"درێژەدانە بە دەسەڵاتی رژێمی پێشو"
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی جەزائیر و كاردانەوەكانی خۆپیشاندەران

- 12/11/2019 9:49:00 PM 2808 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- هیوا عەبدوڵا

دوای تێپەڕبونی هەشت مانگ بەسەر دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولعەزیزی بوتەفلیقەی سەرۆکی پێشوی جەزائیر، بڕیارە سبەینێ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە جەزائیر بەڕێوەبچێت و پێنج کەس خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندید کردوە کە سێ لەو کاندیدانە پلەی باڵایان لەسەردەمی حکومەتەکانی پێشودا هەبوە.

دژ بە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکانیش ئەمڕۆ چوارشەممە، بەشێک لە هاوڵاتیانی جەزائیر لەبەردەم دادگای دەستوری وڵاتەکەیان گردبونەوە و داواکاربون هەڵبژاردنەکە دوابخرێت و فشارەکانیان بۆ سەر دەسەڵاتی ئێستای وڵاتەکەیان زیاتر کردوە.

هەڵبژاردنەکەی سبەینێ دوای تێپەڕبونی هەشت مانگ بەسەر دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولعەزیزی بوتەفلیقەی سەرۆکی پێشوی جەزائیردا دێت لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بۆ هەڵبژاردنەکەی رۆژی پێنج شەممە جۆرێک لە درز کەوتوەتە نێوان خۆپیشاندەران کە هەڵسوڕێنەری سەرەکیی دۆخی ئێستای جەزائیرن و داوای دیموکراسی و ئازادی دەکەن، لە بەرامبەریشدا رژێمی پێشو دەخوازێت لە رێگەی کۆمەڵێک کەسایەتی نزیک لە خۆی کە کاربەدەستی باڵا بون لە حکومەتەکانی پێشودا جارێکی دیکە بگەڕێتەوە سەر حوکم، دوای ئەوەی ماوەی 20 ساڵە کۆنتڕۆڵی زۆرینەی جومگەکانی جەزائیری کردوە.

لە بەرامبەریشدا چالاکوانانی خۆپیشاندانەکان پێیانوایە ئەوانەی خۆیان کاندیدکردوە ناتوانن گۆڕانکاری لە ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی خەڵکی جەزائیردا بکەن، چونکە خۆیان درێژەپێدەری هەمان رژێمی پێشون، بەتایبەتی کە دو لەو کاندیدانە پێشوتر سەرۆک وەزیر و دوانی دیکەش لە حکومەتەکانی پێشودا وەک وەزیر کاریان کردوە.

لە هەڵبژاردنی سبەینێدا پێنج کەس خۆیان کاندید کردوە، کە ناوی هەمویان بە پیتی "ع" دەستپێدەکات بۆیە بە پێنج عەینەکە ناسراون، ئەوانیش پێکهاتون لە عزەدین میهوبی تەمەن 60 ساڵ کە رۆژنامەنوس و شاعیرە و ساڵی 2015  و 2019 وەزیری رۆشنبیری جەزائیر بوە، کاندیدی دوەم عەبدولقادر بن قەرین-ی تەمەن 57 ساڵە و سەرۆکی هاوپەیمانی بونیادی نیشتیمانییە، لە ساڵی 1997  بۆ 1999  وەزیری گەشتوگوزار بوە.

کاندیدی سێیەم عەبدومەجید تبونی تەمەن 74  ساڵە کە سەرۆک وەزیرانی جەزائیر بوە بۆ ماوەی سێ مانگ لە ساڵی 2017دا و دواتر دەستیلەکارکێشایەوە، کاندیدی چوارەمیش عەلی بن فلیسە کە تەمەنی 74  ساڵە و پێشوتر سەرۆک وەزیرانی جەزائیر بوە لە نێوان ساڵانی 2000 بۆ 2003 لە سەردەمی سەرۆکایەتی عەبدولعەزیزی بوتەفلیقەدا.

عەبدولعەزیز بەلعید، کاندیدی پێنجەمی سەرۆکایەتی جەزائیرە و تەمەنی 56 ساڵە و پێشوتر ئەندامی پارتی دەسەڵاتدار بوە و دواتریش پارتی بەرەی سەربەخۆکانی پێکهێناوە، لە هەڵبژاردنی 2014دا توانیویەتی %3ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.

مانگی نیسانی ئەمساڵ عەبدولعەزیز بوتەفلیقە، لە تەمەنی 82 ساڵیدا و دوای 20 ساڵ لە سەرۆكایەتی وڵاتی جەزائیر دەستیلەکارکێشایەوە، دەستلەکارکێشانەوەکەشی لە کاتێکدابو لە ساڵی 2013 ەوە توشی جەڵتەی مێشك بوە و لەدوای ئەو روداوە دۆخی تەندروستی بە تەواوی تێكچوبو،  خەڵکی جەزائیر پێیانوابو چیتر توانای بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی نەماوە.


نیشانەکردن :

#جەزائیر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP