بەهۆی هێرشێکی چەکدارییەوە 60 سەربازی نێجیری گیانیان لەدەستدا

- 12/11/2019 11:37:00 PM 2468 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشێکی چەکداری کرایە سەر بنکەیەکی سوپای نێجیریا لە ناوچەی ئیناتیس کە ناوچەیەکی سنورییە لەگەڵ وڵاتی مالی، بەهۆیەوەش 60 سەربازی نێجیری گیانیان لە دەستداوە  و حکومەتیش باری نائاسایی لە وڵاتەکەیدا راگەیاند.

ئاژانسی هەواڵی فڕەنسا بڵاویکردەوە، بە گوێرەی سەرچاوە ناوخۆییەکان ئێوارەی ئەمڕۆ گروپی چەکداری سەر بە توندڕەوەکان هێرشیانکردوەتە سەر بنکەیەکی سەربازی سوپای نێجیریا و بە موشەک ناوچەکەیان بۆردومان کردوە، بەوهۆیەش 60 سەربازی نێجیری گیانیان لە دەستداوە، ئەوەش بەرزترین ئامارە لە ریزی سوپای نێجیریادا لەو کاتەوەی لە ساڵی 2015 ئەو وڵاتە روبەروی شەڕی توندڕەوەکان بوەتەوە.

بەهۆی هێرشەکەش ئیسوفۆ مەحمەدو سەرۆکی نێجیریا بەشداریکردنی لە کۆنگرەی ئاشتی بەردەوام، ئاسایش و گەشەپێدانی ئەفریقا کە بڕیارە لە مسڕ بەڕێوەبچێت هەڵوەشاندەوە و گەڕایەوە بۆ نیامی پایتەخت، لای خۆشیەوە حکومەتی نێجیریا باری نائاسایی لە وڵاتەکەیدا درێژکردەوە کە لە ساڵی 2017ەوە بەهۆی روبەروبونەوەی لەگەڵ توندڕەوان رایگەیاندوە.

هەرێمی تاهوا لە نێجیریا دراوسێی وڵاتی مالییە و لە ماوەی رابردودا روبەروی چەند هێرشێکی توندڕەوەکان بوەتەوە، بەو هۆکارەش ماوەی دو مانگە رێگە بە تیمە فریاگوزارییەکان نادرێت بەبێ هاوەڵی یەکەی سەربازی سەردانی ئەو ناوچانە بکەن، توندڕەوان هێرشەکانیان لە بیابانەکانی نێوان مالی، نێجیریا و بۆرکینیا چڕکردوەتەوە سەرەڕایی بونی هێزەکانی فڕەنساش لە ناوچەکدا لە چوارچێوە هێزێکی نێودەوڵەتیدا بۆ روبەربونەوەی مەترسی گروپە توندڕەوەکان.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP