سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ نێردە و دێپلۆماتكارانی وڵاتان کۆبونەوە

- 12/11/2019 10:15:00 PM 2430 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هەریەك لە سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ باڵیۆز و نێردە و دێپلۆماتكاری وڵاتانی دەرەوە، لە شاری هەولێر كۆبونەوەیان ئەنجامدا و دۆخە هەرێمی كوردستان و ناوچەكەیان تاوتوێكرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، لە گەڵ کونسوڵ و نێردە و نوێنەر و دیپلۆماتكاری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆبونەتەوە و لە كۆبونەوەكەدا باس لەوەكراوە بەرنامەی چاکسازی بە شێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و  لە هەمانکاتیشدا کابینەی نۆیەم کار دەکات بۆ هەمەجۆرکردنی ئابوری هەرێمی کوردستان و گەشەپێدانی وەبەرهێنان لە هەمو کەرتەکاندا.

هەرێمی کوردستان ئامانجی ئەوەیە رێککەوتنێکی گشتگیر و هەمەلایەنە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بکات

لە بارەی پەیوەندی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵیشدا مەسرور بارزانی رونیکردوەتەوە، هەرێمی کوردستان ئامانجی ئەوەیە رێککەوتنێکی گشتگیر و هەمەلایەنە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بکات کە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان وعیراقدا بێت.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، ئامادەبوان پشتگیریی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دوپات کردوەتەوە، بەتایبەتی لە روبەڕوبونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش و سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشیان کردوە بۆ میوانداریکردنی ئاوارە و پەنابەران.


نیشانەکردن :

#هه‌رێمی‌ كوردستان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP