ئەنجومەنی وەزیران رونکردنەوە لەسەر دەنگۆی دەستکاریکردنی دەرماڵەی فەرمانبەران و هیزەکانی ناخۆ دەدات

- 12/12/2019 12:48:00 PM 38307 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەنگۆی دەستکاریکردنی دەرماڵەی فەرمانبەران و هیزەکانی ناخۆ کە لەلایەن هەندێک کەس لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان باس دەکرێت لە چوارچێوەی پرۆژەیاسای چاکسازی دورن لە راستیەوە، دەشڵیت پێویستیان بە چەندین پڕۆژەی چاکسازی هاوشێوە هەیە لە بواری خەرجییەکانی بەکارخستن، گرێبەستە حکومیەکان وخەرجی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.
پڕۆژە یاسای چاکسازیی زادەی کاری هاوبەشی هەمو دڵسۆزانە وەک یەک تیم، هەق نیە کەس بیکات بە هەوڵی کەسی خۆی بۆ موزایەدە

 

ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "پڕۆژە یاسای چاکسازیی زادەی کاری هاوبەشی هەمو دڵسۆزانە وەک یەک تیم، هەق نیە کەس بیکات بە هەوڵی کەسی خۆی بۆ موزایەدە، ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێکی باشە بە ئاڕاستەی ڕێکخستنەوەی خەرجییەکانی کەرتی وەزیفە وخزمەتی گشتی لەسەر بنەمای دادپەروەریی وشایستەبوون، بەڵام کافیی نیە وهێشتا چاکسازیی تەواوی ئەم کەرتە کاری زیاتری لەم پڕۆژە یاسایە دەوێت."

ئاماژەی بەوەشکردوە، "تکاموایە کە ئەو پڕۆژە و تەحلیل و تەفسیرانەی دەکرێت لە سۆشیال میدیا سەبارەت بە پڕۆژەکە گوێیان لێ مەگرن بە تایبەتی ئەوەی دەوترێت لەسەر دەڕماڵەی فەرمانبەران و پێشمەرگە و پۆلیس وهێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، سەر لەبەری ناڕاستە و لە ماوەی داهاتوودا بە وردیی قسە لەسەر بڕگەکانی پڕۆژەکە دەکەم بەو شێوەی پەسەندکرا، هەق نیە کەسیش بە ناشارەزایی قسە لەسەر ئەم بابەتانە بکات و سەر لە خەڵک تێکبدات وبیانخاتە دڵەڕاوکێ."

چاکسازیی لە دارایی گشتی پێویستی بە هەنگاوی لەم شێوەیە هەیە بۆ بواری داهات و خەرجییەکانی دیکەش

 

سەبارەت بە هەنگاوەکانی دواتر کابینەی نۆیەم پەیوەست بە پرسی چاکسازی سکرتێری ئەنجومەن رونیدەکاتەوە، "چاکسازیی لە دارایی گشتی پێویستی بە هەنگاوی لەم شێوەیە هەیە بۆ بواری داهات و خەرجییەکانی دیکەش لە بواری خەرجی گشتی وەک خەرجییەکانی بەکارخستن و گرێبەستە حکومیەکان وخەرجی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانیش، سەرەڕای چاکسازیی ئیداری لەم هەیکەلیەتە قەبەیەی حکومەت و ڕێکخستنەوەی میلاک و وەسفی وەزیفیش."

ئەمڕۆش رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داوای لە پەرلەمانتاران کرد کە لە دانیشتنی ئاسایی رۆژی دوشەممەدا ئامادەبن، هەرچەندە سەرۆکی پەرلەمان کارنامەی دانیشتنەکەی بڵانەکردوەتەوە، بەڵام دوای ئەوەی ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیاسای چاکسازی رەوانەی پەرلەمان کرد بۆ پەسەندکردنی، چاوەکان لەسەر ئەوەن پەرلەمانی کوردستان لە نزیکترین کاتدا کۆبونەوە بۆ پڕۆژەیاسای چاکسازی بکات و پەسەندی بکات.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP