پەرلەمانی عێراق دەنگدانی لەسەر پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنەکان دواخست

- 12/11/2019 10:56:00 PM 1809 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی ئامادەنەبونی نیسابی یاسایی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق نەیتوانی گفتوگۆ لەسەر پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنەکان بکات و لەسەر داوای لیژنەی یاسایی دانیشتنەکەی بۆ رۆژی دوشەممە دواخرا، دەشڵێت "کوتلە گەورەکان لەگەڵ هەڵبژاردن لەسەر ئاستی قەزاکاندا نین".

سەرۆکی پەرلەمان پێشنیازی کرد بەشێک لە بڕگەکانی پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنەکان گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت، بەڵام رەتكرایەوە

شیروان میرزا، ئەندامی فڕاکسیۆنی یەکێتی پەرلەمانی عێراق لەسەر هۆکاری بەڕێوەنەچونی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بە خەندان-ی راگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بەهۆی نەبونی نیسابی یاسایی دانیشتنێکی "تشاوری" ئەنجامدا و سەرۆکی پەرلەمان پێشنیازی کرد بەشێک لە بڕگەکانی پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنەکان کە کۆدەنگی لەسەرە گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت، بەڵام لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە رەتکرایەوە".

فراکسیۆنە گەورەکان نایانەوێت پرۆسەی هەڵبژاردنەکان لەسەر ئاستی قەزاکان بکرێت

سەبارەت بە هەڵوێستی کوتلەکانیش لە بارەی یاساکە ئەو پەرلەمانتارە رونیکردەوە " پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ناکۆکی زۆری لەسەرە و فڕاکسیۆنە گەورەکان نایانەوێت پرۆسەی هەڵبژاردنەکان لەسەر ئاستی قەزاکان بکرێت، بۆیە سەرۆکی پەرلەمان داوای لە لیژنەی یاسایی کرد بۆچونی فڕاکسیۆنەکان لەوبارەیەوە وەربگرێت و سیغەیەکی هاوبەش کە رەزامەندی هەمو لایەنەکانی لەسەر بێت ئامادە بکات".

لیژنەی یاسایی داوایان لە سەرۆكی پەرلەمان كردوە تا دوشەممەی داهاتو مۆڵەتیان پێبدرێت

لەبارەی کاتی دانیشتنی داهاتوی پەرلەمانیش لەسەر پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق شیروان میرزا باسی لەوەکرد، لیژنەی یاسایی داوای لە محەمەد حەلبوسی،  سەرۆکی پەرلەمان کرد تاوەکو رۆژی دوشەممە مۆڵەتیان پێبدرێت بۆ ئەوەی بتوانن کار لەسەر لێکنزیکردنەوەی بوچونەکان بکەن، سەرەڕای ئەوەش کە بۆچونی فڕاکسیۆنەکان لەبارەی ناوەڕۆکی یاساکە لە یەکتری جیاوازە.

لەئێستادا پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی پەسەندکردنی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانەو بەوهۆیەوە ناکۆکی زۆر لەنێو لایەنەکاندا هەیە، کێشمەکێشیمی لایەنەکان بۆ ئەوەیە زۆرترین بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەو یاسایەدا جێبکەنەوە، لەولاشەوە شەقامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک هێشتا جمەی دێت و داواکاری خۆیان هەیە.

ئەمڕۆش ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، داواکاری خۆپێشاندەران لە یاساکەدا ئەوەیە کە عێراق بکرێتە فرەبازنەیی و جیاکردنەوەی دەنگەکانیان بە شێوەی دەستی بێت، ئەوەش لەلایەن بەشێک لە لایەنەسیاسییەکانەوە سەرنجی لەسەرە و قبوڵکراو نیە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی خەندان هەردو کوتلەی سائیرون و حیکمە پشتیوانی لە داواکاری خۆپیشاندەران لە یاساکەدا دەکەن کە بریتیە لە گۆڕینی بازنەی هەڵبژاردنەکان بۆ فرە بازنەیی و نەمانی لیستی حزبی، بەڵام هاوپەیمانی فەتح و سونەکان و بەشێک لە فڕاکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ ئەو بوچونەدا نین و پێیانوایە بەو هەنگاوە پارتە گەورەکان زیان دەکەن.

بە گوێرەی پێشنیازی ژمارەیەک پەرلەمانتار، بۆ گەشتن بەرێککەوتنێک لە نێوان فڕاکسیۆنەکان و خۆپیشاندەراندا، داواکراوە لەسەدا %50-ی ئەندامانی پەرلەمان لە رێگەی تاکە کەسیەوە هەڵبژێردرێن و %50 شیان لە رێگەی لیستی حزبەکانەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP