سەرۆك بەرهەم و حەلبوسی لەسەر یەكلاكردنەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆدەبنەوە

- 12/12/2019 1:17:00 PM 3886 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بڕیارە ئەمڕۆ، سەرۆك بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەسەر یەكلاكردنەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆببنەوە.

سەرچاوەیەکی سیاسی عێراقی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی راگەیاند، ئەمڕۆ دکتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقدا کۆدەبێتەوە و پرسی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی تاوتوێ دەکەن.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردوە، هەر ئەمڕۆ کۆبونەوەیەک لە نێوان سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمان و سەرکردەی هێزە سیاسییەکانی عێرقدا بەڕێوەدەچیت و دۆسیەی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی لە ناو پەرلەمانی عێراقدا یەکلایی دەکرێتەوە.

سەبارەت بە ئەگەری یەکلایکردنەوەی ناوی سەرۆک وەزیرانی داهاتوی عێڕاقیش ئەو سەرچاوە سیاسییە رونیدەکاتەوە، "کۆبونەوەکە ناوی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش تێیدا یەکلایی دەکرێتەوە ئەوەش بە ئامانجی پێکهێنانی حکومەتی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت بە گوێرەی یاسایەک کە جێگەی رەزامەندی خۆپیشاندەران بێت".

لە ئێستادا پرسی یەکلایکردنەوەی ناوی سەرۆک وەزیرانی عێراق و پرسی شێوازی هەڵبژاردنی پێشوەخست دو پرسی جێگەی ناکۆکن لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێڕاق لەناوخۆیاندا لەلایەک و خۆپیشاندەرانی ناڕازای عێراق لەلایەکی دیکەوە، لە ئێستاشدا چاوەکان لەسەر هەوڵەکانی سەرۆکایەتییەکان و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانە بۆ ئەوەی ناوی کەسێک بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق دیاریبکەن کە مەرج و رەزامەندی خۆپیشاندەران، مەرجەعەییەت، پێکهاتەکانی عێراق و وڵاتانی دراوسێی لەسەر بێت.

لە وتاری هەینی رۆژ 29ی تشرینی دوەمدا نوێنەری عەلی سیستانی، مەرجەعییەتی باڵای شیعەکانی عێراق رایگەیاند، داوای رێوشوێنی نوێی بۆ وەڵامدانەوەی خۆپیشاندەران کرد، لە وەڵامیشدا بۆ وتارەکەی مەرجەعییەت پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژ عادل عەبدولمەهدی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی بڵاوکردەوە.

یەکی ئەم مانگەش کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبونی 241 پەرلەمانتار بەڕێوەچو و دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی پەسەندکرد، هاوکات داواشی لە سەرۆک کۆماری عێراق کرد کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دیاریبکات.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP