منداڵێکی دیكەی ئێزدی لە دەستی داعش رزگارکرا

- 12/11/2019 9:27:00 PM 4300 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بە هاوكاری نوسینگەی رفێندراوەكانی دەستی داعش لە دهۆك، منداڵێكی دیكەی رفێندراو لە توركیا رزگاركرا.

ئامینا قاسم خەلەف،  خوشکی منداڵە رزگاربوەکە بەخەندان-ی راگەیاند، "دوای هەوڵدان لەگەڵ نوسینگەی رفێندراوەکانی دەستی داعش لە دهۆک، براکەم بەناوی بێوار قاسم خەلەف، کەتەمەنی شەش ساڵە، لە وڵاتی تورکیا رزگارکراوە".

هێشتا دایك و باوك و خوشك و برایەكی دیكەم چارەنوسیان نادیارە

ئامینا قاسم ئاماژەی بەوەشكرد "ئێستا براكەم لای ئێمەیە لە کەمپی مام رەشا، لە سنوری پارێزگای دهۆک، لەكاتێكدا هێشتا دایك و باوك و خوشك و برایەكی دیكەی من چارەنوسیان نادیارە".

هاوكات خوشكی ئەو منداڵە رزگاربوە داوا لە حکومەتی هەرێمی كوردستان  و حكومەتی عیراق و کومەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات، زیاتر کار بۆ دیاریکردنی چارەنوسی كەسوكاری بکەن.

ساڵی 2014 لە کاتی هاتنی چەکدارانی رێكخراوی تێرۆریستی داعش بۆ قەزای شنگال و دەوروبەری ، شەش هەزارو 417 کچ و ژن و منداڵی ئێزدی کەوتنە دەست چەکدرانی داعش، تا ئێستاش سێ هەزارو 528 كەس لەوانە رزگارکراون.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP