پەرلەمانتارێكی پارتی: حكومەتی هەرێم سەرجەم قەرزەكانی وەردەگرێتەوە

- 12/12/2019 9:12:00 AM 1592 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

شوان زراری، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراكسیۆنی پارتی وتی،"حكومەتی هەرێم سەرجەم قەرزەكانی لە سەرمایەدارو خاوەن كۆمپانیاكان وەردەگرێتەوە كە بڕەكەی 740 ملیار دینارە".

شوان زراری، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی،"لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردودا حكومەتی هەرێم بەمەبەستی گەشەسەندن و پێشخستنی بواری وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان قەرزی بە ژمارەیەك لە سەرمایەدار و خاوەن كۆمپانیاكان داوە و بەشێکیان تا ئێستاش ئەو قەرزەی حکومەتیان نەگەڕاندوەتەوە."

راشیگەیاندوە،"حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە هەمو ئەو قەرزانەی كە لە لای سەرمایەدار و خاوەن كۆمپانیاكانە، وەریانبگرێتەوە، كە بڕەكەی 740 ملیار دینارە."

ئاشكراشیكردوە،"لە ماوەیەکی نزیکدا حكومەت كاتێك دیاریدەكات، و دەرفەتیشیان پێدەدات بۆ ئەوەی حیسابی خۆیان بكەن و لە ماوەی دیاریكراویش پارەكە بگەڕێننەوە، ئەگەر ‌نەشیگەڕێننەوە، ئەوا توشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبن و دەخرێنە لیستی ڕەش و دەست بەسەر موڵك و ماڵیاندا دەگیرێت."
 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP