گوندە و شارەدێکانی نێوان هەردو قەزاکە کۆنتڕۆڵکراون کە شانە نوستوەکانی چەکدارانی داعش بە ئامانجی خۆ رێکخستنەوە و ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هێرشی چەکداری بەکاریانهێناوە.

لە بارەی جموجۆڵەکانی ئەم دوایەی چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی خانەقین و کوڵەجۆش عەمید دلێر شکور، فەرماندەی لیوای سێی پیادەی هێزەکانی پێشمەرگە، بەخەندان-ی ڕاگەیاند، " بەهۆی ئەو هێرشانەی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا کرایە سەر لیوای سێی پیادە و  بۆ زیاتر پارێزگاریکردن لەم سنورە، هێزێکی تایبەتی بەرگری لەلیوای شازدە هێنراوەتە سنوری کوڵەجۆ و خانەقین و ئەو ناوچانەی کە ئەگەری جمجۆڵی داعشی تێدا ڕودەدات."

ئەوەش لە کاتێکدایە هەرچەندە ماوەی دو ساڵە کۆتایی هاتنی داعش لە عێراقدا راگەیەنراوە، بەڵام شانە نوستوەکانی ئەو چەکدارانە ناوە ناوە هێرشدەکەن سەر سەنگەرەکانی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، بەو هۆکارەش ژمارەیەک شەهید و برینداری لێکەوتوە، بەرپرسانی پێشمەرگەش هۆکاری سەرەکی جموجۆڵەکانی داعش بۆ بونی بۆشایی لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەدا لە ناوچەکانی پارێزگای دیالە دەگەڕێننەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP