وەزارەتی دەرەوەی عێراق 29 باڵیۆز و فەرمانبەری باڵای وەزارەتەکەی خانەنشین دەكات

- 12/12/2019 8:49:00 AM 1738 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بە بڕیاری محەمەد حەکیم وەزیری دەرەوەی عێراق 24 باڵیۆزی عێراق لە وڵاتان و پێنج فەرمانبەری پلە بەرزی وڵاتەکەی خانەنشین کراون و بڕیارەکەش لە کۆتایی ئەمساڵ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، بە گوێرەی مادەی یەک و دو لە هەمواری یاسای خانەنشینی یەکگرتو ساڵی 2019 ئەو کەسانەی ناویان لە لیستەکەدا هاتوە رەوانەی خانەنیشنی دەکرێن لیستەکەش بە عەلا‌و حسێن باڵیۆزی عێراق لە لوبنان دەستپێدەکات و بە خەلیل جندی وەزیری تایبەتمەند (پلەیەکە لە بالیۆخانەکاندا هەیە و بواری کارکردنی لە باڵیۆزی وڵاتەکەی فراوانترە) لە فلیپین کۆتایی هاتوە.

بە گوێرەی یاسای خانەنشینی یەکگرتو کە مانگی رابردو پەرلەمانی عێراق پەسەندی کرد تەمەنی خانەنشینی بۆ 60 ساڵ کەمکراوەتەوە

 

ئەوەش لە کاتێکدایە بە گوێرەی یاسای خانەنشینی یەکگرتو کە مانگی رابردو پەرلەمانی عێراق پەسەندی کرد تەمەنی خانەنشینی بۆ 60 ساڵ کەمکراوەتەوە، هاوکات یاساکە هەلی دامەزراندن بۆ 139 هەزار کەس لەرەگەزی نێر، و 63 هەزارکەس لە رەگەزی مێ دەڕەخسێنێت، ئەوەش بە خانەنشینکردنی هەموو ئەو فەرمانبەرانەی تەمەنیان گەیشتۆتە 60 ساڵ دەستپێدەکات.

یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق لە ساڵی 2014  لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکراوە، بەپێی یاساکە هیچ خانەنشینێک نابێت، موچەکەی لە 400 هەزار دینار کەمتربێت و هەربەرپرسێکی حکومەت و پەرلەمان و پلە تایبەتەکان ئەگەر تەمەنی بگاتە 50 ساڵ و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت بە سەدا 80٪ موچەکەی خانەشنین دەبێت، بەڵام لە هەمواری یاساکەدا زۆرترین موچەی بنەڕەتی خانەنشینی پلە تایبەتەکان و بەرپرسانی حکومەت و پەرلەمان دوملیۆن دینار دەبێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP