نرخی نەوت لەبازارەکاندا بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە

- 12/12/2019 10:20:00 AM 3387 جار خوێندراوەتەوە

خەندان -       

نرخی نەوت لەبازارەکانی جیهاندا بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی، بەهۆی کەمبونەوەی نەوت لەکۆگا نەوتیەکانی ئەمریکا و بەرزبونەوەی ئەگەرەکانی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن وڵاتانی ئۆپیک و هاوپەیمانەکانی لەسەرەتای ساڵی داهاتو2020دا.

بەپێی هەواڵێکی رۆیتەرز، ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت 24 سەنت زیادیکردوە لە دوایین مامەڵەدا بە 63.96 دۆلار مامەڵەی پێوەکراوە، واتا بەڕێژەی %0.4 بەرزبوەتەوە. 

لە هەمانکاتیشدا نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکا 2 سەنت زیادیکردوە و بە 58.85 دۆلار مامەڵەی پێکراوە، واتا بەرێژەی 0.2%  بەرزیوەتەوە.

پێنجی ئەم مانگە رێكخراوی وڵاتانی وەبەرهێنی نەوت(ئۆپێك) و وڵاتانی هاوپەیمانی رێككەوتون لەسەر كەمكردنەوەی رێژەی وەبەرهێنانەكانیان بۆ نیو ملیۆن بەرمیل نەوت رۆژانە، بۆ پاڵپشتیکردن لە بەرزکردنەوەی نرخی نەوتی خاو لەبازاڕەکاندا، کە لەماوەی رابردودا بەهۆی ناکۆکیە بازرگانیەکانی نێوان واشنتن و پەکین بەردەوام لە دابەزیندابو.

لەهەمانکاتدا راگەیەنراوە پیشەسازیەکانی ئەمریکا ئاماژە بە کەمبونەوەی بڕی نەوتی عەمبارکراوی ناو کۆگاکانی نەوتی ئەمریکا دەدە بەڕێژەیەکی بەرچاو،ئەمەش هۆکارێکی دیکەی بەرزبونەوەی نرخی نەوت بو لەبازاڕەکانی جیهاندا.

لە16 مانگی رابردودا ناکۆکیە بازرگانیەکانی نێوان واشنتن و پەکین کاریگەریەکی گەورەی لەسەر پەکخستنی گەشەسەندنی ئابوری بازاڕکانی جیهان و کەمبونەوەی نرخی نەوتی خاو بەڕێژەیەکی بەرچاو هەبوە، بەڵام وابڕیارە 15 ی ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەگەڵ گەورە راوێژکارەکانی ئەمریکا کۆبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی بابەتی باجە گومرکێکانی وڵاتەکەیان لەسەر بەرهەمەکانی وڵاتی چین، بەمەش بازاڕەکانی جیهان گەشەسەندنیان بەخۆوە بینی.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP