ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا پشتیوانی لە سەپاندنی سزا بەسەر تورکیادا دەکات

- 12/12/2019 9:18:00 AM 2518 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا پشتیوانی لە پڕۆژەیاسایەک کرد کە رێگە بە سەرۆکی ئەمریکا دەدات بەهۆی هێرشکردنە سەر باکوری سوریا  وکڕینی سیستەمی ئێس 400  سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنێت، لیژنەکە داواش لە دۆناڵد ترەمپ دەکات رێکاری توندتر بەرامبەر ئەنقەرە بگرێتەبەر.
پرۆژەكە دەرفەتێکە بۆ گۆڕینی رەفتاری تورکیا

 

لە کۆبونەوەی دوێنێیدا لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسای "بەهێزکردنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش لە ساڵی 2019"ی پەسەندکرد و جیم ریش سەرۆکی لیژنەکەش کە سەر با پارتی کۆمارییەکانە دەڵێت، "پرۆژەكە دەرفەتێکە بۆ گۆڕینی رەفتاری تورکیا".

لیژنەکە بە زۆرینەی 18 دەنگ پڕۆژەیاساکەی پەسەندکرد و لەبەرامبەریشدا چوار دەنگی نەخێری وەرگرت، یەکێک لەوانەی دەنگی بە پڕۆژەکە نەداوە راند پۆڵ ئەندامی کۆمارییەکانە، پۆڵ لەبارەی دەنگنەدانی بە پرۆژەکە وتی "ئەو پرۆژەیە بەربەستی زیاتر بۆ سەرۆک دروستدەکات بە تایبەت لە کاتی گفتوگۆکانی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیادا لە بارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر سوریا  و کڕینی سیستەمی ئێس 400 ی روسی".

لە کاردانەوەی ئەو بڕیارەشدا تورکیا هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هەر سزایەکی ئەمریکا کرد و جەختی لە بەردەوامی کڕینی سیستەمی بەرگری ئێس 400 ی روسی کردەوە، لەو بارەیەوە سەرۆکایەتی تورکیا رایگەیاندوە، "ئەندامانی کۆنگرێس چاوەکانیان بەستوە و گوێیەکانیان لە ئاستی راستییەکاندا داخستوە".

پێشوتریش ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسای سەپاندنی سزاکانی بەسەر تورکیادا لەسەر هەمان دو دۆسیە بە دەنگی 403  ئەندام پەسەند کرد و رەوانەی سەرۆکی وڵاتەکەی کردوە، هەرچەندە ترەمپ یاساکەی پەسەند کردوە بەڵام جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی یاساکەی راگرتوە بەمەستی گەشتن بە رێککەوتنێک لە رێگەی گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەنقەرەدا.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP